ئێسقان شكاندنی ئەوانەی گۆشتی دەخۆن

ليست هناك تعليقات



بزووتنەوەی گۆڕان* شكاندنی ئێسقانی ئەوانەی دەیانەوێ گۆشتی بخۆن
( لە پەراوێزی كتێبەكەی مەلابەختیار و وەڵامەكانی گۆڕاندا)

عوسمان گوڵپی
-
سێ ڕۆژی ڕابردوو، فۆكسی میدیا و شۆسیال میدیا لەسەر چاوپێكەتن و كتێبەكەی مەلا بەختیار بوو، ئەتوانم بڵێم تاكە دیدارێك بوو لە چەندساڵی ڕابردوودا هێندە خێرا لێكەوتەی هەبووبێت و زۆرترین قسەی لەسەر كرا،  من بۆ خۆم نە باسی دیمانەكەی مەلا دەكەم و نە كتێبەكەشی(لەبری بیرەوەری) 

چونكە بەگشتی پێموایە نوسەران و سەركردە سیاسیەكانی ئێمە نەگەشتوونەتە ئەو ئاستەی بیرەوەریەكان وەك خۆیان بنوسنەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی كە ناتوانن وەك خۆی ڕابردوو بنوسنەوە، ئەوەیە كە ئەو كارەكتەرانە تموحی سیاسی و پێگەیان ماوە، واتە لە خەیاڵدانی خۆیاندا هێشتا لەبەردەم بەدەستهێناندان، ئەمەش وا دەكات كە نەتوانن شتانێك بنوسنەوە وەك چۆن لە پێگەی بەرامبەرەكانی دەدات ئاواش لە پێگەی خۆی بدات،  زۆر بەكورتی ناتوانن ڕاستی مێژوویی بنوسنەوە و ببنە سەرچاوەیی مێژوویی، چونكە حەقیقەتی مێژوویی بەش بەش ناكرێت، ئەمان دێن بەش بەشی دەكەن، ئەو بەشانەی دڵخوازی ئێستایان نیە، یان زیان بەو تموحە دەگەیەنێت كەهەیەتی یان ئەوەی ئێستا تیایەتی، تیایدا نانوسرێتەوە و بە نادیاری دەیهێڵێتەوە یان زۆر بە كاڵی تیشكی دەخاتە سەرو فۆكسەكەی لەسەر دیگەرانە(لێرەدا  ناوەكان مەبەست لە بەراوردكردنیان نیە)

من دەزانم مەلا بەختیار شتانێك نانوسێتەوە كە زیانی بۆ سومعەی سیاسی هەبێت و ناشچێتە ئەو باسانەوە كە نایەوێ نەك خۆی بەڵكو كەسیش بیری بخاتەوە، ئێ ئەمەش بۆ نوسەرو ڕۆشنبیرەكانیتر ڕاستە،  بۆیە ڕەنگە كتێبەكەی بۆ من جێگای بایەخ نەبێت

من كاك نەوشیروانم خۆشویستوە و كۆچكردنیشی لەو وادە پڕلە هیوایەدا زۆر ئازاری دام، وە من ( باوەڕم بە مرۆڤی بێ هەڵەو كەم و كورتیش نیە)، بەڵام هیچ كات ناتوانم باوەڕ بەوە بكەم كاك نەوشیروانیش لە كتێبەكانیدا هموشتێكی نوسیبێ، ئەگەرچی نوسەر و مێژوو نوسیێكی وردە و كوردی نوسێكی بەسەلیقەیە و بەرهەمەكانی بۆ كتێبخانەی كوردی زەرور بوون، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی بڵێم كاك نەوشیروان هیچ مەشهەدێكی بینین و واقیعی نەپەڕاندبێت و نوسیبێتنی، ئەو لە كاتێكدا  گرنگترین كتێبەكانی نوسی كە تموحی گەورەی هەبوو بە گۆڕانكاری لەم وڵاتە، هێزی گەورە و خەونی گەورەیی هەبوو ، چۆن دەچێتە نێو مێژوویەك كە لانیكەم خواستی ئەوڕۆژە نیە

خۆ ئەمە بۆ دیداری تەمەنی كۆچكردووی بەڕێز تاڵەبانیش ڕاستە، بەڕای من وەك خوێنەرێكی دیداری تەمەن، یەكێكە لەو كتێبانەی كە بۆ ئاشنایی لە مێژووی نوێی كورد و  بەرچاوڕوونانەتر سیاسەتكرد و  تێگەشتن لە سوچ و بنمیچەكانی كاری سیاسی و شكست و سەركەوتنەكان پێویستە بخوێنرێتەوە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی دەیانەوێ سیاسەت بكەن، دەبێت ئاشنای ئەم جۆرە نوسینانەبن، بەڵام ئەوە لەو واقیعە كەم ناكاتەوە كە زۆر شت هەبوون بوترێن و تاڵەبانی نەیوتون و پاساوی بۆ ئەوەش پێ بوە، وە لە زۆرشت خۆی لاداوە و تۆماری نەكردوون و گرنگیشن لەوانەی كە وتراون گرنگتر

لە كۆتایدا دێمە سەر مەبەستی نوسینەكەم، كە بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان بەو منەزەمی و سەختیە لەسەر ئەم چاوپێكەوتن و گێڕانەوانەی مەلا بەختیار هاتە دەست، زۆرترین قسەی كرد و زۆرترین هێرشی ڕێكخراوی كرد و بەرگریكردنی گۆڕی بە هێرشی وازح و سەخت، لە كاتێكدا  كە لە یاداشت و یادەوەری تردا هەبوون كە بەدڵی گۆڕان باسی كاك نەوشیروان نەكرابێت و لەسەریشی نەوەستان!

لەبەر دوو هۆكار گۆڕان جیاواز لە ڕابردوو لەسەر قسەكانی مەلا بەختیار وەستان

یەكەم/ گۆڕان لە دروستبونەوە تا ئێستا چ خۆی وەك سەركردایەتیەكەی و چ قاعیدە جەماوەریەكەشی كەیفیان بە مەلا بەختیار نەهاتوە.

دووەم/ وادەی كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكە و مقابەلەكەی بۆ گۆڕان زۆر هەستیارە، گۆڕان لە ئێستادا بە هەندێك كێشەی ناوخۆیدا دەڕوات و زۆرێك لە كەسایەتیە دیارەكانی وازیان هێناوە،  ئەوانەشی ئێستا گۆڕانن لەبەردەم ناكۆكیدان و بەڕوونیش پێیانەوە دیارە و ئاماژەی ناوێ، وە ئەوانەشی لە خوارگردەكەوەن سەرقاڵ و جوڵاون، ئەمڕۆبێ یان سبەی سەریان لە چوارچێوەیەكی سیاسیەوە دەردەچێت، چونكە خەڵكی دانیشتن و دورەپەرێزی نین لە سیاسەت، 
هەر بۆیە گۆڕان لە ترسی بەریەككەوتنی گەرمی داهاتووی خۆی، لەگەڵ ئەوانەی سیاسەتێكی نوێ ڕەنگڕێژ دەكەن و بۆ زۆرێكیشیان كاك نەوشیروان و كلتورە سیاسیەكەی موشتەرەكە و بۆ بەشێكیشیان ڕەنگە پێچەوانە بێت و پێیوابێ لە ئەلفەوە تا یاء جێگەی لەسەر وەستانبێت، ئەگەرچی بۆ خۆشیان نەیانەوێ خۆیان لەقەرەی گۆڕان بدەن بەڵام بەهۆی ئەوەی زەمینەی دروستبون و سیاسەتیان جەماوەری گۆڕانە و شەڕ لەسەر میراتی جەماوەری گۆڕان دەبێت و ئەمەش بەبێ ئەوەی خۆیان خواستیان وابێ دەچنە نێو ئەو ململانێی یەكدیەوە و ئەمەش جارێكیتر هێڵێكی گەرم دروست دەكاتەوە

بۆیە گۆڕان لەپاڵ وەڵامدانەوەی مەلا بەختیاردا، پەیامێكی توندی گەیاند و وتی: بێدەنگ نابین لەسەر هێرشكردنە سەر كۆچكردوو كاك نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕانە و ڕەنگە ئەمە خواستی كوڕانی كاك نەوشیروانیش بێت، 

بەجۆرێكیتر گۆڕان وتی: دژایەتی گۆڕان و كاكە نەوە، یەكسانە بەهەڵدانەوەی هەرچی مەلەف و خستنەگەڕی هەموو توانای مرۆیی و سیاسی و میدیایی بۆ تێكشكاندنی نەیارەكانمان و چیتر پەیڕەوی شكاندنی ئێسقانی كەسێك دەكەین كە گۆشتمان دەخوات، یان ڕووبەڕوومان ببێتەوە و بیەوێت مێژوومان بشێوێنێ،(ئەو مێژووەی كەخۆیان دەیانەوێت و بە میراتی شانازیەكانیانی دەزانن)، چونكە گومانم نیە ترسی گەورەی هەموو هێزەكان هەڵبژاردنی داهاتوە لە سایەی یاسا گۆڕاوەكەدا، بەتایبەت ئەو هێزانەی ترسیان لە دروستبونی تەوژمی نوێیە لە هەناویانەوە  

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif