وەزیری نەوتی عێراق پێشنیاز دەکات کۆمپانیایەک بۆ بەڕێوەبردنی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت. دەشڵێت، "دانوستاندنەکانمان دڵنیایی دەدەن کەوا هەرێمی کوردستان دید و بیرۆکەی نوێی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت لەگەڵ بەغدا".
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی هەواڵەکانی عێراقی رایگەیاند، "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سیاسەتی نەوتی، دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت هەیە و دیدی دانوستاندنکارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیدی حکومەتی فیدراڵ گونجاون بۆ گەیشتن بە چارەی دەستووری بۆ ناکۆکییەکان سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان".
وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازێکی پێشکەشکردووە بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "کۆمپانیاکەش لە رووی تەکنیکی و کارگێڕی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بێ، ئەمەش بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، هەرێمی کوردستان رووحی ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان، "ئاماژەی ئەرێنیش هەن لە دانوستاندنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین جار شاندی دانووستاندنکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ رێککەوتن لەبارەی مووچە و بودجە، وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کردووە "دانوستاندنەکانمان دڵنیایی دەدەن کەوا هەرێمی کوردستان دید و بیرۆکەی نوێی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت لەگەڵ بەغدا".
هاوکات عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رۆژی شەممەی رابردوو رایگەیاند: "دەبێ هەرێمی کوردستان هەموو داهاتی نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات، بەرهەمی رۆژانەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 470 هەزار بەرمیلە، بەڵام تەنیا داهاتی 250 هەزار بەرمیلیان بۆ دەگەڕێتەوە، دەبێ ئەو داهاتە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق