د.ئەنوەر محمد فرج
-بەشی_سێیه‌م
پرۆسه‌ى دووه‌م: (ئاوابوونی ئایین، The Decline of Religion):
به‌پێی ئه‌م پڕۆسه‌یه بیرۆكه‌ى بنه‌ڕه‌تى تیۆری بهسێكیولاركردن بریتییه له‌وه‌ى كه "هه‌نگاونان به ئاراسته‌ى (مۆدێرنێتی، الحداثة، Modernity) ده‌بێته هۆی پاشه‌كشه‌ى ئایین، ته‌نانه‌ت هه‌ره‌سهێنانی ئایین له هه‌ردوو ئاستی كۆمه‌ڵگا و بیروهۆشی تاكه‌كاندا".
پاشه‌كشه‌ی ئایین له به‌شێكی كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌كاندا سه‌لمێنه‌ری ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ن، له‌گه‌ڵ جێگیربوونی مۆدێرنێتیدا به‌رده‌وام ئایین جێگه‌ی خۆی چۆڵده‌كات بۆ ئه‌قڵگه‌رایی و زانست، به ده‌ربڕینی (ماكس ڤه‌یبه‌ر، Max Weber) (جیهان له سیحر داده‌ڕنرێت، Disenchantment)، به‌ڕای پۆزهتیڤیستهكانیش ئایین ده‌بێته مێژوویه‌ك له دوامانه‌وه نه‌ك ئه‌گه‌رێك له ئێستا‌و ئاینده‌ماندا.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانای ده‌روونناسی ئه‌مریكایی (Steven Reiss) به ناونیشانی (Four Reasons for Decline of Religion) چوار هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌ستنیشان ده‌كات بۆ پاشه‌كشه‌ى ئایین له كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مریكادا كه بریتیین له (لاوازبوونی ئایینی رێكخراو له به‌رامبه‌ر رۆحگهراییدا، لاوازبوونی خێڵگه‌رایی له به‌رامبه‌ر مرۆڤگه‌راییدا، لاوازبوونی خێزانی نه‌ریتی له به‌رامبه‌ر خێزانی نانهریتیدا، لاوازبوونی متمانه له به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی متمانه له دامه‌زراوه‌كاندا).
’مۆدێرنیزم_ده‌بێته_هۆی_پاشه‌كشه‌ى_رۆڵی_ئایین" گریمانه‌یه‌كی (بێلایه‌نه له‌ڕووى به‌هاییه‌وه، Value Free)، واته وه‌سفێكه بۆ جیهانێك كه له دروستبووندایه، به‌ڵام ره‌نگه بۆ هه‌ندێك هه‌واڵێكی خۆش و پۆزه‌تیڤ بێت و مانای رزگاربوون بێت له خورافه و دواكه‌وتوویی و نائه‌قڵانیه‌ت، بۆ ههندێكیتریش هه‌واڵێكی ناخۆش و نێگه‌تیڤ بێت و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌بێت بۆ سه‌ر به‌ها مرۆییه‌كان و مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و ته‌نانه‌ت وه‌ك پرۆسه‌ى بهئاژهڵكردنی مرۆڤ وێنای بكه‌ن.
له‌ڕووی واقیعییه‌وه دیارترین ره‌خنه كه ئاراسته‌یه‌ى ئه‌م گریمانه‌یه ده‌كرێت بریتییه له‌وه‌ى كه مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی كرداریی حاشاهه‌ڵنه‌گر شكستی ئه‌م گریمانه‌یه‌ى سه‌لماندووه، بۆ نموونه:
1. هه‌رچه‌نده مۆدێرنێتی ئاراسته‌یه‌كی بهسێكیولاركردنی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، به‌ڵام هاوشانی ئه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌یه‌كی فراوانی دژه سێكیولارى به‌رهه‌مهێناوه به تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپا و له جیهانی پاش كۆلۆنیالیزمدا، به‌تایبه‌تتریش له وڵاتانی پاش حوكمڕانی سۆسیالیزم له یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو، هه‌روه‌ها بێدارییه‌كی ئایینی جیهانی ده‌بینرێت له ئایینه‌كانی بودایزم و هیندۆیزم و یه‌هودیه‌ت و ته‌نانه‌ت له خودی مه‌سیحییه‌تیشدا.
2. رووداوه‌كانی جیهانی ئیسلام به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م گریمانه‌یه‌ن، سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان له‌لایه‌ك و به‌هێزبوونی ئایینداریی میللی له نێوگهلانی موسڵماندا، به‌شێوازی جیاوازی ئایینداری وه‌ك پارت و رێكخراوه ئیسلامییه‌كان و عیرفان و سۆفیگه‌ریی و سه‌له‌فییه‌ت و بزوتنه‌وه چهكدارهكانیشهوه. له‌وه‌ش زیاتر هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ى كه زیاتر مۆدێرنێتی تێدا جێبه‌جێكراوه، دیارده‌ی ئایینداریی تێیاندا به‌هێزتره وه‌ك میسر‌و توركیا‌و مالیزیا‌و تونس.
3. بهسێكیولاركردن له ئاستی كۆمه‌ڵگادا به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت كه بهسێكیولاركردنی تێگه‌یشتنی تاكه‌كه‌سی به‌رهه‌مدێنێت، بۆیه ده‌بینین دامه‌زراوه ئایینیه‌كان له چه‌ندین شوێنی جیهان پێگه‌یان له‌ده‌ستداوه یان كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌بینین هاوشانی ئه‌وه بیروباوه‌ڕی ئایینی له ئاستی تاكه‌كه‌سیدا هێشتا به‌هێزه‌و بگره شێوازی دیكه‌ى بیروباوه‌ڕی ئایینی له سه‌رده‌می نوێ‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه، ته‌نانه‌ت له خۆرئاواش ئه‌مریكا نموونه‌یه‌كی روونه له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه.
4. یه‌كێكی تر له‌و دیاردانه‌ى كه ئه‌م گریمانه‌یه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه بریتییه له بڵاوبوونه‌وه‌ى ئایینی ئیسلام له كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كانی ئه‌وروپادا، دروستبوونی كۆمیونیتهیهكی موسڵمان له وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا دیارده‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، هه‌رچه‌نده ئاراسته‌ى ئیسلامۆفۆبیا ده‌یه‌وێت وێنایه‌كی نادروستی ئه‌و دیارده‌یه بكات، به‌ڵام به‌ده‌ر له هه‌ندێك كه‌یسی توندڕه‌وی ئایینی و كار‌و كاردانه‌وه‌ى توندوتیژی و ره‌گه‌زپه‌رستی و راسیزم، ئه‌م دیارده‌یه ده‌بێـت له رووی كۆمه‌ڵناسی و فره كه‌لتوورییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی قوڵتر گفتوگۆ بكرێت.
سیاسه‌تناسی
سێكیولاریزم
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق