مەسرور بارزانی: رێگە نادەین هیچ کەس ئارامیی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە

ليست هناك تعليقات


ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گرووپی هێرشکاری لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ ئەو کارەیان و دەڵێت، ئاسایش و ئاشتیی کاری لەپێشینەیانە و رێگە بە کەس نادەن تێکیان بدات. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی لە تویتێکدا کردووە، نووسیویەتی "سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەم بۆ دەستگیرکردنی ئەو گرووپانەی کە مەبەستیان بووە کاری ئاژاوەگێڕانە لە کوردستان بکەن". 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئاسایش و ئاشتیی [هەرێمی کوردستان] کاری لەپێشینەیانە و "رێگە بەهیچ کەسێک نادەین بیخاتە مەترسییەوە". 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکیا ئاماژەی بەوە کردبوو، لەو سێ گرووپەی دەستگیرکراون، گرووپێکیان "پەکەکە"ن و پیلانی هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو. گرووپێکی دیکەش هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنەسەر چەند دامودەزگایەکیان داوە، گرووپی سێیەمیش "بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە".

راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2020، بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایش "دوو پیلان پووچەڵکراونەتەوە کە یەکێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان - PKK پیلانی بۆ دانراوە، بەڵام توانراوە پووچەڵبکرێتەوە. کە هەندێکیان پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووانی ئەوروپا هەبووە و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون".

یەکێکی دیکە لە گرووپەکانەی دەسیگیرکرابوون، ماوەی ساڵێک لەژێر چاودێریدابوون لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانراوە حەوت کەسیان لێ دەستگیربکرێن کە هاووڵاتی عێراقین، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پیلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif