گولیزار سندی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
-
هەولێر یەکەم شوێن بوو پاڵپشتی لە مستەفا کازمی کرد تاوەکو ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەو هەڵوێستەی هەولێر ئێستا لە شەقامی کوردستانی و لەناو میدیاکەیدا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە لەوەی کورد پەلە و هەڵەیان کرد لە دەربڕینی ئەو پاڵپشتییە بۆ کەسێک کە تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە خۆنمایشکردنی میدیایی لەوانەی پێشەخۆی جیای دەکاتەوە، بەڵام لە واقیعدا بەرامبەر بە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لەوانەی دیکە بە تایبەتی لە سەرۆکوەزیرانی پێش خۆی، عادل عەبدولمەهدی، خەمساردتر دیار دەکەوێت، بۆیە لە سەردانیدا بۆ کوردستان کازمی ئەو وێنەیە لە هزری تاکی کوردستانی تۆختر دەکاتەوە کە ئەویش درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیە عەرەبییەیە کە نزیکەی 100 ساڵە عێراق بەڕێوەدەبات بە ئینکارکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان، یان کەسێکی دیکەیە و جورئەتی پساندنی ئەو کولتوورە زاڵەی حوکمڕانی هەیە و دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کە جێی پەسند و رەزامەندی هەردوو گەلی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقە و دەنگیان بۆ داوە!
کازمی بە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا هەنگاوێکی بە ئاراستەی راست هاویشت بە بڕیاردان بە ناردنی (320 ملیار دیناری عێراقی) بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی عێراقی بە بڕیارێکی تاکەکەسی و بە بەهانەی سیاسییەوە بڕیویەتی و وەک کارتێک بۆ سزادانی خەڵک و لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بەکاریانهێناوە و کازمیش تاوەکو ئێستا کە لە هەولێرە هەمان کار دەکات و بڕیارەکە جێبەجێ دەکات، هەروەها بردنی شاندێکی تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و دیداریان لەگەڵ ترەمپ کارێکی دیکەی کازمی بووە کە ئاماژەیەکی روون و باشە بۆ هەبوونی نیەت و ئیرادە لە گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەرچی بەشێک لە چاودێر و شرۆڤەکاران ئەو کارەی کازمیان بە زیرەکی ئەو بەستەوە لە بردنی شاندی کوردستان لەگەڵ خۆی بۆ ئەوەی نیشانی ئەمریکای بدات کە ئەو پیاوی چارەسەرییە نەک قووڵتر کردنەوەی کێشەکان لەگەڵ کورد، چونکە ئەمریکا و ئەوروپا فشارێکی زۆریان لەسەر کازمی دروستکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ کوردستان رێکبکەوێت.
بە دووری نابینم ئەو سەردانەی کازمیش بۆ هەولێر هەر لەژێر فشاری ئەمریکا و ئەوروپییەکان بێت، بە تایبەتیش کە کازمی لە چەندین دۆسیە کە لە بەغدا و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق دەستی بۆ بردن شکستی هێنا و نەیتوانی نە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران هەڵوەشێنێتەوە و نە چالاکییەکانیان سنووردار بکات، هەروەها لە کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان سەرکەوتوو نەبوو و ئێستاش میلیشیاکانی حەشد ئیدارەیان دەکەن و لە بەرژەوەندیی ئێران بەکاریان دەهێنن، لەوەش خراپتر بۆ کازمی دروستبوونی کێشەیەکی دیکەی مەترسیدار و جیددیە لەگەڵ عەشایرەکانی باشووری عێراق بە تایبەتی لە شارەکانی بەسرە و زیقار کە مل نادەن بۆ بڕیارەکەی کازمی بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی عێراق و ئەگەری پێکدادان لەنێوانیان زۆرە ئەگەر کازمی زیاتر لێیان تووند بکا کە بڕوا ناکەم وا بکا وەک چۆن لە بەرامبەر حەشد پاشەکشێی کرد لە بەرامبەر ئەوانیش ناچارە نەرمی بنوێنێ، لەوانەش مەترسیدارتر بۆ کازمی بەهێزی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکانە بەتایبەتیش کە چەند کازمی لە ئێران دووربکەوێتەوە ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت.
بۆیە کوردستان ئەو شوێنەیە کە کازمی دەتوانێ هێزی لێوەرگرێ و بیکاتە خاڵی بەهێزبوونی خۆی بە تایبەتیش کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یەکەم کەس بوو کە پاڵپشتی کردووە و ئێستاش لە پاڵپشتی کردنی بەردەوامە، ئەوە چانسێکی گەورەیە بۆ ئەوەی هاوکاری بێ لە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، بێگومان ئەگەر کازمی دەستبەرداری ئەو بۆچوونە بێت کە بەهێزیی بەغدا پێویستی بە بێهێزکردنی هەولێر هەیە، بەڵکو پێچەوانەکەی تاقی بکاتەوە کە بەهێزبوونی هەولێر واتا بەهێزبوونەوەی بەغدایە، بە جیددی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات بە گوێرەی دەستوور و لە جیاتی قووڵکردنەوەی کێشەکان و تۆخکردنەوەی روحی دوژمنایەتی و قبووڵنەکردنی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمان پەنا بباتە بەر راستییەکان و پەند لە مێژووی 100 ساڵەی دەوڵەتی بەزۆر دروستکراوی عێراق وەرگرێ و دەرفەت بە گەلی کوردستان بدرێ بۆ تەنها جارێک مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی جێبەجێ بکات.
* ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق