فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد: دەست لە پەرلەمان هەڵدەگرین با ئەوانیش دەست هەڵگرن

ليست هناك تعليقات




راگەیەندراوێک لە فراکسێۆنی گۆڕانی ئەنجومەنی 

نوینەرانی عێراقەوە




‎دوا بەدوای کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 5/ 9/ 2020 فراکسیۆنی گۆڕان بە ئامادەبونی تێکرای ئەندامەکانی لە شاری بەغدا کۆبوەوە و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاراستەی رایگشتیی و جەماوەری گۆڕانخوازی کوردستان دەکات :




‎یەک: جەخت لەسەر ناوەرۆکی راگەیەندراوی پێشوی فراکسێۆن لە ۸/۲٠ دەکەینەوە و دوپاتی دەکەینەوە کە کابینەیەی (نۆ)ی حکومەتی هەرێم شکستی خواردوە و ئەجێنداکانی دژی خەڵک و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بکشێتەوە.




‎سەبارەت بەو قسانەیش کە بەناوی رێکخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمیی بڵاوکراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێمەی کردوە، دەمانەوێ بە رونی رایبگەیەنین کە ئیمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتوە، بەڵام هەمومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەکاربکێشینەوە ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و رێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵبکەن، هیچ کام لە ئێمەش چاومان لە هیچ پۆستێکی حزبیی و حکومی و پەرلەمانی نیە و وەک گۆڕانخوازێکی ئاسایی دەمێنینەوە، بەڵام لە هەر پێگە و جێگەیەکدا بین داکۆکی سەرسەخت لەو فکر و بنەما سەرەتاییانە دەکەین کە گۆڕانمان بۆ دامەزراند.




‎دو: نیگەرانین لەو ئاستە نزمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆنی گۆڕان کە لە کۆبونەوەی جڤاتدا کراوە و، جێگەی هەڵوەستەی جدیمانە لەبری لێپرسینەوە لە تیمی گۆڕان لە حکومەت بەتایبەت لە پرسی لێبرینی موچەی فەرمانبەران کە سیستمێکی زۆرەملێی نایاساییە و سەپێنراوە، بەڵام لە بری ئەوە پەلامارێکی ئاست نزمی فراکسێۆنەکەی ئێمە دراوە کە سەرسەختانە داکۆکی لە ماف و موچە و ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێم و بەغدا دەکات و راستگۆیانە بەرگری لە پرەنسیپەکانی گۆڕان دەکات.




‎سێ: ئێمە بە هەستکردن بە نیگەرانیی خەڵک داوامان کردوە کە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە، ئەمەشمان بە بەیاننامە و روبەڕوش لە کۆبونەوەی جڤات دوپاتکردۆتەوە، بەڵام بێ هیچ دەنگدان و راپرسی و رێزگرتنێک لەو داوایە، وتەبێژی گۆڕان مانەوەی گۆڕانی لە حکومەت راگەیاند و شیوازی مامەڵەکەشیان لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆن دەرخەری داخستنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر ئەو بابەتە لە لایەن ئەوانەوە و ئەمەش وایکرد کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵیاندا هەڵپەسێردرێت.




‎چوار: فراکسێۆنی گۆڕان لە کۆبونەوەکەیدا جەختی لە چەند پرسێک کردەوە کە چالاکانە کاریان لەسەر دەکات وەک پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ۲٠۲٠ و ۲٠۲۱ و ، یاسا هەستیارەکانی وەک هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی.

‎هەروەک فراکسێۆن بە دواداچونی تەواو دەکات بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی جوتیاران و هەمو ئەو مافەدەستوریانەی کە هەرێم هەیەتی.

دەمانەوێ رونبێ کاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە داکۆکی لە خەڵک و دەنگدەری خۆمان بکەین لە سەر ئاستی عێراق، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە هەرێم شەر لەسەر گەیشتنی ئەو ماف و شایستانە بە هاوڵاتیان دەکەین و لە بەغدا و هەولێر چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵی و بەفیرۆدانێک ناکەین.




فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 

۷ی ئەیلولی ۲٠۲٠

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif