عوسمان گوڵپی
-
شۆفڵێك و ژمارەیەك پیاوی حكومی چەك بەدەست و لیژنەیەك بەناوی زیادەڕۆوە، دەگەنە خانوە تەجاوزەكان و بەفەرمانی میری دەمی شۆفڵ ئەدا لە دیواری خانوو و ئەیڕوخێنێ.
هەموو جۆرەكانی تەجاوزات خراپە و پێویستە ڕێگای لێ بگیرێت، پێویستە كەس پەنا نەبات بۆ یاسا شكێنی، ئەمە قسە دروستەكەیە
ئەو خانوانەی دەڕووخێنرێت زۆربەیان هی ئەو خێزانانەت توانای كڕینی خانویەكی ئاساییان نیە، تەنانەت خانووی سەر زەویە تەجاوزەكەشیان بێ حەوشەو بێ لەبخ و تەواو نەكراوە، لە نەبوونیدا نەبێ كەسی تێدا ناژی، كەچی بەبێ ئەوەی میری هیچ حسابێك بۆ ئەو ماڵە هەژارانە بكات ڕووی شۆفڵەكەیان تێدەكات و دەیڕووخێنێ.
ئەو شۆفڵ و لیژنە و چەك بەدەستانەی میری، كاتێ كەدەچن بۆ ڕووخاندنی ماڵێكی تەجاوزی قەراغی شار، دەدەن بەلای چەندین ماڵە بەرپرسی تەجاوزدا؟ دەدەن بەلای دەیان باڵەخانەی بەرپرسەكاندا كە كەس نازانێ چۆن دروستكراون، بەتەنیشت چەندین سیتی گرانبەهادا دەڕۆن كە نرخەكانیان خەیاڵین، یان هی بەرپرسێك خۆیەتی یان شەریكە لەگەڵی، ئەو شۆفڵ و پیاوانەی میری كەدەچن بۆ ڕووخاندنی ماڵی تەجاوز، بەبەردەمی دنیایەك موڵكی گران بەهای بەرپرسەكاندا دەڕۆن، هەر بەڕپرسەكان نا بەڵكو حمایە و خزمەكانیشیان شەرعیەتی تەجاوزاتیان هەیە و كەسیش نیە لەگوڵ كاڵتریان پێ بڵێ، بڕۆن سەرێك لە دەوروبەری عەزیزاوا و قولەرەیسی و ئەو شوێنانە بدەن كە شارەوانی سلێمانی دەمێكە كردنەوەی ڤێلاو خانوی تێدا قەدەغە كردوە، كەچی خانوی جوانی نوێ، خانو لە بەستنی سەقف و خانوو لەسەرەتای كردنەوەدا دەبینی، ئەمانە هی كێن؟ بەچ یاسایە؟ بۆچی میری چاوی خانویەكی سەدمەتری هەژارێ دەبینێ كەچی ڤێلای هەزار مەتری بەرپرسەكان نابینێ؟ تەنها بە پرسیار كردن خەڵكی ئەو ناوە پێت دەڵێن هی كێن، خوشكەزای فڵان كەس! برازای فیسار كەس! ئەو خانوەیان هی بەرپرسی حمایەكانی كاك فڵانە و ئەوەشیان هی سكرتێرەكەی فیسارە، ئەمانە درۆ نین و وەسڵێك نین خەڵك بتوانێ تەزویریانكات، ئەمانە بوهتان و زانیاری هەڵە نین، خانوو و ڤێلاو باخ و بینان! كێ دەیەوێ بزانێ بڕوا ببینێ، یان بڕواتە نوسینگەیەك و بڵێ دۆنمێك زەویم دەوێت بیكڕم، دوای نیشاندانی زەویەكان بە نوسینگەكە بڵێ ئەم دۆنمانە دەهێڵن خانووی تێدا بكرێت؟ یەكسەر كابرای نوسینگە دەڵێ نەوەڵا ناهێڵن، بەڵام ئەگەر واستەت هەبێ كەس قسە ناكا،
ئەوەی باسمكرد نەخەیاڵە و نە قسەی بەتاڵ، بەڵكو وڵاتێكە كە یاسا و ڕێنمایی و پیاوانی میری و زۆرێك لە بەرپرسەكانی بارێكی گرانن بەسەر هەژارانی وڵاتەكەوە، وڵاتێك بەرپرسەكانی شوقەی تەجاوز و مەعرەزی سەیارەی تەجاوز و بەنزینخانەی تەجاوز و ئوتێلی تەجاوز و چەكداری تەجاوز و ڤێلای تەجاوزیان بەڕۆژی ڕووناك و بەبەرچاوی هەموانەوە هەن، كەچی شۆفڵەكانی شارەوانی ماڵی هەژار و بێ كەسەكان ئەڕووخێنن، چونكە تەجاوزە؟
هەربۆیە نە ئینتیما بۆ خاك ماوە و نە ئاڵاو نە زمان و نەكلتور، كەسێك نیە بەزەیی بەم وڵاتەدا بێتەوە، ئەوانەی بوونەتە میلیاردلێر لەسەر ئەم خاكە لە هەموان زیاتر دژی ئەم خاكەن، دەسەڵاتی ئەوانەی دڵسۆزن تا دەرگای حەوشەی خۆیان بڕدەكات، بەداخەوە بۆ ئەو دۆخەی گەر بە خەویش شەهیدەكان بیانبینیایە چەكەكانیان فڕێ دەدا
هەربۆیە شۆفڵ و میری، تا نەتوانێ خانووی تەجاوزی كوری بەرپرس و بیناكانی باوكی بڕوخێنێ، ناتوانێ دیوارێك بڕوخێنێ كە جێگای دەستخۆشیبێ، گەر ڕووخاندنی تەجاوز تەنها هەژارەكان بگرێتەوە و بەرپرسەكان لێی دەربازبن، ئەوە چارەسەری تەجاوزات نیە، ئەوە ستەمێكی گەورەیە و بەس، موڵكی گشتی و زەوی وڵات و نەخشەی شار، بە چەندسەد خانویەكی تەجاوز تێكناچێ، شار بە فرەكوێخایی و داگیركاری زەوی لەلایەن بەرپرسان و گەندەڵی گەورە و قاچاخچێتیەوە تێكدەچێ،
هەركات میری توانی جیاوازی لە نێوان خانوی تەجاوز و تەجاوزی بەرپرسێك نەكات، هەر هەنگاوێك هەڵگرێ جێگای دەستخۆشیە، چونكە یاساكان و ڕێنماییەكان بۆ هەموان. دادەنرێن نەك بۆ هەژارو بێ كەسەكان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق