چاكسازیی‌ یان موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌

ليست هناك تعليقات


 ساڵح ژاژڵەیی
-
ئه‌گه‌ر چی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ 4/10/ 2020 په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان به‌ ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یی و وه‌زیری‌ دارایی و ستافه‌كه‌یان هیچ هیوایه‌كی‌ لێ‌ سه‌وز نه‌بوو بۆ موچه‌ خۆران ، به‌لاَم له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ بایه‌خی‌ خۆی‌ هه‌بوو ، زۆر لایه‌نی‌ شاراوه‌ به‌ ڕاشكاوانه‌ باس كران . سه‌ره‌تا ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ په‌ڕله‌مان چ بۆ ئه‌وه‌بێ ڕونكردنه‌وه‌ بدات له‌ سه‌ر ویستی‌ خۆی‌ یان بانگ هێشت كرابێ ته‌نانه‌ت بۆ لێپرسینه‌وه‌ش . ئه‌وه‌ كارێكی‌ ئاساییه‌و هه‌موو ڕۆژانی‌ 4 شه‌ممه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا ده‌چێته‌ په‌ڕله‌مان و ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات و پرسیاری‌ لێ‌ ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌شی‌ لی َده‌گرن . جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ ناكاته‌ منه‌ت ، به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆشی‌ دازانێت. باشه‌ بۆچی‌ ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ په‌ڕله‌مان بۆ یه‌كه‌م جار دوای‌ ساڵێك و سێ مانگ بوو به‌ هات هاته‌كه‌ی‌ ڕۆم . 
هه‌ندێك ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی‌ پارتی‌ ئه‌م ئاماده‌ بونه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیان له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ زیاتر گه‌وۆه‌كردوه‌و وه‌كو ڕوداوی‌ گرنگ باسی‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ شه‌فافیه‌ته‌ . نازانم ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت چ په‌یوه‌ندییه‌ی‌ به‌ شه‌فافیه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ . ئایا ئه‌وگه‌نده‌ڵیانه‌ی‌ ئاشكرا كردوه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ بواری‌ نه‌وتدا ئه‌نجامیان داوه‌ ؟؟. ئایا ڕێگری كردوه‌ له‌و قاچاخچییه‌ته‌ی‌ له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌كرێت له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ؟؟ . ئایا ئه‌وپارانه‌ی‌ ئاشكرا كردوه‌ كه‌ دزراون و له‌بانكه‌كانی‌ ولاَتان دانراون ؟؟. ئایا ناوه‌رۆكی‌ ڕێكه‌وتنه‌ 50 ساڵیه‌كه‌ی‌ بواری‌ نه‌وت و غازی‌ له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌ندامانی‌ په‌ڕله‌مان باس كردوه‌ ؟.

كه‌واته‌ ئه‌وچاكسازیه‌ی‌ كراوه‌ چییه‌و چی‌ كراوه‌ كه‌ تا ئێستا ئێمه‌ نایزانین ؟؟. 
باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌ ڕاشكاوی‌ وه‌لاَمی‌ هه‌موو پرسیاره‌كانی‌ داوه‌ته‌وه‌ . به‌لاَم هیچ چاره‌سه‌ری‌ بۆ كێشه‌كان پێ بوو ؟ ، یان دانی‌ به‌وه‌دا نا كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ هۆكاری‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ . سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت دانی‌ نا به‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵێ‌ له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان هه‌یه‌ . به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاشكرا كاری‌ قاچاخی‌ له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان ده‌كات به‌رپرسانی‌ بالاَی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیی جێگره‌كه‌نی‌ .
ئه‌ی‌ كێ ده‌ستی‌ گرتون كه‌ سزای‌ ئه‌وانه‌ بده‌ن ؟ له‌و ڕۆژه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌ست به‌كار بوه‌ دروشمی‌ چاكسازی‌ به‌رزكردۆته‌وه‌و وكو بنیشته‌ خۆشه‌ و وه‌كو قاوان له‌ هه‌موو كۆر ِو كۆبونه‌وه‌و لێدوانه‌كانیدا دوباره‌ ده‌كرێته‌وه‌و كراوه‌ته‌ موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌ و تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌ كه‌شایانی‌ باس بێت . 
ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ برین و كه‌مكردنه‌وه‌و دواخستنی‌ موچه‌ی‌ هاولاِتیانه‌ . سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ژیرانه‌ یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزی‌ تریشی‌ كرد به‌ماڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆی‌ هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات و نه‌ كه‌سیش پرسیاری‌ لی‌ بكات هۆكاری‌ زیاد بونی‌ ئه‌م ملیاره‌ دۆلاره‌ چییه‌ بۆ سه‌ر قه‌رزه‌كانی‌ ترو له‌ كوێوه‌ هات ؟؟. له‌ سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ حه‌ق وایه‌ سوپاسی‌ سه‌رۆكی‌ حكوه‌ت بكه‌ین و چاكسازیه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و دڵسۆزیه‌كه‌ی‌ به‌رز بنرخێنین .

باشه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی‌ ده‌ست به‌كار بونیه‌وه‌ بیگوتایه‌ قه‌رزه‌كانی‌ سه‌ر حكومه‌ت 30 ملیار دۆلاره‌ ، هه‌ر وه‌كو ئێستا نه‌ده‌بوو ، كه‌س قسه‌ی‌ ده‌كرد ؟. چۆن وه‌كو ئێستاو دوای‌ به‌رده‌وام لێدانی‌ قاوانی‌ چاكسازی‌ له‌ پڕ ملیارێك دۆلار قه‌رزی‌ حكومه‌ت زیادی‌ كرد و كه‌سیش فزه‌ی‌ لێوه‌ نه‌هات . ئه‌ویش ئاوا تێپه‌ڕیش ده‌بوو، ده‌كراشه‌ ماڵ به‌سه‌ر هاولاَتیانه‌وه‌ . پارتی‌ هه‌موو شتێكی‌ بۆ چۆته‌ سه‌رو هه‌رچی‌ بیه‌وێت ده‌یكات . باشه‌ تا ئێستا كه‌س ده‌زانێت ئه‌م قه‌رزانه‌ چۆن كراون و له‌ كوێ‌ كراون و بۆچی‌ كراون ، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ له‌پای‌ چی‌ ؟؟. 
ئه‌وه‌ له‌پیاوه‌تی‌ و گه‌وره‌یی خۆیانه‌وه‌یه‌ جار و بار پرسه‌ گورگانه‌ ده‌كه‌ن . ئه‌گینا ده‌توانن بڵێن : قه‌رزدارین و ته‌واو . له‌سه‌ری‌ نه‌ڕۆن باشتره‌ . چاكسازیه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وه‌كو ئه‌مه‌ وایه‌ : ئه‌گه‌ر حكومه‌ت عه‌مبارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پڕله‌ فه‌رده‌گه‌نمی‌ هه‌بێت و بێ به‌رنامه‌ وبێ بیركردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژانی‌ ئاینده‌ ، ده‌ست بكات به‌ فرۆشتن و به‌شینه‌وه‌و ته‌خشان و په‌خشان كردنی‌ فه‌رده‌گه‌نمه‌كان و پیاوه‌تییان پێوه‌ بكات . دوایی سه‌یر ده‌كات عه‌مبار خاڵی‌ بۆته‌وه‌و هیچی‌ وای‌ تێدا نه‌ماوه‌و خه‌ڵكانێكی‌ زۆریش چاوه‌ڕوانی‌ گه‌نم ده‌كه‌ن . 

بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌ بڕیار ده‌دات هه‌موو ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كانی‌ ناوعه‌مباره‌كه‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌ . به‌و كاره‌ش كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت و بڕیار ده‌دات گیرفانی‌ كرێكاره‌كان بگه‌ڕێن . دوای‌ به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن ، گه‌نمان نه‌ماوه‌و ده‌بێ له‌ بری‌ سێ جه‌م دوو جه‌م نان بخۆن . به‌لاَم تازه‌ به‌وه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و ده‌بی َ به‌دوای‌ ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێن ئه‌وهه‌موو فه‌رده‌ گه‌نمانه‌ چییان لێ‌ هات ، فرۆشران، به‌خشران ؟ ئه‌ی‌ كێ‌ به‌رپرسیاره‌ ؟ چاكسازیه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش هاتۆته‌ سه‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م موچه‌یان كه‌م كرده‌وه‌ . هه‌نگاوی‌ دووه‌م: هه‌موو مانگێك موچه‌ ناده‌ن به‌ به‌هانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ نه‌ناردوه‌.
ئه‌ی‌ باشه‌ هه‌ر ئێوه‌ خۆتان نه‌بون ده‌تان گوت به‌غدا ئیفلاسی‌ كردوه‌و پاره‌ی‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئابوری‌ خۆمان سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین ؟ئه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆتان نه‌كرد؟ باشه‌ به‌ چ حه‌قێك چاوه‌ڕوانی‌ به‌شه‌ بودجه‌ ده‌كه‌ن به‌ش بودجه‌ی‌ چی‌ ؟. له‌كاتێكدا به‌رده‌وام نه‌وتان فرۆشتوه‌و یه‌ك دینارتان به‌ به‌غدا نه‌داوه‌ ؟ . 
به‌لاَم سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ی‌ نه‌گوت ئه‌گه‌ر به‌غدا بودجه‌ی‌ هه‌رێم نه‌نێرێت ، چی‌ ده‌كه‌ن ؟ خه‌ڵك ده‌مرێنن ؟ كاك قوباد باسی‌ سه‌فه‌ره‌كانی‌ خۆی‌ بۆ به‌غدا كرد . شتێكی‌ تازه‌یان تێدا نه‌بوو . تۆ چوی‌ بۆ پاره‌ و به‌غداش پاره‌ نادات چونكه‌ هیچ ڕه‌سیدتان نییه‌ . گوایه‌ باسی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و جێ به‌جێ‌ كردنی‌ ماده‌ی‌ 140 كردوه‌ . پارتی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ هه‌وڵی‌ داواوه‌ فوئاد حوسه‌ین ببێته‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر جێ به‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140 نه‌كردوه‌ .

به‌ گشتی‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان قسه‌ی‌ باشیانكرد و ڕه‌خنه‌ی‌ خۆیان له‌حكومه‌ت گرت و باسی‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانیشیان كرد له‌گه‌ڵ پێشنیاری‌ چۆنیه‌تی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌وگه‌نده‌ڵیانه‌ی‌ كراون . به‌لاَم له‌ هه‌مویان گرنگتر قسه‌كانی‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح وكاروان گه‌زنه‌یی و هاوڕێ مه‌لا ستار و شێركۆ جه‌وده‌ت وئه‌بوبه‌كرهه‌ڵه‌دنی‌ و شیرین خان خێزانی‌ شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانی‌ بون كه‌ ده‌ستیان خشته‌سه‌ر برینه‌كان و هه‌موو هۆكاری‌ شكسته‌كان و ئیفلاسبونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ زۆره‌ی‌ له‌ كه‌رتی‌ نه‌وتدا كراوه‌و به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م پارتی‌ لیی به‌رپرسیاره‌ . سه‌یركه‌ن له‌ كاتێكدا هه‌رێم توشی‌ ئه‌و قه‌یڕانه‌ گه‌وره‌ بوه‌ ، پارتی‌ به‌ردوام خه‌ڵك داده‌مه‌زرێنێت . باشه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن . تا ئێستا لیستی‌ ناوی‌ هێزه‌كانی‌ 80 ته‌سلیم به‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كراوه‌و دامه‌زراندن به‌رده‌وامه‌ . وه‌لاَمێكی‌ ڕاستی‌ شێركۆ جه‌وده‌ت بدنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بوختانه‌ بۆچی‌ وه‌كو سۆران عومه‌ری‌ لی َناكه‌ن ؟ 
ته‌نها پارتی‌ له‌ ورده‌كاری‌ سێكته‌ری‌ نه‌وت ده‌زانێت و هه‌موی‌ به‌ ئاگاداری‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ و نێچیر بارزانی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ كراوه‌ .ئێستاش سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت داواده‌كات ده‌نگ بده‌ن به‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان ، بێ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ كه‌س بهێنێت . ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌ نیازه‌ چاكسازی‌ بكات ، ده‌بێ له‌بواری‌ نه‌وتدا بیكات .
ئه‌وكات نابێ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان پارتی‌ بێت . باشتر وایه‌ كه‌سێكی‌ بێ لایه‌ن بێت و هه‌موو دۆسیه‌ی‌ نه‌وتی‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕاستییه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلاره‌ بۆ ڕای‌ گشتی‌ ئاشكرا بكرێن . جێی خۆیه‌تی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ بێ لایه‌ن پێك بهێنرێت بۆلێپرسینه‌وه‌ له‌ نیچیر بارزانی‌ و ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و هه‌ڕاج كردنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان و ئاشكرا كردنی‌ ناوه‌رۆكی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ 50 ساڵه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و توركیا .

ئه‌مه‌یه‌ ڕێگای‌ ڕاست بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ . ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ ئه‌وه‌ حكومه‌ت نه‌كات ، هه‌رچی‌ بێلێت ده‌چێته‌ بواری‌ موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌ و خه‌ڵه‌تاندنی‌ خه‌ڵكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێـت ، مانای‌ وایه‌ یه‌كه‌م به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ چاكسازی‌ داده‌نێت . ڕاسته‌ چاكسازی‌ و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ قاچاخچیه‌تی‌ له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كان و برینی‌ موچه‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌سی‌ ناموسته‌حه‌ق و زیاكردنی‌ باجیش سودی‌ هه‌یه‌ ، به‌لاَم كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كان خه‌ڵكی‌ برسی‌ تێر ناكات ، به‌ڵكو به‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ فه‌رده‌گه‌نمه‌كان خه‌ڵك له‌برسیه‌تی‌ ڕزگار ده‌كرێت . 
به‌لاَ كاتێك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنێكی‌ ئۆپۆزسیۆن وتی‌ ئه‌گه‌ر ناتوانن موچه‌ی‌ خه‌ڵك دابین بكه‌ن ، حه‌ق وایه‌ ده‌ست له‌ كار بكێشنه‌وه‌ . له‌ وه‌لاَمیشدا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وتی‌ خه‌ڵك ده‌نگی‌ به‌ ئێمه‌ داوه‌ . كه‌واته‌ كه‌س چاوه‌ڕوانی‌ هیچ چاكسازییه‌ك نه‌كات و ئه‌وه‌ی‌ ده‌گوترێت موزایه‌ده‌ی‌ سیاسییه‌و بۆ خه‌ڵه‌تاندن وچه‌واشه‌كردنی‌ خه‌ڵكه‌ . 

پارتی‌ به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌نگیان پێداوه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ش ڕاست نییه‌و هه‌موی‌ به‌ ته‌زویر و ساخته‌كاری‌ بوه‌ ، هه‌موو بڕیارێك به‌ حه‌قی‌ خۆی‌ ده‌زانێت . به‌ ئاشكرا سامانی‌ ولاَت تالاَن ده‌كه‌ن و كاتێك خه‌ڵكیش خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و داوای‌ موچه‌كانیان ده‌كه‌ن ، ده‌یانگرن و ده‌یان خه‌نه‌ زیندانه‌وه‌ و تا ئێساش ئه‌وه‌یان بۆ چۆته‌ سه‌ر . ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كێتی‌ و گۆڕاندایه‌ .
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ و گۆڕان ڕأست ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت چاكسازی‌ بكرێت و به‌ مه‌رجی‌ چاكسازی‌ و به‌ مه‌به‌ستی‌ چاكسازی‌ به‌شداری‌ حكومه‌تیان كردوه‌ ، به‌وشێوه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانتاره‌كان زۆربه‌ ڕاشكاوانه‌ داویانكرد . عه‌لی‌ حمه‌ ساڵح به‌ ته‌حه‌داوه‌ وتی‌ ناوی‌ هه‌موو گه‌نده‌ڵه‌كان و دزه‌كان و قاچاخچییه‌كان و دۆسیه‌ی‌ نه‌وتم لایه‌ و ده‌توانم بیخه‌مه‌ به‌رده‌ستان . 
كه‌واته‌ هیچ به‌هانه‌یك نه‌ماوه‌ كه‌ چاكسازی‌ نه‌كه‌ن . ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێكتان بۆ ئاشكرابوو ، خۆتان خاوه‌نی‌ هێزن ، كه‌واته‌ چاوه‌ڕوانی‌ چی‌ ده‌كه‌ن ؟ .به‌لاَم با هه‌موان ئه‌و ڕاستییه‌ باش بزانن ،چاوه‌ڕوانی‌ كردن له‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكانی‌ گه‌نده‌ڵ و تالاَنچی‌ و چاوبرسی‌ چاكسازی‌ بكه‌ن ، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئاسنی‌ سارد بكوتی‌ . 

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ ئاگاداری‌ دۆسییه‌ی‌ نه‌وت و ونبونی‌ ئه‌وهه‌موو پاره‌ی‌ نه‌وته‌ نین و به‌شداریش نین ، باداوا له‌ پارتی‌ بكه‌ن لاپه‌ِره‌ شاراوه‌كانی‌ دۆسیه‌ی‌ نه‌وت هه‌ڵده‌نه‌وه‌و ڕاستییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن . ئه‌گه‌ر پارتی‌ به‌ قسه‌ی‌ نه‌كردن با له‌گه‌ڵ‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بده‌ن . ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌ر له‌ حكوه‌تدا بمێننه‌وه‌ ، مانای‌ وایه‌ ئه‌وانیش وه‌كو پارتی‌ تاوانبارن و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌ چاكسازی‌ ته‌نها ده‌بێته‌ پڕوپاگه‌نده‌و موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌ . له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان ڕاكێشم بۆ دوو خاڵی‌ زۆر گرنگ . 
یه‌كه‌م : كاتێك ولاَتی‌ كرواتیا توشی‌ كێشه‌ی‌ ئابوری‌ بوو ، سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ كه‌ئافره‌تێك بوو ، بڕیاریدا یه‌ك دۆلار قه‌رزنه‌كات . ده‌ستی‌ كرد به‌ چاكسازی‌ به‌م شێوه‌ : سه‌ره‌تا له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردو له‌ سه‌دا 30 موچه‌كه‌ی‌ خۆی‌ هێشته‌وه‌ . ته‌یاره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌ فرۆشت و وه‌كو هاولاَتی‌ ئاسایی به‌ ته‌یاره‌ سه‌ردانی‌ ولاَتانی‌ ده‌كرد . موچه‌ی‌ وه‌زیر و خه‌رجی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ كه‌م كرده‌وه‌ . ژماره‌ی‌ سه‌فاره‌ت و قۆنسل خانه‌كانی‌ كه‌م كرده‌وه‌ . ژماره‌ ئوتومبێله‌كانی‌ و خۆیی و وه‌زیر و وزاره‌ته‌كانی‌ كه‌م كرده‌وه‌ . هه‌وڵی‌ دا هه‌رچی‌ خه‌رجی‌ نا پێویست و زیاده‌یه‌ كه‌می‌ بكاته‌وه‌ . 

به‌لاَم سه‌یرێكی‌ ڕه‌تڵی‌ سه‌یاره‌ جام ڕه‌ش و ده‌رعه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و ئامۆزاكه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و باوكی‌ بكه‌ن بزانن ژماره‌یان چه‌نده‌ و خه‌رجی‌ كڕێنیان چه‌ندبوه‌و خه‌رجی‌ مانگانه‌یان چه‌نده‌ ؟؟. دوایی سه‌یری‌ ژماره‌ی‌ پاسه‌وانه‌كانیان بكه‌ن و خه‌رجی‌ مانگانه‌یان حساب بكه‌ن ؟. دواجار به‌دواداچون بكه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌وبه‌ر پرسانه‌ی‌ سه‌یاره‌ی‌ حكومه‌تیان لایه‌و خه‌رجی‌ چاك كردنه‌وه‌و مه‌سره‌فی‌ به‌نزین و پاسه‌وانه‌كانیان ، ئه‌و كات بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت قوتی‌ هاولاَتیان چۆن و له‌ لایه‌ن كێوه‌ ، به‌تالاَن ده‌برێت و به‌ فیرۆِ ده‌درێت .
ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ حكوموت موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌ ناكات با چاكسازی‌ له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات . دوای‌ ئه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ چ پێویستییه‌كی‌ به‌و هه‌موو وه‌زاره‌ت و وه‌زیر و گوزیره‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ كارێكیان نییه‌و بونه‌ بارێكی‌ قورس به‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ . سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ ، به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ دامه‌زراندنی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ و ڕاوێژكاری‌ نه‌زانن ته‌نها بۆ ڕازیكردنی‌ حیزبه‌كان ، له‌ پیناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ پاڵ پشتیان بكه‌ن بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌لاَتدا . 

ئه‌گه‌ر ته‌نها خه‌رجیه‌ زیاده‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ ، مانگانه‌ به‌شی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كات ؟ له‌م كاتی‌ قه‌یرانه‌دا كه‌ به‌ دوو مانگ جارێك به‌ لێبڕینه‌وه‌ موچه‌ ده‌درێت و ڕه‌تڵی‌ سه‌یاره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و پاسه‌وانه‌كانی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ ولاَتێكی‌ وه‌كو قه‌ڕه‌نسا زۆرتربن ، چ عه‌قَڵ و مه‌نتقێك ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كات كه‌ بڕوا بكه‌ی‌ كه‌سێكی‌ ئاوا چاكسازی‌ پی َبكرێت ؟ . سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ یه‌كه‌م جار هاتۆته‌ په‌ڕله‌مان له‌شكرێك چه‌كداری‌ هێناوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ بچێت بۆ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ.كاكی‌ برا تۆ لێت تێك چوه‌ ئێره‌ په‌ڕله‌مانه‌ نه‌ك به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ په‌ڕله‌مان و میلله‌تیش ترست هه‌یه‌ ، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كێی و به‌ خۆت ده‌ڵێی چی‌ ؟؟. 
دووه‌م: ساڵێك و سێ مانگه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌ست به‌كار بوه‌ . كاتێك ئۆپوزسیون داوا ده‌كات سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بێت بۆ په‌ڕله‌مان ، ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن ، وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ تاوانیان كردبێت . له‌م كاتی‌ قه‌یرانه‌داو له‌گه‌ڵ بونی‌ ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی‌ دارایی كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت لێی به‌رپرسیاره‌ ، كاتێك سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت هاته‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ربه‌ وردی‌ سه‌رنجتان دابێت :

هه‌موو ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانی‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌ شان و باڵیدا هه‌ڵیان ده‌دا ، له‌بری‌ ڕه‌خنه‌ گرتن . سه‌رۆكی‌ په‌ڕله‌مانیش ته‌نها دوو ده‌قیقه‌ی‌ دانابوو بۆ قسه‌كردن . ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیویستایه‌ دوو وشه‌ زیاد بكات ، ده‌بوو بڵێ جه‌نابی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان : بیكه‌ به‌ خاتری‌ خواو پیغه‌مبه‌ر ، تو رسولالله‌ ، تو حه‌زره‌تی‌ غه‌وس ، بیكه‌ به‌ خاتری‌ قه‌بری‌ شێخ عه‌بدول قادری‌ گه‌یلانی‌ و كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخ با ئه‌م دو قسه‌یه‌ش بكه‌م . ئاخر چاوه‌ڕوانی‌ چی‌ له‌م په‌ڕله‌مانه‌ ده‌كرێت ؟.
سه‌رۆكی‌ ولاَتێك بڕیار ده‌دات په‌ڕله‌مانه‌كه‌ی‌ حه‌ل بكات . پێی ده‌ڵێن بۆچی‌ ئه‌م بڕیاره‌ت دا ؟ له‌ وه‌لاَمدا ده‌ڵێت : ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ په‌ڕله‌مانێكی‌ ئاوا بێ كه‌ڵكدا خه‌رج ده‌كرێت ، له‌ دوو ویسگه‌ی‌ به‌رهه‌م هێنانی‌ كاره‌بادا خه‌رج بكرێت زۆر باشتره‌ . به‌ دڵنیایه‌وه‌ په‌ڕله‌مانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ ئاوای‌ لێبكرێت . به‌لاَم كی‌ َ ئه‌وه‌ بكات ؟.
ئه‌م ده‌سه‌لاَتداره‌ گه‌نده‌لاَنه‌ پێویستیان به‌ په‌ڕله‌مانێك هه‌یه‌ خه‌ڵكانی‌ ئاوای‌ تێدابێت ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی‌ حكومه‌ت بكه‌ن بۆ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌لاَت .با ئه‌وه‌شمان له‌ یاد نه‌چێت تا ئێستاش له‌ په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی‌ زۆر بویر هه‌یه‌و به‌ڕاستی‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكن و له‌كاتی‌ خۆیدا قسه‌ی‌ خۆیان ده‌كه‌ن . به‌لاَم كه‌مینه‌ن . 
قسه‌یه‌كی‌ ونستون چه‌رچڵی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا له‌ كاتی‌ چه‌نگی‌ جیهانی‌ دوه‌متان وه‌كو نمونه‌ بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت :
ئه‌گه‌ر ویستان گه‌لێك وه‌كو خۆی‌ بناسن ، سه‌یری‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانیان بكه‌ن ، بزانن شایانی‌ گوڵ باران كردنن یان پێلاَو تێگرتن . بڕواتان هه‌بێت هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان شایانی‌ ئه‌وه‌ن ( هینیان ) پێداكه‌ن نه‌ك هه‌ر پێلاَویان تێگرن . به‌ڕاستی‌ ئه‌وانه‌ ناوی‌ په‌ڕله‌مان و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانیشیان سوك و له‌كه‌دار كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ باشن بخرێنه‌ ته‌نه‌كه‌ی‌ خۆڵه‌وه‌ .



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif