تەنیا کوردی
-
ئەگەر کەسێک نەبێ ئەمەریکا گێچەڵی شەڕی پێبفرۆشێ، ئەوا خۆی ھێزەکانی خۆی مووشەک باران دەکات و جەنگ بە ھاوپەیمانەکانی دەفرۆشێ، ئەمەریکا سروشتێکی ھەیە لەنێو ئاشتیدا ھەمیشە جەنگ دەخوازێ، چونکە تایبەتمەندی ئەمەریکا وەک رووسیا نییە کە خۆی لەسەر نفووزی وزە پێناسەکردەوە لە رۆژھەڵاتی ناوین و بەرێگەی جوڵەی وزە پێگەی سەربازی خۆی داڕشتەوە لەو شوێنانەی کە بە جەنگی سارد لە بەرامبەر ئەمەریکا شکستی برد، وەک چینیش نییە کە لەسەر نەخشەی ناوچەکە جەنگی ئابووری بە کاڵاکانی بکات، ئەگەرچی ئەمەریکا لە رێگەی تاڵیبانەوە لە ئەفگانستان دەیەوێ مەکینەیەکی ئیرھابی لە دژی بەرژەوەندی ئابووری چین ریسایکلین بکاتەوە و لە ساڵانی دابێ بیانخاتە گەڕ.
ئەمریکییەکان ھیچ کات بەرژەوەندییان لە سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناویندا نییە، بۆیە ھەمیشە بژاردەی خولقاندنی رووداوە جەنگییەکان دەخەنە سەر جیوگرافیای ناوچەکە..لە عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادی، لە ھەندێ ناوچەدا بە گوێرەی سەرچاوەی زانیارییەکان، لەوکاتدا ئەمەریکا خۆی مووشەکی دەگرتە شوێنەکانی خۆی تا وێنەیەکی ناسەقامگیر لە عێراقدا دروستبکات و عێراق بخاتە دۆخی رێککەوتنێکی فەرزکراو، بەڵام عێراقییەکان بەتایبەت شیعەی سیاسی لەبەر ئەوەی کە عەقڵێکی ستراتیژی بەریتانیا دەیجوڵاندن و ئێرانیش لە ڕوویی ھەواڵگرییەوە پشتگیری دەکردن، شیعەی سیاسی نەکەوتە شەڕی یەکتر..کاتی خۆی کە ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیران بوو خەریکبوو کۆتایی بە ھەندێ سەرکردەی شیعەی وەک موقتەدا سەدر بنێت، ئەمەریکا لە دوا ساتدا گەیشت و ئاماژەی بە عەلاوی دا کە ئەگەر لەمە زیاتر لەم ھێزەی موقتەدا بدرێ، ئەوا ئەمەریکا دەتان وەستێنێ، چونکە ئەمەریکا سەیری کرد ئەگەر کۆتایی بە پرۆسەی چەکداری شیعە بێت، ئەوا کۆتایی بە بیانووی مانەوەی ئەمەریکایش دێت چونکە کە وڵات سەقامگیربوو، بیانووی مانەوەش بۆ ھێزەکانی ئەمەریکا نامێنێ.
دواجار ئەمەریکا چەکی بە عێراق دا، چەکەکانی ئەمەریکا کەوتنە دەستی حەشدی شەعبی، لە ئێستایشدا دژی حەشدی شەعبی دەیەوێ لە عێراقدا ئامانجێک بپێکێ، یان عێراقی خۆڕادەستکەر بە ئەمەریکا و ئیسرائیل، یانیش عێراقێک کە قەیرانی شەڕی نێوخۆیی لێ دەخولقێنێ.
کاتی خۆی کە ھێزێکی ئەمەریکایی لە فڕۆکەخانەی مووسڵ بوون، چەندجارێک ئەوە گوترا کە ھەندێ لەو لوغم و مووشەکانەی لەوکاتدا لە ئەمەریکا دەگیران، یانیش ھەندێ بۆمب بە کاروانی سەربازی ئەمەریکا دەتەقینەوە، ئەمەریکاییەکان خۆیان لەوێدا ئەمکارەیان دەکرد و زیانی گیانی نەدەبوو.
لە ئێستایشدا کە لە بەغدا ھێزەکانی ئەمەریکا بە ئامانج دەگیرێن، لەمەشیاندا ئەگەر حەشد ئەم کارە نەکات، ئەمەریکا خۆی مووشەکبارانی خۆی لە عێراق دەکرد، چونکە لە ئێستادا کە کۆمارییەکان دەچنە ھەڵبژاردنەوە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ، دەبێ کۆمارییەکان یەک دوو نیشانەی تر لە رۆژھەڵاتی ناوین بپێکن، یان ئەوەتا دەبێ بە شێوەی ئاشتی ئاڵای سپی لە عێراقدا بە ئێران و میلیشیاکان ھەڵبکەن، یانیش بە تێکچوونی دۆخەکە ئامانجی خۆیان بپێکن، چونکە لە کۆتاییدا ئەمەریکا دەیەوێ عێراق بەیعەت بداتە ئیسرائیل و بچێتە نێو ئەو رێککەوتنەی کە ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل ھەیەتی.
ئەمەریکا دەیەوێ گورزێک لە حەشدی شەعبی بوەشێنێ، دەیەوێ ھێڵی جیوگرافی ناوچەکە لە باشووری کوردستان تا رۆژئاوای کوردستان درێژ بکاتەوە، نایەوێ رووسەکان لە رۆژئاوای کوردستان بوونیان ھەبێ، دەیەوێ لە جیاتی رووسەکان فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەوێدا بوونیان ھەبێ.
ئەو مووشەکانەی کە دوێنی شەویش بۆ سنووری ھەولێر نێردران، ئەم مووشەکانە کە ئامانج لێیان نزیک سنووری ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بووە یان ھەر ئامانجێکیتر کە گروپێک بیەوێ شەرعیەتی سەقامگیری ھەرێم بخاتە ژێر پرسیار یانیش ئامانجەکە ئەمەریکا بووە، ئیدی ئەمەریکا بیانووی دەستکەوت کە گروپێکی حەشدی شەعبی یان گروپێکی "قەدۆیی" لە نێو حەشد ئەمکارەی ئەنجام داوە، بەبەرچاوی جیھاندا بیانووی گورزوەشاندنی بۆ پەیدابوو، چونکە ئەمەریکا دەیەوێ شیعە بخاتە نێو حساباتی شەڕێکی شیعەی ئەمەریکایی و شیعەی ئێرانی، دەیەوێ سوونەکان بەرەو راپەڕینێک لە دژی شیعەی سیاسی ھان بدات، دەیەوێ ئاڵۆزییکە بباتە نێو ماڵی شیعە، لەگەڵ ئەوەی ئەکشنەکان بۆ ھەڵبژاردنیشە، ھەماھەنگیش لەگەڵ ئێران ھەیە، چونکە بۆ ئەمەریکاو ئێران گەمەکان ئەگەر بەبەرچاوی جیھان لە عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان بەڕێوەنەچن، دەبێ گەمەکە لە تاران ئەنجام بدرێ، زیان تەنیا بۆ عێراقییەکانە، بەڵام ئەگەر عێراق بە زوویی بەیعەت بدات رەنگە گەمەی ئەمەریکا لە عێراق بە جۆرێکی دیکە بگۆڕێت.
ئەوەی لە ئێستادا چاوی سیاسی لەسەر نییە، رووس و چینەکانن، ئەوانیش لەنێو ھاوکێشەکەدا ھەن، بەڵام ساڵی داھاتوو گەمەی ئەوانیش دەردەکەوێ، چونکە ھەردووکیان دەیانەوێ بە رێگەی ئابووری و وزە لە عێراقدا باڵانسی سیاسی بگۆڕن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق