عارف قوربانی
-
له‌م رۆژانه‌دا مه‌ولوود چاوش‌ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له لێدوانێكیدا گوتی، "په‌كه‌كه ده‌یه‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌ولێردا بگرێت" له به‌رانبه‌ردا سه‌ركردایه‌یتی په‌كه‌كه‌یش له راگه‌یێندراوێكدا وه‌ڵامی توركیایان دایه‌وه و ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ئه‌وه ئێمه نین بمانه‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌ولێردا بگرین، به‌ڵكو توركیایه چاوی له داگیركردنی هه‌ولێره.
له‌دوای ئه‌و لێدوانانه هه‌ندێ له نووسه‌ر و چاودێرانی سیاسی وه‌ك ئه‌وه‌ی گرێی ده‌روونییان به میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان هه‌بێت یان هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین و نه‌فره‌ت له كوردكردن ئه‌وه‌نده باڵای كردبێت لایان، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیایان به‌سته‌وه به ریفراندۆمه‌وه، گوایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ریفراندۆمی ئه‌نجامداوه بۆیه توركیا به‌چاوێكی دوژمنكارانه له هه‌ولێر ده‌ڕوانێت، یان لانی كه‌م نایه‌وێ هه‌ولێر هێنده به‌هێزبێت بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی رابووه‌ستێت.
ئایا پێش ریفراندۆم توركیا چۆن له هه‌ولێری روانیوه و كامانه‌ن ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی توركیادا هاتوون به‌هۆی گشت‌پرسیی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟ راسته توركیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی زۆری ئابووریی و سیاسی و سه‌ربازی به‌هۆی هه‌ولێره‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ر بووه، به‌ڵام هه‌ولێر ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ی به‌رێت یان به‌غدا، هه‌مان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی توركیا بۆ توركیا ده‌سته‌به‌رككراوه. عێراق و كوردستان بازاڕێكی كراوه‌ن به‌ڕووی توركیادا و زه‌مینه‌ی واقیعی ئه‌م قۆناخه وایكردووه هه‌ركه‌س حوكمی هه‌ولێر بكات، ناتوانێ ده‌رگەكانی به‌ڕووی توركیادا دابخات. بۆیه له روانگه‌ی ستراتیژیی ئاسایشی توركیاوه هه‌ولێر مه‌ترسییه بۆ توركیا ئه‌گه‌ر ببێته هۆكاری به‌هێزبوون و باڵاكردنی كورد له ناوچه‌كه.
ئه‌م تێڕوانینه له‌لایه‌ن توركیاوه نه‌شاردراوه‌ته‌وه و ده‌یانجار له‌سه‌ر ئاستی زۆر باڵاتر له وه‌زیری ده‌ره‌وه ئه‌وه‌یان ده‌ربڕیوه کە چاویان له‌وه‌یه هه‌موو ویلایه‌تی موسڵ بخه‌نه‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان. بۆیه بابه‌تی چاوتێبڕینی توركیا بۆ هه‌ولێر بابه‌تێك نییه په‌یوه‌ندی به پرسی ریفراندۆمه‌وه هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی ئه‌و دوو بابه‌ته پێكه‌وه گرێده‌ده‌ن، گرێی ده‌روونییان به ریفراندۆم هه‌یه.
ئه‌و كاته‌ی داعش سه‌ری هه‌ڵدا، كوردستان هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی نه‌بوو پرۆسه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر له خه‌یاڵدانی سه‌ركرده‌كانیشدا پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره هه‌بووبێت، لانی كه‌م رایاننه‌گه‌یاندبوو به‌نیازی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمن. ئه‌ی كه‌واتە بۆچی هه‌ڵوێستی توركیا به‌و جۆره بوو له به‌رانبه‌ر په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر باشووری كوردستان؟ ئایا كه‌س گومانی له‌وه ماوه كه توركیا هاوكاری داعشیكردووه؟
ئه‌و رۆژه‌ی به پلانێكی هه‌رێمایه‌تی داعش ئاراسته‌ی هێرشه‌كانی له ده‌روازه‌كانی سامه‌ڕا و به‌غداوه گۆڕی بۆ شنگال و مه‌خموور و رووه و هه‌ولێر، پێش هه‌ر لایه‌نێكی دیکە، هه‌رێمی كوردستان په‌نای بۆ توركیا برد تاوەکو به‌رگریی له هه‌ولێر بكات، چونكه تێگه‌یشتنی هه‌ولێر به‌و جۆره بوو كه ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌ولێر، به به‌هێزیی مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیادایه. له ئاستی باڵا په‌یوه‌ندی به ئه‌ردۆغان و داودئۆغڵو و به سه‌رۆكایه‌تیی هه‌یئه‌ی ئه‌ركانی سوپای توركیاوه كرا، به‌ڵام هیچ كامیان ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه راسته‌وخۆكانی نێوان هه‌ولێر ئه‌نقەرەیان نه‌دایه‌وه. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌فسه‌ره‌وه كرا كه به‌رپرسی جوڵه‌پێكردنی ئه‌و فڕۆكه شه‌ڕكه‌رانه‌ی توركیا بوو له‌ناو سه‌ربازگه‌یه‌كی توركیا له خاكی هه‌رێمی كوردستان، داوای ئه‌وه‌ی لێكرا ئه‌گه‌ر ناشتوانی شه‌ڕی داعش بكه‌یت ته‌نها دوو فڕۆكه‌تان به ئاسمانی هه‌ولێردا بفڕن بۆ ئه‌وه‌ی وره بدرێته‌وه خه‌ڵك و داعش‌یش له‌وه بترسن كه به‌زاندنی سنووری هه‌ولێر ئاسان نییه بۆیان، ئه‌فسه‌ره‌كه ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و كاره بكات. توركیا ئاره‌زووی ده‌كرد داعش هه‌ولێر داگیربكات. له رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به ریفراندۆم و 16ـی ئۆكتۆبه‌ریش لاری نه‌بوو له‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ولێر و تاوەکو ئیبراهیم خه‌لیل بخاته ژێر كۆنترۆڵ و هه‌ژموونی خۆیه‌وه.
ئه‌و رۆژه‌ی داعش گه‌یشته دامێنی هه‌ولێر، به‌هۆی نائومێدبوون له توركیا بوو بارزانی په‌یوه‌ندی به بایدنه‌وه كرد و رۆژانی دواتریش كه سه‌ردانی باره‌گایه‌كی په‌كه‌كه‌ی كرد له مه‌خموور، وه‌ڵامی هه‌ڵوێستی توركیا بوو. ئه‌وه‌ی ئێستا توركیا ده‌یڵێت تازه نین و په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كورد ویستویه‌تی عێراق و ناوچه‌كه دابه‌ش بكات، به‌ڵكو ستراتیجی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته هه‌ر باڵاكردنێكی كورد به مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆیان ده‌بینن، تاوەکو ئه‌و تێڕوانینه‌شیان نه‌گۆڕێت، دۆستیان بین یان نه‌یار، ئه‌وان هه‌ر له بۆسه‌دان بۆ كوردستان.
ئه‌وه‌ی چاوش‌ئۆغڵو ده‌یڵێت و ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌شدا هاتووه، ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه نییه، به‌ڵكوو هه‌ردوولایان ده‌خوازن هه‌ولێر ببێته به‌شێك له كێشه‌كه. توركیا چه‌ند مانگێكه به قورساییه‌كی زۆره‌وه هێرشه‌كانی بۆ ناو باشووری كوردستان ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام تاوەکو ئێستا هیچی لێده‌ستنه‌كه‌وتووه و كاروانی ته‌رمی لاشه‌ی كوژراوه‌كانی له حه‌فتانین هێشتا هه‌ر له‌پێشچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی كاڵ نه‌بووەته‌وه. ده‌خوازێت هه‌ولێریش بكات به به‌شێك له‌م شه‌ڕه‌ی دژی په‌كه‌كه هێناویانه‌ته باشووره‌وه، وه‌ك چۆن له نه‌وه‌ته‌كان چه‌ند جارێك هێزه‌كانی باشووری كرد به ئامراز و به‌شێك له شه‌ڕه‌كانی، ده‌خوازێت ئه‌و سیناریۆیانه دووباره بكاته‌وه. په‌كه‌كه‌ش گوشاره میدیایی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی بۆ ئیحراجكردنی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر به‌رده‌وامه و به‌خواستی په‌كه‌كه‌بێت، ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ش بچێته شه‌ڕی سوپای توركیاوه، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی کوردستان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی باشوور و سه‌قامگیریی له هه‌ردوو ئه‌و خواسته‌ی توركیا و په‌كه‌كه باشتر ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی کوردستان هه‌ر هه‌وڵی ناوبژیوانی بدات و رێگه‌ی بێلایه‌نی بگرێته‌به‌ر و هه‌وڵه‌كانی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی چڕ بكاته‌وه تاوەکو كۆتایی به‌و شه‌ڕ و له‌شكركێشییه‌ی توركیا بهێنرێت. هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش هیچ له‌و راستییه كه‌م ناكاته‌وه كه نه ئه‌نقەرە، نه دیمه‌شق، نه به‌غدا و نە تارانیش نایانه‌وێت هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بمێنێته‌وه. هه‌ر چوارلایان ئێستا یه‌ك ئامانجیان هه‌یه كه لێدانه له كورد وه‌ك نه‌ته‌وه ئیتر له هه‌ر كوێیه‌كی سه‌ر رووی زه‌مین بێت.
ده‌بێت كورد د‌رك به‌و راستییه بكات كه له‌به‌رده‌م گه‌له‌كۆمه‌كێ و هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆردایه. پێویسته پێش هه‌رشت ئێمه‌ش ستراتیجێكی روون و راشكاومان هه‌بێت كه ده‌سته‌به‌ری مانه‌وه‌مان بكات. هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كورد به‌و ستراتیجه‌وه پابه‌ندبن، له‌وه تێبگه‌ین ته‌نیا برایه‌تی نێوان خۆمان ده‌توانێت به پارێزراوی له‌م قۆناخه تێمان بپه‌ڕێنێت. ده‌بێت كورد برای خۆی بێت، به‌تایبه‌تی له ئاستی هه‌رێمایه‌تی. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی برای دیکەمان نییه، بۆیه وه‌ك چۆن هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی نێوان كوردانی پارچه جیاجیاكانی كوردستان پێویستییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه، رەچاوکردنی دۆخی یه‌كدیش هه‌مان پێویستییه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق