سەرۆكی ئەمریكا، سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی لەم دواییانەدا لە وڵاتەكەیدا سەری هەڵداو توندوتیژی لێكەوتەوە، رایگەیاند ”ئەوانە خۆپیشاندانی ئاشتیانە نین، ئەوانە كردەی تیرۆریستیی ناوخۆیین”.
دۆناڵد ترەمپ دوای رووداوەكانی شاری كینۆشا سەربە ویلایەتی ویسكۆنسن كە بەهۆی تەقەكردنی پۆلیس لە جاكۆب بلایك-ی رەشپێست روویاندا، سەردانی شارەكەی كرد.
ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێیی و هێزە ئەمنییەكانی شارەكەدا كۆبووەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكەی كرد كە ”دژبە رەگەزپەرستی و پۆلیس” سازكران.
ئاماژەی بەوەشكرد:” خۆپیشاندەران زیانیان بە شوێنكارەكان گەیاندووە، هەوڵی سووتاندنی باڵەخانە حكوومییەكانیان داوە و كۆگاكانیان تاڵانكردووە و وتی: ”ئەوانە خۆپیشاندانی ئاشتییانە نین، ئەوانە كردەی تیرۆریستیی ناوخۆیین”.
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكرد، حكوومەت هەوڵی دەستەبەركردنی ئاسایشی شارەكان دەدات، ئەگەر داواشیان لێ بكرێت گاردی نیشتمانی رەوانەی شارەكانی دیكە دەكەن.
دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە لێدوانەكانی دژبە پۆلیس گرت و وتی: ”دەبێت ئیدانەی لێدوانەكانی دژبە پۆلیس بكەین كە گەیشتوونەتە ئاستێكی مەترسیدار، ئەوەیش هەموو رۆژ روو لە زیادبوونە”.
سەرۆكی ئەمریكا، سەبارەت بە تەقەكردن لە جاكۆب بلایك وتی: ”زۆر نیگەرانم لەبارەی هەموو ئەو خێزانانەی بەم قۆناغەدا تێپەڕین. لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت، دۆخێكی ئاڵۆزە”.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەكرد، هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن لەبارەی بنیاتنانەوەی ئەو شوێنكارانەیان كە زیانیان بەركەوتووە و وتی: ”یەك ملیۆن دۆلار دەدەین بە هێزە ئەمنییەكانی كینۆشا، نزیكەی چوار ملیۆن دۆلار تەرخان دەكەین بۆ ئەو شوێنكارە بچووكانەی لە خۆپیشاندانەكاندا زیانیان بەركەوتووە، هەروەها بە ٤٢ ملیۆن دۆلار پشتیوانی دابین دەكەین بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی گشتیی لە ویسكۆنسن”.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق