ترەمپ یان بایدن؟

ليست هناك تعليقات


 محمد ڕەئوف
-
لە هەڵبژاردنی پێشوی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە لە 2016 لە نێوان هیلاری كلنتۆن و دۆناڵد ترەمپ بەرێوەچوو، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەدا ماوەی 28 رۆژ لە ئەمریكا بووم، لەو ماوەیەدا لە (6) ویلایەتی ئەمریكا ئاگاداری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بووم و لە هەندێك لە كەمپەینەكان بەشداردەبووین، ئەگەر چی من بانگهێشتی خولێكی تایبەت بە رۆژنامەنووسی بنكۆڵكاری كرابووم، بەڵام بەشداریمان لە بەشێك لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی كۆماری و دیموكراتەكاندا كرد.

من كە بە تێروانینێكی رۆژهەڵاتی و موتابیعی سیاسەتی دەرەوەو دیوی دەرەوەی ئەمریكام كردبوو، لە دوورە پێشبینی زۆری دەرچوونی ( هیلاری)م دەكرد و لەناخیشیەوە حەزم بە دەرچوونی ئەو دەكرد، بەڵام كە چوومە ئەمریكا و تێكەڵاویم لەگەڵ خەڵكی چین و توێژە جیاوازەكان و شەقامی ئەمریكی بوو تێڕوانینم گۆڕا.

ئەگەر خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆجی بۆ تاكی شەقامی ئەمریكی بكەیت، كە زۆرینەیان كەمتر گرنگی بە ژیانی سیاسی و دۆخی سیاسی دەدەن، روانینیان بۆ سیاسیەكان زۆر جیاوازە، ئێمە كە هەندێك جار دەچونە ناو بازاڕو شەقامەكان لە هەندێك ویلایەت دەمانویست رای هاوڵاتیانی ئاسایی وەربگرین لەسەر هەڵبژاردن، زۆرینەیان موهتەم نەبوون، وەڵامیان نادایەوە، زۆر بە گرنگی نەیان گرتبوو.

بەڵام كاتێك دەمانخستنە بەردەم دوو بژاردەو دەمانوت ( هیلاری) یان (ترەمپ) یەكسەر پێدەكەنین و دەیان وت ترەمپ (crazy) واتا ترەمپ شێتە، وێناكردنی ترەمپ بە شێت مانای وانەبوو كە پێیان خراپ بێت، رەفتارو سلوك و لێدوان و جوڵەكانی جیاواز بوو، جیاوازبوو لە پرۆتۆكۆڵی سەركردەو كارەكتەرە سیاسیەكان، جوڵەو سلوكەكانی تەعبیری لە ناخی تاكی ئەمریكی دەكرد، ئەو جیاوازییەی ترەمپ بۆخۆی واقیعێكی لە شەقامی ئەمریكیدا درووست كردبوو، بەو پێوە دانگەی ئەمریكیەكان حەزیان بە كارەكتەری جییاواز بوو، ترەمپ ببو بە دیاردەیەك كە لەناو هەموو توێژەكاندا باس دەكرا، ئەمەش بە دێوێكدا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن پۆزەتیف بوو.

لە پاڵ ئەوەی ترەمپ هەمیشە وەك كارەكتەرێكی سیاسیی و ئابوری بەهێز خۆی پیشان دەدا، كەلتوری ئەمریكیەكان ئەوەیە كە خەڵكی ئازاو بەهێزیان خۆش دەوێت، هەر سەركردەو كەسێكی بیانی دەبینن یەكەم وەسفیان ئەوەیە كە سەركردەیەكی ئازاو بەهێزە، هیلاری لەرووی كەسایەتی سیاسیەوە بەهێز بوو، بەڵام ئەمریكیەكان لە هیلاری بەهێزتریان دەویست.

ئێستا ململانێكە لە نێوان ترەمپ و بایدندایە، ئەگەرچی ترەمپ لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا خاڵی لاوازی زۆر بوو، بەڵام وەك هێزوو ئازایەتی و لێهاتوویی تا ئێستاش لە پێش ركابەرەكەیەوەیەتی، بایدن وەك كەسێكی لاوازو بەتەمەن دەردەكەوێت، بۆیە ئەو لاوازیەی بایدن، خاڵی لاوازی بایدنە بە نیسبەت بەشی زۆری شەقامی ئەمریكیەوە، ئەگەرچی كۆرۆنا دەستبارێكی بەهێزی بایدنە، بەڵام رەنگە تەنها كۆرۆنا نەتوانێت بایدن بەرێتە كۆشكی سپی.

بە پێی زۆریك لە راپرسیەكان بایدن بە چەندین خاڵ لە پێش ترەمپەوەیە، بە پێی راپرسیەك كە لە 13/10/2020 كراوە (بایدن 51% لەبەرامبەردا ترەمپ 43%)، بەڵام زۆر جار ئەنجامی راپرسیەكان درووست ناكەونەوە، بەو پێیەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا 2016، لە زۆربەی راپرسیەكاندا هیلاری لە پێش ترەمپەوەبوو بەڵام ترەمپ سەركەوت، لە راپرسیەكدا كە لە 6/11/2016 كرابوو دوو رۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن لە (واشنتۆن پۆست) بڵاویكرایەوە ( هیلاری 48% و ترەمپ 43%)، بەڵام ئەنجامەكە پێچەوانە دەرچوو.

من بەر لە چوونم بۆ ئەمریكا وەك چاودێرێك لەدەرەوە رووداوەكانم دەبینی پێم وابوو كە (هیلاری) دەرچوونی مسۆگەرە، بەڵام كە چوومە ئەمریكا و نزیكەی مانگێك مامەوە لەناو هەڵمەتی هەڵبژاردنداو دوای گەڕانەوەم پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، رام گۆڕاو وتم بە خوێندنەوەم بۆ گەل و شەقامی ئەمریكی ( ترەمپ) سەردەكەوێت.

سەرئەنجام هیلاری (63 ملیۆن و 390 هەزارو 669) دەنگی بەدەستهێنا و ترەمیش (61 ملیۆن و 820 هەزارو 845) دەنگی بەدەستهێنا، لە كۆی (538) نوێنەر، هیلاری (232) نوێنەری بردەوە، ترەمپ (290) نوێنەری بردەوە كە سەركەوتن پێویستی بە (270) نوێنەربوو.

ئێستاش سەرەرای گۆڕانی باردۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی جیهانی، بەڵام بەشێك لە رووداوەكانی ئێستا هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتین، رووداوەكان كاریگەرییان لەسەر لاوازی پێگەی ترەمپ كردووە، بەڵام خاڵی بەهێزیشی زۆرە لەبەرامبەر ركابەرەكەی.

لە هەڵبژاردنی پێشوو دەیانوت ترەمپ شێتە، لەم هەڵبژاردنەدا دەڵێن ترەمپ درۆزنە، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردووەتەوە، لە ماوەی سەرۆكایەتی تا مانگی ئابی 2020 ترەمپ ( 22 هەزارو 247) درۆ یان قسەی ناڕاستی كردووە

ئاسان نیە پێش بینی بۆ بردنەوەی ترەمپ یان بایدن بكرێت، ئەمریكیەكان كارەكتەری بەهێزو جیاوازیان دەوێت، بایدن كارەكتەرێكی زۆر جیاواز نیە كە ترەمپی تێپەڕاندبی، بایدن هاوشێوەی ئۆباما نیە، ئۆباما لە هەردوو خولەكەدا خاوەنی كارەكتەرێكی جاواز بوو لەبەرامبەر ركابەرەكانی، بۆیە ئاسان نیە بایدن بچێتە كۆشكی سپی چونكە هێشتا ترەمپ جیاوازتر و بەهێزتر دەردەكەوێت لەچاو ركابەرەكەی، بەڵام بارودۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی گۆڕانكاری لە پێشبینیەكاندا دەكات و كاریگەری لەسەر گۆڕانی خوێندنەوەو پێشبینی بۆ ئەنجامەكان دەكات و ئەگەری كەوتنی ترەمپیش ئەگەرێكی لاواز نیە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif