بۆشایی و مەترسییەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا‌

ليست هناك تعليقات



داوای هەمواركردن و دەستكاریكردنی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت و پرۆژەیەك لەوبارەیەوە ئامادە دەكرێت، بەپێی پرۆژەكەش رەشنوسی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق چەندین لەزمە و بۆشایی تێدایە كە دەشێ‌ بە خراپ سوودیان لێوەربگیرێت، جگە لەوەش لە پرۆژەیاساكەدا سیستمی هەڵبژاردن سیستمێكی ناكامڵە و پەنجەمۆرەكانیش بەس نین بۆ ئەوەی رێگە لە ساختەكاری بگرن.
تێبینییەكان لەبارەی كۆمسیۆن
پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن (KIE) لە پەیپەرێكدا سەرنج و تێبینییەكانی خۆی لەبارەی رەشنوسی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق خستووەتەڕوو لەنێو پەیپەرەكەدا چەند جارێك باسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە، بەتایبەت لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، هەروەك داوادەكەن لە یاساكەدا كەمترین بۆشایی بۆ گشتاندن و رێنماییەكانی كۆمسیۆن بهێڵدرێتەوە.
پەیمانگای كوردی لە بەشێكدا دەڵێت، لە هەندێك بڕگە و مادەی ئەم پرۆژە یاسایەدا تێكەڵییەك هەیە لەنێوان دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و نوسینگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكاندا، بۆ راستكردنەوەی ئەم تێكەڵییەش پێشنیاز دەكەن كە زاراوەی كۆمسیۆن گوزارشت بێت لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نوسینگەكانی هەڵبژاردنیش لە پارێزگاكان گوزارشت بن لەو نوسینگانەی لە سنووری هەر پارێزگایەكدا كاروبارەكانی كۆمسیۆن جێبەجێ‌ دەكەن.

تێكەڵی لیستەكان
لەو پەیپەرەدا چەند داواكارییەك لەبارەی پارتی سیاسی و لیستی تاكەكەسی و لیستی كراوە ئاماژەیان بۆكراوە بەجۆرێك:-
پارتی سیاسی: هەریەك لە زاراوەی (پارتی سیاسی) و تەنانەت زاراوەی (قەوارەی سیاسی) كە لە پرۆژە یاساكەدا هاتوون زیادەن، بە بەڵگەی ئەوەی خۆپاڵاوتن تاكەكەسییە.
هەروەك لەبارەی لیستی تاكەكەسیش لە چەند شوێنێكی پرۆژە یاساكەدا باس لە (لیست) كراوە، لەكاتێكدا لیست بۆ بۆ سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییە نەك سیستمی زۆرینەی براوەی یەكەم، یان زۆرینەی یەك دەنگی نەگوازراوە، لەبەر ئەوە داوادەكرێت ئاماژەی (لیستی تاكەكەسی) بگۆردرێت بۆ دەستەواژەی (پاڵێوراوی تاكەكەسی).
لەلایەكی لیستی كراوە بە دەستەواژەیەكی زیادە دادەنرێت لەناو پرۆژەیاساكەدا و لەگەڵ پێوەرەكانی ناو پرۆژەكە یەكناگرێتەوە.

بایۆمەتری و پەنجەمۆر
بەشێكی دیكەی پەیپەرەكە پەیوەستە بە میكانیزمی دەنگدان لەرێگەی كارتی بایۆمەتری و ئەلیكترۆنی و پەنجەمۆرەوە و كاتێك هەموو بەشەكان لێكدەدرێتەوە بە روونی هەست بە مەترسی تەزویر دەكرێت لە پرۆژەیاساكەدا.
لەبارەی كارتی بایۆمەترییەوە پەیپەرەكە پێشنیاری كردووە كە لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیدا دەنگدەر ناچار بكرێت كارتی بایۆمەتری بەكاربهێنێت، چونكە ئێستا بەپێی پرۆژەیاساكە دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەتدا بە كارتی بایۆمەتری و لە دەنگدانی گشتیدا بە كارتی ئەلیكترۆنی بەشداری دەكات.
هاوكات لە بەشێكی دیكەی پەیپەرەكەدا لەبارەی پەنجەمۆری هەڵبژاردنەكەوە پێشنیار دەكات كە بۆ رێگری لە دەنگدانی دووبارە سێرڤەرێكی یەكخراوی سەرتاسەری كە سەرجەم ئامێرەكانی پشكنینی پەنجەمۆری دەنگدەر لە وێستگەكاندا پێكەوە ببەسترێنەوە، تا لەكاتی پرۆسەی دەنگداندا لەناو وێستگەكەدا راستەوخۆ پەنجەمۆری دووبارە دەربكەوێت و رێگە نەدرێت هیچ دەنگدەرێك دووجار دەنگبدات.

10 راسپاردە
بەشێكی دیكەی پەیپەرەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن كە وێنەیەكی ئاراستەی پەیسەرپرێس كراوە خۆی لە راسپاردەكانی پەیمانگاكە بۆ هەمواری پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبینێتەوە و 10 راسپاردە خراوەنەتە بەردەستی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تا لە هەموواری یاساكەدا سوودی لێوەربگرن بەجۆرێك:-

1)ئەو زاراوانە راستبكرێنەوە كە لە بەشی یەكەمی پرۆژەیاساكەدا هاتووە، بە بەڵگەی ئەوەی هەندێكیان زیادە و ناپێویستن ‌و پێشنیار دەكەین لاببرێن ‌و هەندێكی تریان نا رۆشنن ‌و زیاد لە راڤە و تەفسیرێك هەڵدەگرن.

2)لە بری ئەحكامە كۆتایی ‌و گشتییەكان بەشی نۆیەم بۆ جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان تەرخانبكرێت‌ و تێیدا هەندێك لەو بڕگانەی تێدا جێبكرێتەوە كە لە مادە (38)ی ئەحكامە گشتییەكاندا هەن.

3)بەشی دەیەمی پرۆژەیاساكە تەرخان بكرێت بۆ ئەحكامە كۆتایی‌ و گشتییەكان.

4)لە بارێكدا ئەگەر دەنگدانی تایبەت‌ و گشتی لە یەك رۆژدا ئەنجامدراو یەكخرا، چاكتروایە هەموو ئەو ماددە و بڕگانەش لاببرێت كە پەیوەندیان بە دەنگدانی تایبەتەوە هەیە و پێویست نین.

5)بەو پێیەی ئەم مادە و بڕگانەی پرۆژەیاساكە (مادەی 38/ب 4)، (مادە 40/ب2) ، (مادەی 41)‌و (مادەی 49) پەیوەندییان بە تۆماری دەنگدەرانەوە هەیە، لەبەرئەوە بگوێزرێنە‌وە بۆ بەشی شەشەمی پرۆژە یاساكە.

6)سیستمی هەڵبژاردنەكە بە روونی ناوی بهێنرێت، دەكرێت ناوهێنانەكە لە بەشی یەكەمی پرۆژەیاساكەدا (ناساندن ‌و ئامانجەكان)دا بێت، یان لە بەشی سیستمی هەڵبژاردندا یاخود لە هەردوو بەشەكەدا ناوی سیستمەكە بهێنرێت.

7)هەردوو بەشی چوارەم‌ و پێنجەم (واتە بازنەكانی هەڵبژاردن ‌و سیسمی هەڵبژاردن) بكرێنە یەك بەش بەناونیشانی (سیستمی هەلبژاردن)، لەبەرئەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن رەگەزێكی پێكهێنەری هەر سیستمێكی هەڵبژاردنە.

8)یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك بچێتە نێو وردەكارییەكانەوە، كە كەمترین بوار‌ و دەرفەت بۆ دەرچواندنی پێڕەو و رێكارەكانی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلای كۆمسیۆن بهێڵێتەوە.

9)ناوەڕۆكی مادەو بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بێت زیاد لە راڤە و لێكدانەوەیەك هەڵنەگرێت، واتە دەستەواژەكان روون‌ و رەوان بن.

10)دیزاینكردنی سنوری بازنەكان بە جۆرێك بێت، كە ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە پرۆژە یاساكەدا پەسەند دەكرێت.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif