ئەوەی چوو چوو، ئێستا چی بكەین

ليست هناك تعليقات

سەرتیپ جەوهەر
-
چەند رۆژێكە چاوپێكەوتن و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی رابردوو بەشێك لەمیدیاكان و تەنانەت خەڵكێكی زۆری لەتۆڕی كۆمەڵایەتی سەرقاڵ كردووە. ئەمە لەكاتێكدایە كە دەنگۆیەك هەیە حكومەت بەكڕی دەیەوێت زیاتر لە 21%ی موچەی فەرمانبەران ببڕێت.
من قسەم لەسەر تۆمارو گیڕانەوەی مێژوو نییە، چونكە "ئەگەر راستین!" پێویستە بنوسرێنەوە. بەڵكو قسەم لەسەر تەوقیتی بڵاوكردنەوەو وروژاندنی كۆمەڵێك پرسی هەستیاری رابردووە كە هیچ پەیوەندی بەئەولەویاتی ژیانی ئێستای خەڵكی كوردستانەوە نییە كە لەئێستادا پێویستیان بەدابینكردنی موچەی تەواو و خزمەتگوزاریی و دەرونێكی ئارام هەیە.
سەروەختێك بۆ بیربردنەوەی برسێتی و نەبوونی خەڵك و چاونەبڕینە سەر گەندەڵیی و خراپییەكانی حكومڕانیی، هەندێك لایەن لەمیدیاكانیان خەڵكی كوردستانیان بەگرژیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو دروشمە نەتەوەییەكان سەرقاڵ دەكرد، ئێستاش گێڕانەوەی یادەوریی و بەسەرهاتەكانی خەباتی چەكداریی و هەندێك چیرۆك، خزمەت بەهەمان مەبەست دەكات، لەوە واوەتر ئاڵۆزیی كۆمەڵایەتیی و سیاسیشی لێدەكەوێتەوە كەهەموومان دەزانین ئەو گرژیانە پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە نییە! باشترە لەبری ئەو یادەوەریانە لەئێستادا قسە لەسەر خراپی حكومڕانیی و بڕینی قوتی فەرمانبەران و ئەولەویاتی ژیانی خەڵك بكرێت نەك پرس و بابەتێك كە هیچ لەژیانی هاوڵاتیان ناگۆڕێت.
ئەم یادەوریانەو بەیاننامەو وڵام و وڵامكاریانەش چەند رۆژێكی دیكەیەو تێدەپەڕێت، دوو رۆژی دیكە دیسان پرسی بڕینی موچەی خەڵك و نەبوونی و خراپی حكومڕانی و دێتەوە بەرباس، كورد وتەنی (باوك مردوو خەوی لێدەكەوێت، بەڵام سك برسی خەوی لێناكەوێت) بۆیە ئەو یادەوریانەش هێندە بڕ ناكەن.
لەبری باسكردنی رابردوو، پێویستە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە بەشداری سەرەكی حكومڕانییە لەهەرێم، پرسی چارەسەری موچەی خەڵك و گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكاتە ناونیشانی سەرەكی كاركردنی، قسەیەكی جددی هەبێت لەسەر ئەو پرسە، چونكە خەریكە نزیكدەبینەوە لەسەری ساڵ و تائێستا رێككەوتن نەكراوە، هۆكاری رێكنەكەوتنەكەش بەتەنها پێداگریی و (ئیستغلالكردن)ی بارودۆخی كوردستان نییە لەلایەن بەغدا، بەڵكو گرێی سەرەكی ئەو رێككەوتن و گرێبەستانەیە كە كاربەدەستان بەناوی خەڵكی هەرێم لەگەڵ توركیاو چەند كۆمپانیایەك كردویانەو كوردستانیان گیرۆدەو داماوی ئەو رێككەوتنانە كردووە. دەبێ یەكێتی قسەیەكی لەسەر ژیانی خەڵك هەبێت و ئاوڕ لەرابردوویەك نەدرێتەوە كە بەهەڵدانەوەی جگە لەهەوڵی بەلاڕێدابردن و سەرقاڵكردن هیچی دیكەی لێ‌ شین نابێت. قسەیەكی كوردیش هەیە دەڵێت (ئەوەی چوو، چوو) واتە ئەوەی رۆیشت ئیدی ناگەڕێتەوە. ئێستا چی بكەین بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif