سەرۆكایەتییەكانی عێراق جەخت دەكەنەوە چەك بە دەست دەوڵەتەوە بێت و نێردە دبلۆماتییەکانیش پارێزراوبن و دەستدرێژیی بۆ سەر ئاسایش و سەرورەی عیراقیش بوهستێندرێن
سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٧ لە كۆشكی بەغداد، میوانداری کۆبوونەوەی سهرۆکایهتییهکانی عێراق کرد، کە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و محەممەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی بوو، لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسی و لێكەوتە مەترسیدارەكانی بۆ سهر عیراق تاوتوێ كران.
كۆبوونەوەكە جەختکرایەوە كە پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەم دواییە و بەئامانج گرتنی بنكە و بارەگا مەدەنی و سەربازییەكان، و بەردەوامی تیرۆر و رفاندنی چالاكوانە مەدەنییەكان، مەبەست لێی بەئامانج گرتنی عێراق و سەرورەی خاكەكەی و پڕۆژە نیشتمانییەكەیەتی كە حكومەتی ئێستای عێراقی لەسەر دامەزراوە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و پاراستنی شكۆی دەوڵەت و رێخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی دادپەروەرانە، ئەمە جگە لەوەی زیان بە ناو و ناوبانگی عێراق و پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەگەیەنێت.
ئامادەبوونی كۆبوونەوەكە ئاماژەیان بەوەشدا كە بەردەوامی پشێوییە ئەمنییەكان و لێكەوتەكانی، زیانێكی گەورە بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت كە لە هەوڵدایە تەنگژە داراییەكەی ئێستا تێپەڕێنێت كە بە هۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە تووشی هاتووە، هەموو ئەمانەش دەرفەتەكانی دەربازبوونی عێراق لە كێشە و گیروگرفتەكانی بەرتەسك دەكەنەوە.
سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیانكردەوە كە عێراق لە حاڵەتی جەنگدا نییە، جەنگی عێراق تەنھا دژ بە تیرۆرە، لەو بوارەشدا گەلی عێراق و سەركردە و هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی قۆناغێكی دوور و درێژیان لە خەبات و تێكۆشان لە زاڵبوون بەسەر تیرۆر و تیررستاندا بڕیووە.
كۆبوونەوەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جاڕدانی جەنگ تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتە، لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور ئەو بڕیارە دەدرێت، بۆیە هیچ لایەنێك بۆی نییە ئەو بڕیارە بدات، هەروەها عێراق بە تەواوی ئەوە رەتدەكاتەوە كە دەست لەكاروباری هیچ دەوڵەتێك وەربدات، بۆیە رازیش نییە هیچ لایەنێك دەستوەرداتە كاروبارە نێوخۆییەكانی و خاكەكەشی بكەنە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكانیان یان بنكەیەك بێت بۆ هێرشكردنە سەر دەوڵەتانی دیكە. عێراقییەكانیش كۆك و تەبان لەوەی پایەكانی دەوڵەتێكی نیشتمانی خاوەن سەروەری تەواو پتەوتر بكەن كە بە تەواوی بەدوور بێت لە پاشكۆیەتی بۆ دەرەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختیش لەوە كرایەوە كە ئەو كار و كردەوانەی لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێن دژ بە سەروەری و شكۆمەندی عێراقن، مەترسییەكی گەورەشن بۆ سەر سەقامگیری لە عێراقدا، بۆیە دەبێت هێزە سیاسییەكان لە هەموو ئاستەكاندا كۆششەكانیان یەكبخەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە و پشتیوانیش لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بكەن كە دەیەوێت ئاسایش و سەرورەی بۆ عێراق دەستەبەر بكات.
كۆبوونەوەكە باس لەوەشکرا هەڵویستەكان یەكبخرێن و رێزەكانی گەلی عێراقیش تۆكمەتر بكرێت، تاوەكو بەر بە لێكەوتەكانی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە بگیرێت، ئەو رێوشوێنانەش بگیرێنەبەر كە دەتوانن سەقامگیری ئەمنی بۆ عێراق فەراهەم بكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا پشتیوانی بۆ كۆششەكانی حكومەتی عێراق تەئکیدکرایەوە لەوەی چەك تەنها بە دەست دەوڵەتەوە بێت، ڕێگری بكرێت لە بەئامانجگرتنی نێرە دبلۆماتییەکان کە پاراستنیان لە ئەستۆی حكومەتی عێراق دایە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەوە دووپاتكرایەوە كە عێراق پابەندە بە دەرهاویشتەكانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رێككەوتننامەی دووبارە جێگیركردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لەو ماوە زەمەنییە لەسەری رێككەوتوون، هەروەها پابەندە بەو هاریكارییە دوور مەودایەی لە سەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا لەسەری رێككەوتووە، بە تایبەتیش لە بواری راهێنان و پڕچەككردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و جەنگی دژ بە داعش، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هیوای ئەوەشیان خواست كە هەڵوێست و مامەڵەی لایەنی ئەمریكی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە دوا پەرەسەندنەكانی عێراق بە ئاڕاستەی پشتیوانی لە كۆششەكانی حكومەتی عێراق بێت لە برەودان بە دەسەڵاتی دەوڵەت و دابینكردنی كەشوهەوایەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
كۆبوونەوەكە پێداگریشی لەو راسپاردە گرنگانە كردەوە كە لە بەیاننامەكەی سەماحەتی عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵادا هاتووە كاتێك پێشوازی لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، بەو پێیەی نەخشەی ڕێگایەكە بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان و كەمكردنەوەی كاریگەری تەنگژەكان و دەشتوانن كەشوهەوایەكی گونجاو و لەبار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەر و ئازاد دابین بكات.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكایەتییەكانی عێراقدا جەختیان لەوەش کردەوە کە سەماحەتی عەلی سیستانی دەستەبەر و گەرەنتییە بۆ پاراستنی یەكڕیزی عێراق و گەلەكەی، دووپاتی ئەوەشیان كردەوە كە هەر لێدوانێكی نەشیاو سەبارەت بە پێگەی مەڕجەعیەت قابیلی قبوڵکردن نییە، پێگەی مەڕجەعیەتیش بۆ گەلی عێراق و موسوڵمانان و مرۆڤایەتیش جێگەی رێز و نرخاندنە، هیواخوازیش بوون سەماحەتی عەلی سیستانی هەمیشە ساغ و تەندروست بێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق