بڵێسە جەبار فەرمان: شەقامی کوردی پێی خۆشە کازمی کۆنترۆڵی هەرێم بکات

ليست هناك تعليقات

بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سەردانە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردن و کازمی دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر کورسی بەدەستبهێنێت و خاوەن قورسایی خۆی بێت لە پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە کوردستان "خەڵک برسییە" و زۆر ناڕازین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە شاندەکانی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەولێر لە بەرامبەر عێراق لە گفتوگۆکاندا لاوازە.

سەبارەت بە پەیامی سەردانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان گوتی، ئەوە ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردن و "دەیەوێت شەقامی کوردی بۆلای خۆی رابکێشێت".

مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و کەمپێکی کوردانی ئێزدی و مەزاری قوربانیانی ئەنفالی لە دهۆک کرد، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆش بچێتە سلێمانی و پاشان لە هەڵەبجە سەردانی مەزاری شەهیدانی کیمیاباران بکات.

بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، کازمی دەیەوێت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵێت، هەموو عێراق یەک پارچەیە و ئەو کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو بەشەکانی عێراقدا هەیە.

بڵێسە جەبار فەرمان گوتیشی "پەیامی یەکەمی [کازمی] بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە وا 'عێراق یەکماندەخاتەوە' واتە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەیەوێت هەمووی کۆنترۆڵ بکات. بێگومان شەقامی کوردی ئەوەی پێخۆشە، شەقامی کوردی ئەوەندە لە حکومەتی خۆمان بێزار و ناڕازییە، بە حوکمی کازمی رازییە".



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif