ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی دۆخی ناگۆرنی قەرەباخ ئەنجامدەدات.
بڕیارە هەریەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا چارەسەرێک لە کۆبوونەوەکە بخەنەڕوو. بە گوتەی چەند دیپلۆماتکارێک، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی ئاسایش راگەیێندراوێک دەردەکات، ئەگەر هەیە کاریگەریی بەسەر دۆخەکەوە هەبێت، چونکە ئەنجوومەن بە زۆرینەی دەنگ نەبێت هیچ راگەیێندراو بڵاوناکاتەوە.
شەوی رابردووش شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە دەورووبەری هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ بەردەوامبوو، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ پەیامێکی تووندی لە دژی ئەرمینیا دا، رایگەیاند، بەهەموو توانایانەوە بەرگری لە ئازەربایجان دەکەن.
ئەو شەڕەی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا روودەدات، لە دوای پێکدادانەکانی 2016دا خوێناویترینە. وڵاتانی نێودەوڵەتیش بە کۆی دەنگ داوای دەستبەجێ وەستاندنی گرژییەکانی هەرێمی قەرەباخ دەکەن.
لە رۆژی یەکشەممەوە چەکدارانی ناگۆرنی قەرەباخ کە لە رووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە لەلایەن ئەرمینیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لە شەڕێکی توونددان لەگەڵ ئەو ئازەربایجانەی کە لە رووی سەربازییەوە باڵادەستترە.
دەسەڵاتدارانی قەرەباخ کوژرانی 26 سەربازیان لە درەنگانی شەوی دووشەممە راگەیاند، لە لایەنی ئازەربایجانیش کوژراو و بریندار هەن، خەڵکی سڤیلیش لەنێو قوربانیاندان. بە گوێرەی دوایین ئامار، تاوەکو ئێستا لە هەردوولادا بە سەرباز و کەسانی سڤیلەوە 95 کەس کوژراون.
ئازەربایجان پەیمانیداوە ناگۆرنی قەرەباخ لە ئەرمینیا بسەنێتەوە، زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمەکە ئەرمەنین، لەوەتەی ئەو هەرێمە لە 1991 لە ئازەربایجان جیابووەتەوە، هیچ وڵاتێکی نێودەوڵەتی بە ئەرمینیا و ئازەربایجانیشەوە دانی پێدانانێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق