کازمى: ژنانی عێراق رووبەرووى شەڕی تائیفییەت بوونەتەوە
سەرۆک وەزیرانى عێراق، جەختیکردەوە ژنانى عێراق بەشدارى شەڕى تائیفى و سیاسى ناکەن و تەنیا ژنەکان نەتەوە دروست دەکەن و ئاسایش دابین دەکەن.
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەوتەیەکدا لە کۆنفرانسی تایبەت بە بەرووبەروونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان لە بەغدا رایگەیاند"حکومەتەکەم یاسایەکى تایبەتى بە پاراستنى ژن و مافەکانیان ناردووەتە پەرلەمان، بەڵام نازانم هۆکار چیە هەندێک گروپ و لایەن لەبەردەم پڕۆژەکە یاساکە وەستانون و ناهێڵن دەرچێت".
ئاماژەى بەوەشکرد، ژنانى عێراق ژنى ئازاو تێکۆشەرو بەهێزن و رووبەرووى ململانیی و ناکۆکى تائیفی بوونەوە، جەختیشیکردەوە کە ژن بەشدارى شەرى تائیفى و سیاسى ناکەن و تەنیا ژنەکان نەتەوە دروست دەکەن و ئاسایش دابین دەکەن.
سەرۆک وەزیران وتیشى" ئێمە لە عێراق شانازی بەوەوە دەکەین کە ژنان بەشدارى پەرلەمان و حکومەت دەکەن رۆڵى چالاک و بەهێزیان هەیە لە سیستەمى سیاسى و ئیدارى و کۆمەڵایەتیدا، شانازی بەوە دەکەین کە ژنان هەوڵی گەورەیان داوە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و هەرگیز نەوەستاون".
لەکۆتاییدا سەرۆک وەزیرانى عێراق پشتیوانى حکومەتەکەشى بۆ ژنانى عێراق و پاراستن و گەیشتن بە مافەکانی ژنان دووپاتکردەوەو رایگەیاند، حکومەت بە هەموو توانایەوە کار بۆ پاراستنى ماف و ئازادییەکانى دەکات و رووبەرووى هەر کەس و لایەنێکیش دەبێتەوە بیەوێت رۆڵى ژن نەهێڵێت یان مەترسی بۆ سەر مافە و ئازادییەکانیان دروست بکات.
ئەمڕۆ لە شارى بەغدا کۆنفڕانسێکى تایبەت بەدۆخى ژنان لە عێراق بەڕێوەچوو کە لەلایەن رەوتى حیکمەوە رێکخراوەو هەریەکە لەسەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان و نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان باڵیۆزخانەکان و کەسایەتى و چالاکوانانى ژنان بەشدار بوون لە کۆنفڕانسەکە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق