بازرگانی دەستی دوو و شوقەی پاتاڵ و گەندەڵی

ليست هناك تعليقات

عوسمان گوڵپی
-
ساڵانی ڕابردوو، گەندەڵی لە ئیدارەدان و بوونی فەسادێكی گەورە، فرسەتێكی دایە كۆمەڵێك بەرپرس و مرۆڤی بەرژەوەندی خواز، تا لە ڕێگەی وەبەرهێنان و تەندەر و پرۆژەی نیشتەجێبونەوە ببنە خاوەن ملیۆنان دۆلار و بە تەنیشتیشیانەوە ژمارەیەك بەرپرس و نزیك لە بەرپرسەكان بونە خاوەن هموشت.

ژمارەیەك كۆمپانیا بوونیان هەیە كە بونەتە ناوێكی گەورە و ناوەرۆكێكی بەتاڵ بەجۆرێك یان هیچ پرۆژەیەكیان جێبەجێ نەكردوە یان ئەوەندە خراپ جێبەجێیان كردوون كە خۆزگە نەیانكردایە، بەتەنیشتیشیانەوە هەندێك ناو هاتنە نێو بازاڕ، 

كە دەكرێت ناویان بنێین بازرگانی دەستی دوو یان بازرگانی نەدیو بدی، كە هیچكات بە لێفەی باوكی خۆیان نەخەوتوون و ئێستا بوونەتە سەرمایەدار و وڵاتیان وێران كرد، چونكە ئەم بازرگانانە بەشێكیان بۆ خۆیان یەك پرۆژەیان جێ بەجێ نەكردوە، چونكە هەرلە بنەمادا پیاوی پرۆژە و بنیادنان نین، بەڵكو بەهۆی هەندێك بەپرسی گەندەڵی مشەخۆرەوە بوونەتە خاوەنی چەندین تەندەر و ئەوانیش هاتوون تەندەرەكانیان فرۆشتۆتەوە، یان پرۆژەیان بەناوی شوێنی بازرگانی و باڵەخانەوە وەرگرتوە و بە پارەیەكی خەیاڵی فرۆشتویانەتە كۆمپانیایی تر بۆ دروستكردنی، یان ئەوەتا ڕێككەوتوون لەو باڵەخانانە چەند باڵەخانەیەكی پێ بدرێت، یان پرۆژەی زەبەلاح دەدرێتە ژمارەیەك كۆمپانیا چ ناوخۆیی یان بیانی بۆ تەواو كردن و دواتر تەواو ناكرێن یان پیاوی تەواو كردنی نین و ئەوانیش دێن و دەیفرۆشنەوە بە كۆمپانیایتر، ئەمەش وادەكات لەلایەك پرۆژەكە پەكی بكەوێت و لە لایەكیتریش كوالیتیەكە نزم بێتەوە و نرخەكەش بەرز، لەمەشدا تەنها ئەوانە زەرەر مەندن كە سودمەندی ئەو پرۆژانەن

تۆ تەماشایەكی شار بكە، چەندین سیتی و گوند و شوقەی پاتاڵ بەدی دەكەن، كە دەڵێم شوقەی پاتاڵ ڕووم لە كۆمپانیای دروستكەرو خاوەنی پرۆژەو شەریكەكانیەتی، ئەگەرنا دانیشتوانی ئەو شوقە و خانوانە خەڵكی ڕێزداری ئەم وڵاتەن و كەسوكارمانن و شایەنی باشترین یەكەی نیشتەجێبوونن، تۆ تەماشایەكی بەشێك لەو شوقانە بكە كە دروستكراون، بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەكی بیناسازی و ئەندازیاریت هەبێ، تەقین و درزی بیناكان هاواری نزمی كوالیتیەكەیان دەكەن، جادەكانی نێو پرۆژەكان دەڵێی پاشماوەی شەری ئێران و عێراقن، پابەندیان بە سەوزاییەوە زۆر كەمە گەر كرابێتیش چیمەنێكی ڕەنگ زەردی هەڵپروسكاو، گەر یەكێ سەتڵێ ئاو بكاتە بنی چیمەنەكە دەپشتی دەچێتە بەهەشت، ئەوە با پابەند نەبوون بە ڕێنماییەكانەوە بوەستێ، ئەو شوقە و خانوانە ناڵێی دەساڵی ڕابردوو دروستكراون ڕێك لە شوقەی سی ساڵ دەچن، بەجۆرێك پاتاڵ و ناشیرینن دیمەنی شاریان ناشیرین كردوە، من زۆریانم دیوە، هەر لە نەوزاد و ڕۆژ و كوردسیتی، هەندێكیتریش تەنانەت نوسینیێكی پێوە نیە تا بزانی ئەمە چ سیتیەكە، هێندە كۆن بوون، پێشنیاری دووبارە ڕووخاندنەوەو دروستكردنەوەیان بۆ دەكرێت بۆ نیشتەجێبوەكان، وەك شوقەكانی یەكگرتوو.

تەماشاكە ئەم شارە چۆن پڕكراوە لە شوقە و خانوی پاتاڵ و كۆمپانیای دەستبڕ، بەو هۆیەشەوە خەڵكی ئەم وڵاتە زەرەر دەكەن و گیریان خواردوە بەدەست كەمی خزمەتگوزاری و خراپی كوالیتی ئەو شوقانەی لە كاتی فرۆشتندا كردنیان بە دوبەیی و قەتەر لە خەڵك و دواجاریش ئەوەی دەستی خاڵی دەرچوو خەڵك بوو، ئەوەشی دەستی پڕ دەرچوو بەرپرس و بازرگانی دەستی دوو و كۆمپانیای پاتاڵ بوون. بەبێ ئەوەی هتچ كۆمپانیایەك بدرێتە دادگا و سزابدرێت و لێپێچینەوەی لێ بكرێت

درێژەی دەبێت، دوای بەدواداچونێكی بچوك بۆ نرخ و چۆنیەتی دەستخستنی پرۆژەكانی كۆمپانیاكانی بەرێز و دەروازە و چوارچراو و شتی تریش

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif