د.شێركۆ حمە ئەمین
-
هەرێمی کوردستان،تا ئێستا میدیای نیشتمانی نیە و هەر حیزب و بنەماڵە و خێزانی سیاسی و ئەشخاسی خاوەن بڕیاری ناو حیزب میدیای تایبەتی خۆیان هەیە و بەردەوام خەریکی ماکیاژ و فوتێکردنی خاوەنەکانیانن.
لەماوەی ڕابوردودا،لە ناو بازاڕ یان لە جێگای تر خەڵکی هەرێم ڕاستی ناخی خۆیان،لە بارەی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە چەتەییەی کوردستان گەیاندبێت،دواتر ئەم مییدیا بنەماڵەیی و خێزانی و حیزبیانە سەردانیان کردن و بەجۆرێک،لە ڕوگیری و هەندێ جاریش فشار قسەیان،لە قازانجی ئەم دەسەڵاتە چەتەیە پێ دوبارەکردونەتەوە،لە دایکبونی ئیدیۆمی(وام زانی ڕادێۆیە) بەرهەمی ئەم جۆرە فشارەی میدیا کەسی و حیزبی و بنەماڵەییەکانە،کەبە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان کاردەکەن.
تازەترین نمونەش( دایکە عادیلە)ی خاوەنی هەشت قوربانی ئەنفالە،کە قسەی ناخی خۆی،بۆ مستەفا کازمی کردو لە نائومێدی و نەمانەی متمانە،بەم دەسەڵاتەی هەرێمەوە وتی: کوردستان ئەمانەتی، تۆ دەکەین.
ئەم قسەیە زۆر ڕونە و داوای پاراستنی ژیان و سەلامەتی کوردستانە،کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی،خێزانی هەرێم ژیانی خەڵکی،وەک دۆزەخ لێکردوە و سوپای دەرودراوسێشی پەلکێشی هەرێم کردوە.
بەڵام ببینن، هەردو کەناڵی( ڕوداو،کوردستان ۲٤)ی هەر دو ئامۆزا،سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت،چۆن سەردانی دایکە عایلە دەکەن و چاوپێکەوتنی،لە گەڵ دەکەن و قسەکانی پێ دەگۆڕن و لێکدانەوەی جیاوازی،بۆ دەکەن!
من خۆم هیوام،لە سەر کازمی هەڵنەچنیوە و جارێ زوە،بۆ بڕیاردان و دەبێت ئەنجام ببینین،دڵنیاشم دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێم هێز و وزەی مانەوە،لە یەکتر وەر دەگرن و بە گوتاری حەماسی و بە شەیتان و فریشتەکردن،کار لە بەشێک،لە شەقامی کوردی و عەرەبی دەکەن.
گریمان میدیاکانی خۆیان،بۆ چەند ساتێک ڕاستیەکانیان،بەدڵی دەسەڵات گۆڕی و دڵی دەسەڵاتی بنەماڵەییان خۆشکرد،کەتەنیا حەزیان،لە پیاهەڵدانە و نایانەوێت،ڕاستیەکانی ناو خەڵک ببینن و ببیستن،دڵنیابن ئەو وێنەو گردبونەوە و یاداشتانەی دراون،بە کازمی و هیوایان،لەسەر هەڵچنراوە،هۆکارەکەی فەشەلی دەسەڵاتی بنەماڵەیی،حیزبی چەتەیی کوردستانە،هۆکارەکەی ئێوەن،کە تەنیا،لە خەمی خۆتان و پارەکانتاندان و ناشتانەوێت ڕاستیەکان،وەک خۆیان ببینن و ببیستن.
ئێوەبەجۆرێک شکۆتان شکاوە،بۆ بەغدا و دەر و دراوسێ،لە سەر چۆکن،ئێستا،لە داوای جیابونەوە و خاک و شەراکەتەوە چاوتان،لە تەنیا ۳۲٠ ملیار دیناری بەغدایە!
باشبزانن،میدیا،تاسەر ناتوانێت،ناشیرینیەکانتان
بشارێتەوە و ڕاستیەکان بگۆڕێت و هێزو پارەش،بۆ هەمیشە فریاتان ناکەوێت.
مێژوو پێمان دەڵێت،درەنگ یان زوو بەر نەفرەت و تۆڵەی گەل دەکەون.
شێرکۆ حەمەئەمین
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق