پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی
دیباجە
بەپشت بەستن دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە پابەندبونمان بە (یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی عێراقی و یاسا نێودەوڵەتیەکان)ەوە، پرۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی کە لە لایەن دەستەیەک لە خەڵکی پارێزگاکەوە نوسراوە، بەیان ئەکەین.
بە درێژایی مێژوو، خەڵکی ئێمە دژی حوکمدارێتی بێگانە و ناعەدالەتی و زوڵم و پەراوێزخستن بوە، خەباتیان بۆ ئازادی و مافی خۆ بەڕێوەبردن و سەربەخۆیی کردوە. ئەمڕۆش بۆ گەڕاندنەوەی بەهاو خەسڵەتە بنەڕەتیەکانی خۆیان دێنە مەیدان، بۆ وێنەکردنی نەخشەی ئایندەی سیستەمی سیاسی و حوکمداری خۆیان خەبات ئەکەن.
بۆ قۆناغێکی ڕاگوزەر، بەم پڕۆژەیە خەڵکی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا، هەوڵی یەکخستن و ڕێکخستنی جیاوازییەکان و سەربەخۆیی هەرێمەکەی ئەدا، تا لە ڕاپرسییەکی گشتیدا، دەستوری شەرعی هەمیشەیی پەسەند ئەکات. هەر بە پێی ئەو دەستورەش ڕێکارەکانی دروستکردن و ڕێکخستنی کارەکانی ژیانی دیموکراسی، سیاسی، ئابوری، و کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی دەنوسرێ و دیاری ئەکرێت.
دەروازەی یەکەم
(پرەنسیپە گشتییەکان)
بەندی یەک:
أ ـ ناوی پڕۆژەکە ( پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی )یە.
ب ـ دیباجەکە بەشێکە لە پڕۆژەکە و دانەبڕاوە.
بەندی دوو:
أ ـ تا دەستورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی بە ڕێکاری یاسایی ئەنوسرێتەوە و لە لایەن زۆرینەی دەنگدەرانەوە پەسەند ئەکرێت، ئەم دام و دەزگایانەی پارێزگار، ئەنجومەنی پارێزگا، ئیدارە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لە دەڤەرەکە کاری خۆیان ئەکەن.
ب ـ دوای وەرگرتنی بڕیاری ڕەزامەندی دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕاستەوخۆ کار بەم پڕۆژەیە ئەکرێت.
بەندی سێ:
أ ـ سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دیموکراسی و فرەیی ئەبێت، دەسەڵاتەکان لە نێوان یەکە ئیدارییەکان (قەزا، ناحیە، گوند) ەکاندا، لەسەر بنەمای مێژوە و جوگرافیا دابەش ئەکرێت. مافی دیاریکردنی چارەنوسی هەرێمەکە بۆ ئایندەی عێراق و کوردستان لە دەستوردا جێگیردەکرێت.
بەندی چوار:
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، تا چاککردن و ڕێکخستنەوەی لە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی پارێزگاردا ئەبێت.
بەندی پێنج:
تا نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی پارێزگای سلێمانی، دادگاکان سەربەخۆ ئەبن، کار بە یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەکەن.
بەندی شەش:
هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئاڵای خۆی و سرودی خۆی ئەبێت و بە یاسا ڕێکدەخرێت.
بەندی حەوت:
زمانی کوردی، زمانی ڕەسمی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەبێت، هەر خێزانێک مافی پەروەردە کردن و فێرکردنی نەوەکانی خۆی بە زمان و زاراوەی جیاواز، بە پێی ڕێکارە پەروەردەییەکان هەیە.
بەندی هەشت:
هەمو ئەو نوسراو و دۆکیۆمێنتە ڕەسمیانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دانپیانراو ئەبن.
دەروازەی دووەم
(مافە بنەڕەتیەکان)
بەندی نۆ:
مافی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای بونی ڕەگەزنامەی باوەڕپێکراوی پارێزگاکە پارێزراو ئەبێت، ئەرکی هاوڵاتیانیش بە یاسا و لەسەر ئەو بنەمایە دیاری ئەکرێت.
بەندی دە:
هاوڵاتیان لە مافەکانیاندا و لەبەردەم یاسادا یەکسانن. هەمو جیاوازییەکی ( نەتەوە، ئاین، ڕەگەز، و جێندەری) ڕەتکراوەیە.
بەندی یانزە:
سەربەستییە تایبەتی و گشتییەکان، لە دەربڕینی بیروباوەڕی ئاینی و ویژدانی، بیرو بیرکردنەوە، پارێزراوە.
بەندی دوانزە:
مافی کۆڕ و کۆبونەوە و خۆپیشاندان پارێزراوە.
بەندی سیانزە:
پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی، بە پێی ڕێکارە یاساییەکانی عێراق پارێزراوە.
بەندی چواردە:
موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت پارێزراو ئەبێت، هەمو جۆرێکی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە لایەن دەزگا حکومی و ئەمنی و حیزبییەکانەوە قەدەغە کراوە.
بەندی پانزە:
هیچ کەس بە بێ فەرمانی دادگا ڕاناگیرێ و زیندانی ناکرێت، ڕاوەدونان و گرتن بە هۆکاری بیروڕای سیاسی و ئاینی قەدەغەیە.
دەروازەی سێ یەم
(دەسەڵاتی جێبەجێکردن، حکومەتی ڕاگوزەر )
بەندی شانزە:
حکومەتی ڕاگوزەر پێکدێ لە:
أ ـ پارێزگار و جێگرەکانی، ئەکرێت ئەنجومەنی جێبەجێکردن بە سەرۆکایەتی پارێزگار دروست بکەن.
ب ـ ئەنجومەنی پارێزگا.
ج ـ بەڕێوەبەرە گشتییەکان، قایمقامەکان، بەڕێوەبەری ناحیەکان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی (لە ئەنجومەنی پارێزگا بە دەنگدان متمانەیان پێ ئەدرێ).
د ـ دادگا و دەسەڵاتی داوەری.
بەندی حەڤدە:
هەر سێ دەسەڵاتەکە سەربەخۆ ئەبن و لە یەکتری جیاکراوە ئەبن.
بەندی هەژدە:
هیچ بەرپرسێکی حیزبی و حکومی و هیچ هاوڵاتییەک بۆ کاری جینائی پارێزبەندی نیە.
بەندی نۆزدە:
حکومەتی ڕاگوزەر نەخشەی سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەڕێژێت و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمەکانی تری عێراق و کوردستان ئەکات.
بەندی بیست:
حکومەتی ڕاگوزەر نەخشەی سیاسەتی ئابوری، بازرگانی و ئەمنی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەڕێژێت.
بەندی بیست و یەک:
حکومەتی ڕاگوزەر ئەرکی ڕێکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردن و بە نیزامیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پارێزگاریکردنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی لە ئەستۆ ئەگرێت.
بەندی بیست و دو:
حکومەتی ڕاگوزەر سیاسەتی دارایی، ڕێکخستنەوەی گومرگ، بازرگانی نێوان هەرێمی پارێزگای سلێمانی و هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق و سنورەکان دائەڕێژێت.
بەندی بیست و سێ:
حکومەتی ڕاگوزەر، میزانییەی گشتی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەنێت و کار بۆ بوژاندنەوەی سیستەمی بانکی ئەکات. کار بۆ گەشەکردنی ژێرخانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ئەکات.
بەندی بیست و چوار:
حکومەتی ڕاگوزەر، کرێی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕێکدەخاتەوە.
بەندی بیست و پێنج:
حکومەتی ڕاگوزەر، ئیدارەی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەکات، بە هەمو کار و گرێبەستەکانی پێشودا ئەچێتەوە، بەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانی ئەو بوارە و پارێزگا و هەرێمەکانیتری عێراق ئەکات.
بەندی بیست و شەش:
حکومەتی ڕاگوزەر هەمو ئەو کێشانەی بە هۆی ئیدارەی ڕابردو توشی خەڵک و دامودەزگاکانی بوە بە شێوەی ئەرێنی (ئیجابی) چارەسەر ئەکات.
بەندی بیست و حەوت:
حکومەتی ڕاگوزەر، هەمو تۆڕەکانی پەیوەندییەکان (پۆستە و گەیاندن، تەلەفۆن، مۆبایل و ئەنتەرنێت) ڕێکدەخاتەوە و پیاچونەوە بە سیاسەت و گرێبەستەکانی پەیوەندییەکانی گەیاندنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەکات.
بەندی بیست و هەشت:
حکومەتی ڕاگوزەر، گرنگی بە کەرتی تەندورستی گشتی و دامودەزگا گشتییەکانی ئەدات و کاری کۆمپانیاکانی دەرمان و خەستەخانە تایبەتەکان ڕێکدەخاتەوە.
بەندی بیست و نۆ:
حکومەتی ڕاگوزەر، گرنگی بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆ گشتییەکان ئەدات و کاری کۆمپانیا و دەزگا تایبەتەکانی ئەو بوارە ڕێکدەخاتەوە.
بەندی سی:
حکومەتی ڕاگوزەر، کاروباری ڕەگەزنامە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێکدەخاتەوە.
بەندی سی و یەک:
حکومەتی ڕاگوزەر، بە هاوکاری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان، لیستی دەنگدەرانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ڕێک و پاک ئەکاتەوە.
بەندی سی و دو:
حکومەتی ڕاگوزەر، کاروباری پەناهەندە و ئاوارەکانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ڕێکدەخاتەوە.
بەندی سی و سێ:
هەر یاسایەک دژی بەندەکانی ئەم پرۆژەیەی هەرێمی پارێزگای سلێمانی بێت، لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەڵدەپەسێردرێ و کاری پێ ناکرێت.
بەندی سی و چوار:
هەر یاسایەک دوای (ڕەزامەندی و بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق)، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەوە تایبەت بە هەرێمی پارێزگای سلێمانی دەربچێت باڵاترە لە یاساکانی پێشوو.
بەندی سی و پێنج:
ئەندامان و بەرپرسەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەگەر پێش دو ساڵ دەستی لە کارەکەی نەکێشابێتەوە مافی خۆ پاڵاوتنی بۆ هیچ پۆستێکی گشتی نیە.
بەندی سی و شەش:
هەتا دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای هەڵبژارنەکانی پارێزگاکانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
بەندی سی و حەوت:
حکومەتی ڕاگوزەر، هەوڵ ئەدات لە نزیکترین دەرفەتدا، هەڵبژاردنی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بکات.
بەندی سی و هەشت:
ئەنجومەنی پارێزگا کۆبونەوەکانی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی و بە ئاشکرا ڕێکدەخات.
دەروازەی چوارەم
( دەسەڵاتی دادوەری )
بەندی سی و نۆ:
أ ـ دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و جگە لە یاسا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە.
ب ـ دەسەڵاتی دادوەری بە بێ جیاوازی دەسەڵاتی بەسەر کەسایەتی مەعنەوی و ئاساییدا هەیە.
ج ـ دەسەڵاتی دادوەری میزانیەی سەربەخۆی ئەبێت و لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆی دیاری ئەکرێت.
د ـ دەسەڵاتی دادوەری بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری ئەتوانێ دادگای تایبەت پێکبهێنێت.
درەوازەی پێنجەم
(پێکهاتەی دەستەی نوێ)
بەندی چل:
أ ـ پێکهێنانی چەندین دەستەی جیاواز بۆ (مافی مرۆڤ ، دەستپاکی ، چاودێری دارایی ، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی گشتی).
ب ـ ئەندامانی ئەو دەستانە بە پێی یاسا و بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان، لە ئەنجومەنی پارێزگا دادەنرێن.
ج ـ ئەندامانی ئەو دەستانە نابێت فەرمانبەری دەزگا حکومییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بن.
دەروازەی شەشەم
(قەزا و ناحیە و گوندەکان)
بەندی چل و یەک:
أ ـ سنوری جوگرافی قەزا و ناحیە و گوندەکان بە پێی نەخشەی ئیداری باوەڕپێکراوی عێراق دیاری ئەکرێت. هەتا نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ناوەکانیان وەک خۆیان دەمێننەوە.
ب ـ بە شێوەی لامەرکەزی دەسەڵاتەکانیان پیادە ئەکەن.
ج ـ بە پێی ڕێژەی دانیشتوان، لە ئەنجومەنی پارێزگا میزانیەیان بۆ دیاری ئەکرێت.
د ـ مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێیی خۆیانیان هەیە، ڕاستەوخۆ پەیوەستی ئەنجومەنی پارێزگا ئەبن.
بەندی چل و دو:
پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەتا نوسینەوەی دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانی، تایبەتمەندییەکانیان وەک خۆیان پارێزراو ئەبێت. لە دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانیدا، ئەوان و هەمو قەزاکانی تریش مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیانیان هەیە، وەک پارێزگا یان هەر شێوازێکی تری دەستوری کە بیانەوێت لە ناو هەرێمی پارێزگای سلێمانیدا، بەڕێوەبردنی خۆیان ڕێکبخەن، بە داهات و دەسەڵاتی زیاترەوە لە ئێستا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق