لوقمان حاجی قادر
-
جوڵە و هەڵوێستەكانی دكتۆر بەرهەم وەک سەرۆک کۆمار، تاڕادەیەکی زۆر لە پرۆسەی حوكمڕانیدا تەباو ناتەبان، کاتێک لە قوڵایی پرسەكاندا هەڵدەسوڕێت و دەست بۆ پرسە چارەنووسسازەكان دەبات، ئەو مۆدێلەی تێپەراندوە، کە لەهەناوی گروپ و جەمسەربەندیدا چاو لە کەمووکورتییەکان بپۆشێت و لەکاتی بینینی شتە باش و جوانەکانی ئەوی دیدا بۆ پاساو بە شوێن کەموکورتییەکاندا بگەرێت، بۆیە ئەو لەیەک کاتدا تەبا و ناتەبایە و هەڵوێست و جوڵەکانی بەستراونەوە بەو بنەمایانەی دەبێت کەسایەتییەکی دەوڵەتمەداری پێویستە بیانكات.
هەموومان دەزانین عێراق بەدەست تەنگژەی بونیادگەرایی كوشندەوە دەناڵێنێت، ئەوەی وایکردوە ئەم تەنگژانە بەردەوامبن، دابەشکاری و جەمسەرگیری لایەنەکانە بەگرتنەبەری سیاسەتی (لەگەڵتم گەر هەڵەش بێت، لەدژیشتم گەر ڕاستیش بیت) پەیرەو کراوە، ئەوەی هەنگاوی هەڵگرت بۆ کۆتاییهێنان بەم سیاسەتە، جوڵەکانی دکتۆر بەرهەم بوو..لەوانە:
•لە لوتكەی عەرەبی ڕیاز لە شانشینی عەرەبی سعودی، لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەكەدا هەڵوێستی نواند و ناڕەزایی سەبارەت چەند بەندێكی بەیاننامەكە نیشاندا، بەو پێیەی بەرجەستەی بنەماكانی سیاسەتی جەمسەرگیری لە ناوچەكەدا قوڵتر دەكردەوە، لێبڕاوی سەرۆكایەتی كۆمار لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە مكوڕ و شێلگیر و ڕاستگۆیە لە دوورخستنەوەی عێراق لە سیاسەتی جەمسەرگیرییەكانی ناوچەكە، بۆیە لە ئانوساتی پێویستدا بەرامبەریدا هەڵوێستی وەرگرت.
بەپێچەوانەی ئەم هەڵوێستەوە، لە پرسی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان و دواتریش تەنگژە سیاسییەكەی پاڵاوتنی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، سەرۆك كۆمار بە ڕاشكاوی پشتیوانی داوا ڕەواكانی شەقامی كرد و پشتی کردە خواستی ئێران، بە تایبەتیش لە دانانی پاڵێوراێكی ناحیزبی كە جێگەی دەمەتەقێ و مشتومڕی نەبێت، بۆیە هەر لە عەلاوییەوە تا زورفی و دواتریش مستەفا كازمی، سەرۆك كۆمار لەسەر ئەو میتۆدیە بەردەوام بوو، لە ئاكامیشدا و سەرباری هەموو فشار و هەڕەشە و مەترسییەكانی سەر خۆی و خێزانەكەی، ملی بۆ ئەجێندای لایەنە سیاسییە حزبی و تایەفەگەرییەكان نەدا و كەسایەتییەكی ناحزبی پیشەیی بۆ پۆستەكە پاڵاوت.
•دوای دەستتێوەردانە سەربازییەكەی توركیا و بەزاندنی سنوری عێراق و هەرێمی کوردستان بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر كە زیانی ماددی و گیانی بە هاوڵاتییانی مەدەنی گەیاند، سەرۆك كۆمار ڕاشكاوی لە ڕێگەی بەیاننامە و هەڵوێستێكی فەرمییەوە، ئەو دەستێوەردانەی توركیا بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق لە قەڵمدا، داواشیكرد بە زووترین كات هێزەكانی توركیا لە عێراق بكشێنەوە، ئەگەر نا، پەنا بۆ هەموو میكانیزمێكی شەرعی و یاسایی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەن. ئەم هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار تەواو توركیای نیگەران كرد، بە ئاشكرا و نهێنی بێزاری و ناڕەزایی خۆیان دژ بە هەڵوێستەكانی سەرۆك كۆمار نیشاندا. ئەنقەرە چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەی لە سەرۆك كۆمار نەدەكرد، چونکە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا سەردانی توركیای كردبوو، ئەو سەردانەش والێکدرایەوە كە سەرۆک کۆمار وابەستەی سیاسەتی تورکیایە، كاتێكیش لە دژی دەستتێوەردانە سەربازییەكەی توركیا بوێرانە هاتەدەنگ، هەڵوێستەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەنقەرە شوكهێنەر بوو.
•لە پرسی لێكنزیككردنەوەی دید و بۆچوونە ناكۆكەكانی نێوان حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستاندا، سەرۆك كۆمار وەك ئەركی یاسایی و دەستوری و ئاكاری، داردەستەكەی لە ناوەڕاستەوە گرت، بەشێوەیەك نە لەگەڵ حوكمڕانی و کارە نایاساییەکانی هەرێم بوو، نە لەگەڵ ئەوەش بوو بەناوی لێپێچینەوەی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمەوە سزای هاوڵاتییانی هەرێم بدرێت، بۆیە تاڕادەیەکی زۆر هاوسەنگی پاراست و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند كە نابێت پرسی مووچە بکرێتە پرسێكی سیاسی و دەبێت وەک مافێکی دەستوری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق