لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی نەوت بەرزبووەوە

ليست هناك تعليقات


لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕە داراییەکاندا، نرخی نەوت بە سوودوەرگرتن لە باهۆزێکی دیکە لە کەنداوی مەکسیکۆی ئەمریکا بە رەنگی سەوز کرایەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 40 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بە 37.65 دۆلار مامەڵەیان پێوە کرا.

زریانی سالی ماوەی دوو رۆژە گەیشتووەتە کەنداوی مەکیسکۆ و پێشبینیدەکرێت لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەهێزتربێت. لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئەوە دووەم زریانە لە کەنداوی مەکسیکۆ هەڵبکات کە دەبێتەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت و چۆڵکردنی سەکۆ نەوتییەکان. 

کەمتر لە سێ هەفتە لەمەوبەر زریانی لۆرە لە کەنداوی مەکسیکۆ هەڵیکرد و بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام بوو، بەگوێرەی وەزیری وزەی ئەمریکا، زریانەکە زیانی زۆری لە یەدەگێکی ستراتیژی داوە کە 30٪ی نەوتی کۆگاکراوی باری لەناکاوی تێدایە.

هاوکات بەهۆی زریانی سالی، کۆمپانیای شیڤرۆن دەستیکردووە بە چۆڵکردنی دوو سەکۆی نەوتی کەنداوی مەکسیکۆ. گوتەبێژی کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت؛ کۆمپانیاکەیان دەستی بە پرۆسەی دوورخستنەوەی کارمەندەکان و چۆڵکردنی سەکۆ نەوتییەکانی "بڵایند فەیز" و "پێترۆنیاس" کردووە هاوکات پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتیش رادەگرن بۆیە سەرقاڵی کاری تەکنیکین بۆ ئەم مەبەستە. 

بەگوێرەی راگەیێندراوی گوتەبێژی شێڤرۆن جگە لەو دوو سەکۆ نەوتییە، کارکردن لە شوێنەکانی دیکەی کۆمپانیاکە بەردەوامە و زریانەکە کاریگەری لەسەریان نییە. 

سەرەڕای ئەوەی کە پێشبینیدەکرێت بەهۆی زریانی سالی، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کاتی روو لە کەمبوونەوە بکات، بەڵام وەبەرهێنەران نیگەرانی خستنەڕووی زێدەی نەوتن لەلایەن هەندێ لە بەرهەمهێنەرانی نەوت لەکاتێکدا هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەیە لەسەر بەکاربردنی نەوت. 

بەگوێرەی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا و ئیدارەی وزەی ئەمریکا پەتای کۆرۆنا بەردەوامە لە لەمپەر خستنە بەردەم گەڕانەوەی خواست بۆ نەوت و ئامارەکانی ئەم دوو دامەزراوەیەش ئاماژە بە زۆری خستنەڕووی نەوت دەدەن. 

رۆژی شەممە، خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا بڕیار هەڵگرتنی ئابلۆقەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی لیبیای دا، کە پێشبینیدەکرێت لەمەودوا لیبیا رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکان بکات و بەمەش خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکان زیاتر دەبێت. 

لە مانگی کانوونی دووەمەوە، سوپای نیشتمانی لیبیا ئابڵۆقەی سەر کەرتی وزەی لیبیای دابوو بەهۆیەوە نەوتی ئەو وڵاتە هەناردەی بازاڕەکان نەدەکرا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لیبیا رایگەیاند، خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا ئابڵۆقەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەڵگرتووە بەڵام بەندەرە نەوتییەکان و کێڵگە نەوتییەکان بە داخراوی ماونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هێشتا دیارنییە کەی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دەکرێتەوە.

رۆژی شەممەی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ 39 دۆلار، بەپێی ئامارەکانی بلوومبێرگ 23 سەنت دابەزی و بە 39 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس چەند سەنتێک بەرزبووەتەوە و هەر بەرمیلێک بە 37 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif