ئیمزاكان كۆكرانەوە، پێویستە پارتی و خاوەن ئیمزاكان چی بكەن

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی

-

پرسی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگر و هەر وەزیرێك، بەتەواوی پرسێكی ئاسایی و یاسایی و پەرلەمانیە، ئەسڵەن دەنگدان بە كابینەی حكومەت كاری یەك ڕۆژی پەرلەمانە بەڵام لێپرسینەوە كاری سەرەكی هەموو ڕۆژەكانی پەرلەمانە، لە پاڵ یاساداناندا 

بەداخەوە ئەو پرسە، زۆر نا ئاسایی مامەڵەی لەگەل دەكرێت، لە پرسێكی پەرلەمانی و یاساییەوە كراوەتە پرسێكی حیزبی و تەنانەت شەخسیش.
لە ئێستادا ژمارەی پێویست بۆ ئەوەی پرسی پرساندنی حكومەت كۆكراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەرگرێت و دابماڵرێت لە شەری شەخسەكان و حیزبەكان و حساباتی ناكۆكیەكانیان لەسەر گومرگ و قاچاخی و زۆرشتیتر بە دەستكەوتی نەتەوەی پێمان نەفرۆشنەوە پێویستە تەندروست مامەڵەی لەگەڵ بكەین

لێرەدا دەمەوێت ڕوو لە پارتی و فراكسیۆنەكەی و دەستەی سەرۆكایەتی بڵێم

پێویستە پارتی وەك حیزبی یەكەم و زۆرینەی پەرلەمانی پرساندنی سەرۆكی حكومەت زۆر ئاسایی وەرگرێت و نەك دژی نەوەستێتەوە بەڵكو دەبێت كاری بۆ بكات و فراكسیۆنەكەشی قسەی جدی بكات، چونكە بۆ خۆشیان دەڵێن گەندەڵی هەیە و پرسی چاكسازیش بەو شێوازە بانگەشە بۆكردنە فراوانە نیشانی ئەوەیە ئەوانیش باوەڕیان بە بوونی گەندەڵی بە قەبارەی گەورە هەیە

بەرای من دژایەتی پرساندنی حكومەت كاری سەرەكی پەرلەمانە و چونە سەنگەری دژایەتی پرساندن واتە باوەڕ نەبوون بە كارێكی پەرلەمانی و یاسایی گرنگ، وە ئەو حەساسیەتەی پارتی لە ڕابردوودا لە مەسەلەی پرساندنی سەرۆكی حكومەتدا وایكردوە كە هەمیشە پەرلەمان سەرقاڵیەكی لابەلای بۆ دروست ببێت و ژمارەیەك كەسیش لە پاڵ ڕاستگۆیی و بوێری هەندێك پەرلەمانتاردا، ببنە قسەكەر و بەرگریكار كە بۆ خۆیان بەشێكن لە گەندەڵی، بەڵام ناكۆكی حیزبی و شەخسی و حەساسیەتی فراكسیۆنی پارتی بە پرساندن تێكەڵیەكی نادروستی دروستكردوە

بۆیە پێویستە لەمڕۆ بەدواوە پارتی و فراكسیۆنەكەی مەسەلەی پرساندنەكە بە ڕێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆی وەرگرن و كاری لەسەر بكەن، بە پێچەوانەشەوە حكومەت دەتوانێت بە داتاو ئاماری دروست وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە و تەواوی هەنگاوەكانی پرسی چاكسازیش ڕۆشن بكەنەوە.

من دەزانم فراكسۆنی پارتی ترسیان لەوە نیە كە متمانە لە سەرۆكی حكومەت وەرگیرێتەوە، چونكە ئەوە ڕوو نادات و لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت پێویستی بە ٧٤ دەنگە و لە زۆرترین و هێزترین بەرەی لێسەندنەوەدا بە یەكیەتیشەوە ناگەنە %٤٠ و بە پێچەوانەشەوە جێگرو وەزیرەكان. لەبەردەم مەترسی تۆڵەی فراكسیۆنی پارتیدا دەبن و دەكەونە بەردەم مەترسی لێسەندنەوەی متمانە چونكە پێویستی بە ٥٠+١ ، بۆیە حەقە بپرسین پارتی ترسی لە چی هەیە؟ لە كەسایەتی؟

لە ڕاستیدا شكۆ و كەسایەتی بەهەڵە مامەڵەی لەگەل كراوە، شكۆ پەیوەستە بە سەركەوتن و شكستی كابینەوە، ڕێژەی ڕازیبونی خەڵك لە كابینەیەك پەیوەستە بە كەسایەتیەكانی ئەو كابینەوەیەوە ئەمە بۆ زۆربەی دامەزراوە گشتیەكان دروستە، بۆیە لێپرسینەوە و وەڵام و وەڵام كاری هیچ لە كەسایەتی كەسێك كەم ناكاتەوە، وەك چۆن وەسف و گۆرانی بۆوتن و پیاهەڵدان كەسایەتی بنیاد نانێن و بەسلبی دەشكێنەوە، 
ترسێكی تری فراكسیۆنی پارتی موزایەدە و وەك خۆیان. دەڵێن پۆپۆلیست بوونە، دەترسێت پرسی لێپرسینەوەكە بەلاڕێدا ببرێت و گرژی لێ بكەوێتەوە، بۆ ئەمەیان ڕەنگە پارتی زەرەر نەكات بە ئەندازەی خەڵك و پرۆسەی كەوتنە سەر سكەی پەرلەمانی

بۆیە پێویستە بۆ ئەمەیان ڕوو لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بكەین و رووی قسەكانمان بكەینە ئەوان، چونكە ڕەنگە بەتەنیشت هەڵەیەكی بچوكەوە پرسێكی گەورە لەبار ببرێت و جارێكیتر بچێتەوە گیرفانی ئەوانەی سودمەندی ژێرپەردەی گەندەڵین 

ئەوەی پێویستە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئیمزای پرساندنیان كردوە و ئەوانەشی كەنەیانكردوە لەبەر فراوان نەبوونی ناكۆكی نێوخۆیی حیزبەكانیان بەڵام پڕبەدڵ حەز بە پرساندنەكەدەكەن و خواستیانە، پەرلەمانتارانی بەڕێز، ئێوە پرسێكی ئاسایی و یاساییتان دەست بۆ بردوە و ئەوەی ئێوە كردوتانە زۆر پەرلەمانیانەیە و ئەركی ئێوەیە كە چۆن متمانەتان داوە بە حكومەت ئاواش لێی بپرسنەوە و یەك یەك بانگهێشتیان بكەن بۆ پەرلەمان، گەر باوەڕتان هێنا بەوەی كە شایەنی ئەو متمانەیە نەبوون ئەوا دەنگ بە پێچەوانەكەی بدەن. 

دەبێت پەرلەمانتاران لە هەموو ئەو شتانەی كە دەزانن پرسەكە بەلاڕێدا دەبات خۆیان بپارێزن و ڕێگری لێبكەن، چونكە زۆرجار دروستكردنی گرژی بەقازانجی دەسەڵاتە، ڕاستە لە ڕووكاردا خەڵك چەپڵە بۆ بوێری لێ ئەدا بەڵام بەرای من بوێری و سەنگەری خەڵك بوون لە پەرلەماندا دۆزینەوەی كەلێنە یاساییەكانە، كۆكردنەوەی زۆرترین و كۆڵنەدان و مامەڵەكردنی ژیرانەو یاساییانەیە، دەستبردنە بۆ پرسی گرنگ بە شێوازی ئاسایی خۆی، ئازایی نەكەوتنە ژێر فشار و مامەڵە نەكردنە بە دەنگی خەڵكەوە، بۆیە كاری پەرلەمانی پشووی درێژ و ژیری زۆری دەوێ، ئێوە دەبێت خۆتان لە ئیستفزازكردن دوور بگرن، بەلای مەسەلە شەخسیەكاندا مەچن، ئێوە نوێنەری گەلێكن و بۆ بەرگری لە خەڵك لەوێن، لە تەسفیەحساباتی شەخسی گەڕێن بۆ خۆیان، لە كاتی قوڵبونەوەی ناكۆكی شەخسیدا بەشێك مەبن لێی، ئەوە لادانە لەكاری پەرلەمانی، پرسیار بكەن و زانیاریەكان بەبەڵگە بەدرۆ بخەنەوە و بەبەڵگە قسەكانتان بسەلمێنن، بەڵام پۆپۆلیست بوون و قسەكردن بۆ لایك و كۆمێنت و فەیسبوك نە قازانجی بۆ خەڵك هەیە و نە پەرلەمان و نەزەرەریش لە یەكیەتی و پارتی دەدات، ئێوە كاری پەرلەمانی خۆتان بكەن، مەهێڵن پەرلەمان ببێتە بارەگایی حیزبی و خۆشتان حیزبیانە ڕەفتار مەكەن، كە بیر دەكەنەوە پرسێك بوروژێنن، با بنەمای بیركردنەوەتان بەرژەوەندی خەڵك بێت، نەك لەسەر بنەمای ئەوەی پارتی بەچی ئیستیفزاز دەبن، خەڵك كاری بە ئیستفزاز نیە و چەندین ساڵە ئەوە مومارەسە دەكەین و هیچی سەوز نەكرد، خەڵك پێویستی بە پەرلەمانی ئەكتیڤ و پەرلەمانتاری راستگۆیە كە پیشەییانە كار بكات، نەك پەرلەمانتارێك چاوی گومرگی ئیبرایم خەلیل نەبینێت و باسی باشماخ بكات، پەرلەمانتارێك قاچاخی و گەندەڵی پەروێزخان و باشماخ و كێلێ بە ئاسایی بزانێت و باسی قاچاخی جگەرەی دهۆك بكات، ڕەنگە ئیتر بەسبێت و خەڵك باشتر لە جاران بەرچاوی ڕوونە،

 پەرلەمانتار دەبێت محامی بەرژەوەندی خەڵكبێت، كە بوە بەشێك لە ململانێ حیزبی و شەخسیەكان، ئیتر كارەكەی بەلاڕێدا بردوە و غەدری لە پەرلەمانیش كردوە، هەر بۆیە پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی شەرعی و باڵای وڵات ناتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ڕۆژێك لە لق دەچێت و ڕۆژێكیش لە مەڵبەند، ئەمەش ڕاستە یەكیەتی و پارتی لێی بەرپرسن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و حیزبەكانیتریش پشكیان هەیەو كەوتۆنەتە ڕەد فیعلێكی هەڵەوە و بەدیوەكەیتردا هەمان هەڵەی یەكیەتی و پارتیان كردوە، وەك ئەوە وایە دراوسێیەك دزی لە دراوسێكی دەكات، ئەم ئەگەرچی حەقی لای دراوسێكەیەتی و دزی لێكراوە، دێت و لەبری ڕێكاری یاسایی و ئاسایی، دەچێت دزی لە دراوسێكەی دەكاتەوە، ئەوە لە خاوەن ماڵێكی دزی لێكراوەوە دەیكاتەوە بەدز بەڵام دزێكی دزی لێكراو،

بۆیە پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگر و وەزیرەكان، بكەنە دەرفەتێكی باش و نمونەیەكی باشی پەرلەمانی لە لێپرسینەوە، لەدەرەوەی میدیا و بە گرتنە بەری ڕێكاری دوورخستنەوەی موزایەدە، بۆئەوەی ئەو ڕۆژە ببێتە ڕۆژی لێپرسینەوە نەك ڕۆژی موزایەدە و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت، ئەوەی دەتوانن و دەبێت پەرلەمانتار بیكات بیكەن و بیڵێن، دواجاریش دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانە بدەن، جا كە زۆرینە نین ئەوە خەتای ئێوە نیە و تا قۆناغێكیتر بە ئێوە ڕاست ناكرێتەوە و دەبێت ڕێگایتر بگرنەبەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif