سەرۆک کۆمار: پێویسته‌ دۆخی که‌رکوک بەپێی دەستور چارەسەربکرێت

ليست هناك تعليقات


سەرۆک کۆمار: پێویسته‌ دۆخی که‌رکوک چارەسەربکرێت بۆ پێکەوەژیان بە پێی دەستور و دوور لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٠٢٠/٩/١٧ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە نوێنه‌ری پێکهاتە جیاجیاکانی شاری که‌رکوک کرد و ته‌ئکیدی له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و زامنکردنی پێکه‌وه‌ژیان کرده‌وه‌ دوور له سياسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جه‌ختی له‌ پێویستی چارەسەرکردنی دۆخی شاری کەرکوک کرد بە پشتبەستن بە دەستوور وخواستی دانیشتوانی رەسەنی ئه‌و شاره‌ که‌ بەهۆی دیکتاتۆریەت و گەندەڵی و سەپاندنی ئەمری واقیع و پەراوێزخستن زیانی زۆریان به‌رکه‌وتووه، له‌م رووه‌وه‌ سه‌رۆک به‌رهه‌م ته‌ئکیدی له‌ کۆتاییهێنان به‌م باره‌ نه‌خوازراوه‌ کرده‌وه‌‌.

سەرۆک بەرهەم باسی له‌وه‌ش کرد ئێستا دیالۆگی جددی لە نێوان پێکھاتەکانی شارەکە لە ئارادایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کەرکوکیانە بەگوێره‌‌ی دەستوور، بەجۆرێک دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی زامنی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بکات. له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمار ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیان وا پێویست ده‌کات خه‌ڵکی که‌رکوک خۆیان بڕیاره‌کانیان بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو لایه‌کی راسپارد به‌ دیدار و گفتوگۆی بنیاتنه‌رانه‌ ناکۆکی و جیاوازیه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و شاره‌که‌یان به‌دوور بگرن که‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ و به‌ریه‌ککه‌وتن.

سه‌رۆک کۆمار مه‌ترسی ئه‌وه‌شی بۆ ئاماده‌بوان ڕوونکرده‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌کان ببێته‌ درزێک و تیرۆرستان هه‌وڵ بده‌ن بیقۆزنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامی و ژیان و گوزه‌رانی که‌رکوک بکه‌ن.

ھه‌ر له‌ درێژه‌ی دیداره‌که‌دا سەرۆک بەرهەم دووپاتیکردەوە که‌ ئه‌و لە پێگەی خۆیەوە خه‌مخۆری که‌رکوکیه‌کانه‌ به‌هه‌موو پێکهاته‌ ره‌سه‌نه‌کانیه‌وه‌ و چاودێری و بەدواداچونی دۆخی کەرکوک دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان، ئاماژەشیکرد که‌ حکومەتی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی سوره‌ له‌ سه‌ر ئاڕاستەی یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و هەنگاونان به‌ره‌و چارەسەری پێویست.

سەرۆک بەرھەم راشیگەیاند کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی و پێویستە ئه‌مه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵک و بونیاتنانی ژیانێکی شایسته‌ به‌هه‌موو عیراقیه‌کان.

لەلای خۆیانەوە شاندی کەرکوک سوپاس و ستایشی خۆیان پێشکه‌ش به‌ سەرۆک کۆمار کرد لەسەر ئەو مکوڕی و بەدواداچونە بەردەوامەی هەیەتی بۆ دۆخی کەرکوک و دانیشتوانەکەی و خه‌مخۆری به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی سه‌رۆک به‌رهه‌میان بەرز نرخاند لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەی کە رووبەڕووی شارەکە و دانیشتوانەکەی دەبێتەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بە وردی گوێی له‌ شاندی کەرکوک گرت سه‌باره‌ت به‌ کێشەکانی شارەکەیان، بەڵێنیشیدا بەدواداچون بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان بکرێت بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ دانیشتوانەکەی بێتەدی.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif