یەکێتیی ئەوروپا لە کێشەی تایبەت بە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا پاڵپشتیی خۆی بۆ یۆنان و قوبرس دووپاتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە مافەکانی تایبەت بە سەروەریی ئاویی هەردوو وڵات بپارێزرێن.
ئەنجوومەنی ئەوروپا لە راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەی رۆژانی 1 و 2ی ئەم مانگەی بەرپرسانی ئەوروپادا دەڵێت، بەرپرسانی ئەوروپا جەختیان کردەوە کە یەکێتیی ئەوروپا بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی لە هەبوونی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەیە و کاریش لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکی پڕ لە هاریکاری و سوودمەندی دوولایەنە لەگەڵ تورکیادا دەکات.
ئەنجوومەنی ئەوروپا دەڵێت، بەرپرسانی ئەوروپا پێشوازی لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی تورکیا و یۆنان، تایبەت بە دروستکردنی متمانە لەنێوانیاندا، دەکەن و زۆر بە تووندییش سەرکۆنەی پێشێلکاریکردنی "مافە سەروەرییەکانی کۆماری قوبرس دەکەن" و داوا لە تورکیا دەکەن داواکاری قوبرس بۆ گفتوگۆ لەگەڵیدا قبووڵ بکات و پێکەوە دانوستان بکەن.
ئەنجوومەنی ئەوروپا داوا لە بەرپرسانی تورکیا، یۆنان و قوبرس دەکات بە ویستێکی باشەوە دەست بە گفتوگۆ بکەن و هیچ هەنگاوێک نەنرێت کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تەواوی جیاوازییەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر هاتوو هەنگاوە تاکلایەنەکان و دنەدانەکانی تورکیا کە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین دەستیانپێکردەوە، ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و بەرژەوەندیی ئەندامەکانی سوود لە هەموو ئامراز و بژارەکانی بەردەستی وەردەگرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق