عارف قوربانی
-
وا نزیكده‌بینه‌وه له سێهه‌مین ساڵه‌ی ریفراندۆمی گه‌لی كوردستان، ئه‌و هاواره‌ی جیهان گوێی لێنه‌گرت. ده‌مێك بوو كورد به ته‌نها هاواری به‌گوێی دونیادا ده‌دا كه عێراق له رێچكه و چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسا و رێساكان لایداوه، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی له‌سه‌ر بیناكرایهوه، بووه به ئامراز به‌ده‌ستی هێزگه‌له هه‌رێمایه‌تییه‌كان و به‌ره‌و سه‌ركوتكاریی گه‌له‌كه‌ی خۆی هه‌نگاو ده‌نێت. به‌ڵام وه‌كو چۆن له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارانه‌ی سه‌دام و له چركه‌ساتی تاوانه‌كاندا جیهان چاو و گوێچكه‌ی داخستبوو، بۆ (عێراقی هیوا و ئاشتیش) به هه‌مان شێوه، كه‌س گوێی له هاواری كورده‌كان نه‌گرت.
ئه‌وه‌ی بووه هۆكاری ئه‌و رووداوگه‌له ترسناكانه‌ی كه هیچ متمانه‌یه‌كی بۆ پێكه‌وه‌یی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عیراق نه‌هێشتووەته‌وه. هه‌روه‌ها بووه زاده‌ی له‌دایكبوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و حه‌شد و له داهاتووشدا ره‌نگه گرووپگه‌لی مه‌ترسیدارتر له‌دایكبن، بێده‌نگیی جیهان و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مریكا بوو كه عیراقی نوێ له منداڵدانی ئه‌وه‌وه له‌دایكبوو، وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كرد ده‌یكاته وڵاتێكی دیموكراسی و نموونه‌ی پێكه‌وه‌یی جیاوازییه‌كان. به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی پێچه‌وانه كه‌وته‌وه، عێراق بووه خراپترین وڵاتی نادیموكراسی، له‌ڕووی گه‌نده‌ڵییه‌وه گه‌یشتووەته ریزی پێشه‌وه‌ی وڵاته گه‌نده‌ڵه‌كان، له‌ڕوویی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانییه‌وه، بووه‌ته وێرانه‌یه‌ك مه‌گه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی له جه‌نگی جیهانی داگیركرابوون به‌و جۆره بووبنه كه‌لاوه. له‌ڕووی هه‌ژارییه‌وه عێراق وا ده‌چێته ناو ریزی ئه‌و وڵاتانه‌وه كه به‌هۆی هه‌ژاریی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه پێویستی به كۆمه‌كیی وڵاتان بێت. له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان (وڵاتی نێوان دوو رووبار) رۆژانه بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه خه‌ڵكی ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام. خۆپێشاندانی شاره‌كانی خوارووی عێراق گه‌واهی مه‌ترسیداری داته‌پینی حوكمڕانیی وڵاته‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌كان و ململانێی هه‌رێمایه‌تی ناهێڵێت چاوه‌كان بچنه سه‌ر مرۆڤه برسی و تینووه‌كانی عێراق.
به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی نێرده‌ی تایبه‌تی بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسه‌وه به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی كرد و زۆر راستیی گرنگی وروژاند كه بۆ یه‌كه‌مجاره له ناوه‌ندێكی گرنگی نێوده‌وڵه‌تیی ئاوا به كراوه‌یی باس له كێشه‌كانی عێراق بكرێت. له رێژه‌ی بێكاری و برسێتی، هه‌ژاری و ئاستی گه‌نده‌ڵی، له پێشێلكردنی ئازادی و سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك، له تیرۆر و كوشتنی سه‌تان خۆپێشانده‌ر. له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌وه‌ی گرنگ بوو دانپێدانانی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو به‌وه‌ی عێراق كار به ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی ناكات.
ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگه و پێویسته كاری له‌سه‌ر بكات، ئه‌و گه‌واهییه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه له‌و ناوه‌نده گرنگه‌ی جیهان كه ده‌ستووری عێراق كاری پێناكرێت. له دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراقیشدا زۆر به روونی ئه‌وه هاتووه كه زامنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و پێكه‌وه‌یی پێكهاته‌كانی به‌ستراوه به جێبه‌جێكردنی به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستووره‌وه. ئه‌وه‌ی پێشتر كورد به ته‌نها هاواری به گوێی دونیادا ده‌كرد كه حوكمڕانانی عێراق ده‌ستوور پێشێل ده‌كه‌ن و كه‌س گوێی لێنه‌گرتین، ئه‌مڕۆ له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له پرۆتۆكۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی 26ی ئاب ئه‌وه‌یان تۆماركردووه كه عێراق كار به ده‌ستوور ناكات. بۆیه نابێت كورد بهێڵێت ئه‌م بابه‌ته هه‌ر وه‌ك پرسێكی میدیایی تێپه‌ڕێت و ته‌نها وه‌ك هه‌واڵی ناو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات. ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته ئیستسمار بكرێت.
ئێمه كه‌متر له سێ هه‌فته‌ی دیکە ده‌چینه ناو ساڵڕۆژی سێیه‌مین ساڵه‌ی ریفراندۆمه‌وه، له چركه‌ساتی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه وڵاته زلهێزه‌كان و ناوه‌نده‌كانی جیهان باوه‌ڕیان پێنه‌كردین كه گوتمان عێراق ده‌ستوور پێشێل ده‌كات. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌تا خۆیان پێ له‌و راستییه ده‌نێن و وه‌ك هۆكارێكی سه‌ره‌كی كێشه‌كانی ئێستای و وه‌ك ئاماژه‌ی مه‌ترسیدار بۆ ئایندهی عێراق وێنای ده‌كه‌ن. بۆیه گرنگه ئێمه‌ی كورد ئه‌م ده‌رفه‌ته بقۆزینه‌وه و په‌یامێك به‌گوێی جیهاندا بده‌ینه‌وه كه به گه‌واهی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و به‌پێی دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراق، پابه‌ند نه‌بوونی عێراق به به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستوور ده‌بێت به‌و واتایه بێت كه یه‌كپارچه‌یی وڵاته‌كه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
پێویسته ئه‌مه بكرێته كارتێكی گرنگ به ده‌ستی كورده‌وه و وه‌ك ده‌رفه‌تێك بیبینێت بۆئه‌وه‌ی لانیكه‌م عێراق بخرێته‌وه ژێر ئیلتیزامات و پابه‌ندێتیی ده‌ستووره‌وه. چونكه لایه‌نه شیعییه‌كان ئه‌وه‌یان نه‌شاردووەته‌وه كه نایانه‌وێت كار به‌و ده‌ستووره بكه‌ن و به ده‌ستووری سه‌رده‌می داگیركاریی ناوده‌به‌ن. ئه‌وان خوازیاری ئه‌وه‌ن كه ده‌ستوورێكی سه‌رده‌می زێڕینی شیعه بنووسرێته‌وه، نه‌ك ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئه‌مریكا سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌ریاندا.
ئه‌وه‌ش روونه له هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا ده‌ستكاریی ده‌ستووری عێراق بكرێت، ده‌ستوورێكی زۆر خراپتر له‌م ده‌ستووره‌ی ئێستای لێ به‌رهه‌مدێت. به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی فیدراڵی و قه‌واره‌ی هه‌رێم و چاره‌نووسی كورد له‌ناو داهاتووی عێراقدا ده‌خرێته ژێر ته‌لسكۆبی ستراتیژییه‌تی ته‌شه‌یوعه‌وه. به دڵنیاییه‌وه لایه‌نه شیعییه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌م وروژاندنه‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بقۆزنه‌وه بۆئه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی دیکە بۆ عێراق بنووسرێته‌وه به پاساوی ئه‌وه‌ی ده‌ستووری ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێت و له‌گه‌ڵ واقیعی ئێستای عێراق ناگونجێت.
به دڵنیاییه‌وه ده‌ستوورێك له‌ژێر هه‌ژموون و حوكمی زۆرینه‌ی شیعه‌دا بنووسرێته‌وه هه‌ر هاوشێوه‌ی ده‌ستووری ئێستای ئێران ده‌بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادیدان به كورد و سوننه له وڵاته‌كه‌دا. بۆیه ده‌بێت كورد زۆر به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه بكات، ده‌بێت ئه‌و دانپێدانانه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش وه‌ك ئاماژه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق ببینێت، وه به‌و جۆره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، تاوەکو ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێت هیچی دیکەی لێ ده‌ستكه‌وێت، هیچ نه‌بێت رێگه له‌وه‌ش بگرێت ده‌ستوورێكی دیکەی تایفی به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق