جیهان چاودێریی وردودرشتی رکابەری و هەڵمەتەکانی دوو پیاو لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات، کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لەسەر کورسییەکەی کۆشکی سپی بمێنێتەوە و هەرچی جۆ بایدنە دەیەوێت کورسییەکە بە ترەمپ چۆڵ بکات، بەڵام لە نیوزیلەند رکابەریی هەڵبژاردن لە نێوان دوو ژنە.
لەبەری ئەمبەری دونیا و نزیک لە جەمسەری باشوور، هەندێک دیمەنی رکابەری و ململانێکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دووبارە دەبنەوە، لە نیوزیلەندا، وڵاتێک چواردەور گیراو بە ئاوەکانی ئۆقیانۆس و پاسیفیک، دوو ئافرەتی بەهێز رکابەریی لەسەر سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکە دەکەن، لە کاتێکدا رۆژی 17ی ئەم مانگە، لە رێگەی دەنگی دەنگدەرەکانەوە یەکێکیان بە کورسییەکە دەگات و ئەویدیکە لەوانەیە خۆی بۆ گەڕی داهاتووی هەڵبژاردنەکان، ئامادە بکات.
سەرۆکوەزیران بەرامبەر سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن
ئەو دوو سیاسەتمەدارە نیوزیلەندییە، یەکێکیان سەرۆکی پارتی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنە، ئەو جۆدیس کوڵنزی تەمەن 61 ساڵە، پارێزەرە و پێشتر وەزیر بووە. رکابەرەکەی کوڵنز، گاسیندا ئاردێرنی تەمەن 40 ساڵان و سەرۆکی ئێستای حکومەتی وڵاتە.
بۆ نیوزیلەندییەکان نامۆ نییە، سەرکردەی یەکەمیان ئافرەت بێت. ئەمە پێشتر چەندینجار روویداوە و دەسەڵاتی یەکەمی ئەو وڵاتە، لەدەستی ئافرەتاندا بووە. وارن سیریل، دیبلۆماتکاری نیوزیلەندی دەڵێ، ئەوە ئێستا رووداوێکی نۆرماڵە، کاتێک ژنێک دەبێتە سەرۆکوەزیران، چونکە یەکەمجار، هیلین کلارک بووە خانمی سەرۆکوەزیرانی وڵات کە لە نێوان 1999 تا 2008، وڵاتی بەڕێوەبرد.
سیریل قسەی بۆ 'بی بی سی' کردووە و دەڵێ کلارک کە سەر بە پارتی کرێکاران بوو "سەرکردەیەکی بەڕێز"ی وڵات بوو، گاسیندا ئاردێرن، "تەواوکەری ئەوە".
بابەتی هەڵسانەوەی ئابووری و گەشەی ئابووری لە ساڵانی داهاتوودا، سەرتۆپی کارەکانی ئەو ئافرەتە دەبێت کە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات. چونکە کۆرۆنا و کەرەنتینە و داخستنی ئابووری، زیانی زۆری بەدۆخی ئابووریی وڵات گەیاند و ئەوە قورسترین تەنگژەی ئابوورییە لە دوای ساڵی 1987ەوە، نیوزیلەندا بگرێتەوە.
ئەوەی نیوزیلەندا لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنادا کردی، بە پەرجوویەک لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، چونکە لە کۆی پێنج ملیۆن کەس کە دانیشتووی وڵاتەکەن، تەنیا هەزار و 874 کەس تووشی پەتاکە بوون، ئێستا تەنیا 40 تووشبووی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە ماون و 25 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ساندرێلا و مانەوە لە سەرۆکایەتیی وڵات
وارن سیریل پێیوایە، وێڕای ئاڵۆزی لە سیستمی هەڵبژاردنەکانی وڵات و ئەو سوپرایزانەی دەکرێ لە رۆژی دەنگداندا رووبدەن، بەڵام سیناریۆی پێشبینیکراو، سەرکەوتنی پارتی کرێکارانە کە گاسیندا ئاردێرن سەرۆکایەتی دەکات. بەوەش پێشبینیدەکرێت ئاردێرن حکومەتێکی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سەوزدا، پێکبهێنێت.
لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری 'ئیکۆنۆمیست' بڵاوکراوەتەوە، گاسیندا ئاردێرن بە 'جاسندرێلا' ناونراوە، ئەمەش بەهۆی پەڕینەوە لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی پێچەوانە و زۆر باش، لەئەنجامی ژمارەیەک بڕیاری گرنگەوە کە ئەو لەماوەی سەرۆکایەتی وڵاتدا دەریکردن.
گاسیندرێلا، لە چیرۆکە خەیاڵییەکەی ساندرێلاوە وەرگیراوە، کە تێیدا خانمێکی بچکۆلە، دۆخە ئاڵۆز و پڕ هەژارییەکەی خۆی، بۆ دۆخێکی زۆر باشتر دەگۆڕێت.
لەبەرئەوە وەک لە گۆڤارەکەدا هاتووە، هەڵبژاردن بۆ ئەو وەک 'چیرۆکێکی خەیاڵی' وایە. بەر لە پەتای کۆرۆنا وادەهاتە بەرچاو، ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا پۆستەکەی لەدەستدەدات و دەدۆڕێت، بەتایبەت کە زۆر لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشووی خۆی نەبردە سەر، لەوانەش پرسی نیشتەجێکردن.
بەڵام کۆرۆنا هەموو دۆخەکەی پێچەوانە کردەوە و گاسیندای کردە گاسیندرێلا و خاوەن خۆشەویستی و پشتگیرییەکی یەکجار زۆری خەڵک.
ئاردێرن، کاتێک ساڵی 2017 بووە سەرۆکوەزیرانی وڵات، زۆر بەڵێنیدا، لەوانەش کۆمەککردنی دارایی ماڵباتە هەژارەکان تاوەکو بتوانن پارەی کرێ و چاودێری منداڵەکانیان بدەن، ئەمە جیا لە بابەتە جیاوازەکانی دیکەی وەک سنووردارکردنی بێماڵوحاڵی و دابینکردنی خانووی هەرزانبەها.
بەڵام دەستوبرد بەدەنگەوەچوونی لە دوو تەنگژەی گەورەدا، رۆڵی گرنگی هەبوو لە قڵپکردنەوەی بۆچوونەکان و وایکرد ئەو ببێتە یەکێک لە سیاسییە خاوەن هەرە زۆرترین لایەنگر، لە دەیان ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا.
لە مزگەوتەکەوە تاوەکو کۆرۆنا
ئەو دوو تەنگژەیەی گاسیندا سەرکەوتنی تێدا بەدەستیهێنان، یەکێکیان ئەو هێرشەبوو کە کرایە سەر دوو مزگەوتی شاری کرایست لە ئاداری 2019، دووەمیشیان مامەڵەکردن بوو لەگەڵ تەنگژەی پەتای کۆرۆنادا، کە هەموو جیهانی تەنیووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانە گەنجەکە، سۆزێکی زۆری بۆ ماڵباتی قوربانییانی هێرشەکەی سەر دوو مزگەوتەکە دەربڕی، لەگەڵیدا یاسایەکی 'مێژوویی' دەرکرد، ئەو یاسایە بریتیبوو لە قەدەخەکردنی یەکجاریی هەموو مامەڵە و فرۆشتنێکی، هەموو جۆرەکانی چەک لە ناو وڵاتەکەدا.
لایەنگر و دڵخوازانی خانمی سەرۆکوەزیران، پێیانوایە ئەو 'رزگارکەری نەتەوە'یە لە کۆرۆنا، دوای ئەوەی رێوشوێنی زۆر تووندی لە وڵاتدا پەیڕەوکرد بۆ داخستنی وڵات، تەنانەت کار گەیشتووەتە سەرهەڵدانی دیاردەی 'گاسیندامانیا' یاخود خووگرتن بە گاسینداوە.
لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، نیوزیلەندا خۆی وەک وڵاتێکی خاوێن لە کۆرۆنا ناساند، بەڵام وێڕای سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پەتاکە، ئێستا دۆخی وڵاتەکە لە ئاستێکی باشدا ماوەتەوە.
چاودێران پێیانوایە گاسیندا سەرکەوتوو بوو لە سەلماندنی لێهاتوویی سەرکردایەتی، تەنانەت بەر لەو دوو تەنگژە گەورەیەش، سیریل دەڵێ: "پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەشی نێوان لایەنەکان، کارێکی نەبینراو بوو، بەڵام حکومەت لە چەندین هاوپەیمانیی و پارتی جیاوازی خاوەن ئایدۆلۆژیای جیاواز دروستکرا، وەک پارتی کرێکاران و پارتی سەوز و پارتی نیوزیلەندا. ئەو دانایی خۆی سەلماند، بەبەدەستهێنانی متمانەی هەمووان کاتێک وایکرد حکومەت یەکگرتووانە کاربکات هەرچەندە ناکۆکیشی لەنێودا بوو".
ئەو دەڵێ، سەرۆکوەزیران خاوەنی سیاسەتێکی روونە، فۆکەس دەخاتە سەر 'نزیککردنەوەی نیوزیلەندییەکان لە یەکدی'، ئەمە بەتەواوی دەرکەوت، چ ئەوکاتەی هێرشکرایە سەر مزگەوتەکە یان پەتای کۆرۆنا سەریهەڵدا.
خانمە تێکشکێنەرەکە
جۆدیس کۆلنز، سەرۆکی پارتی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆن، سیاسییەکی ناسراوی وڵاتە، ئەو نازناوی 'تێکشکێنەر'ی بەدەستهێنا، پاش پشتگیریکردنی یەکێک لە یاساکان کاتێک وەزیری پۆلیس و چاکسازی بوو. یاساکە تایبەت بوو بە 'تێکشکاندنی' ئۆتۆمبێلی ئەو روواڵانەی بەشێوەیەکی سەرشێتانە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان لێدەخوڕی، دیاردەکە ناونرابوو Race Boys، هەرچەندە بەهۆی یاسا نوێیەکەوە تەنیا سێ ئۆتۆمبێل تێکشکێنران، وەلێ نازناوە گاڵتەئامێزەکەی وەک خۆی مایەوە.
شارلۆت گرام، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی دەڵێ ئەو 'کەسایەتییەکی درەوشاوەیە' و 'پڕ لە وزەی ژیانە'. هەروەها دەڵێ ئەو سەرسامە بە شێوازی کارکردنی مارگرێت تاتچەر، خانمە سەرۆکوەزیرانی پێشوو و بەناوبانگی بەریتانیا، هەمان هەنگاوەکانی ئەو هەڵدەنێتەوە، ئەو تەنانەت لە ژیاننامەکەی خۆیدا نووسیوویەتی: "بۆ لایەنگرانی پارتی پارێزگارانی هاوشێوەی من، ئێمە وایدەبینین کە تاتچەر لە هەموو بەریتانییەک زیاتر خۆی بەبەرپرس دەزانی، بۆ راستکردنەوەی دۆخی بەریتانیا لەدوای چەندین ساڵ پاشەکشەی ئابووری".
کوڵنز، لە بواری پارێزەریدا کاریکردووە تا ئەوکاتەی ساڵی 2002 چووە پەرلەمان، دواتر لە ساڵی 2008ەوە پۆستی چەندین وەزارەتی جیاوازی وەرگرت.
نیوزیلەندییەکان، ئەو بە سیاسەتڤانێکی خاوەن راستگۆیی و بەتوانا و زیرەک دەزانن، ئەو قسەکەرێکی باشە، راشکاوە لە گوزارشتکردن لە بۆچوونەکانیدا، ئەزموونی گەورەی لە بواری کاری وەزاریدا هەیە.
دەنگدان و گشتپرسییەکی گەورە
ئەوانەی چاودێری دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی نێوان هەردوو بەربژێریان کردووە، دەڵێن کوڵنز باشبوو، بەڵام پێناچێ هەلی سەرکەوتن بەسەر ئاردێرنیدا هەبێت.
چونکە لەکاتی دەنگدانی خەڵکدا لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، پێویستە لەسەریان دەنگ لەسەر گشتپرسییەک بدەن لەسەر دوو بابەتی زۆر گەورە، یەکەمیان کوشتنی بەبەزەیی و دووەمیان رێگەدان بەفرۆشتنی ماریگوانا. ئەو دوو دۆسێیە، لە دیبەیتەکانیشدا قسەی زۆریان لەسەرکرا.
وارن سیریل دەڵێت: "کوڵنز وەک کەسێکی دوور لە ئێستا هاتە پێشچاو، هەروەها دوور لەو بابەتانەی بەلای گەنجانی وڵاتەکەوە گرنگن. ئێمە گەنجانێکی زۆرمان هەن کە بایەخ بە سیاسەت دەدەن و پێموانییە ئەوان دەنگ بە کوڵنز بدەن، چونکە ئەوان دەیانەوێت قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کە بەلایانەوە گرنگە، بەڵام کوڵنز پارێزکار و کریستیانێکی دیندارە و بەلای ئەوەوە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتانە کۆتاییانهاتووە".
ماریگوانات كێشاوە؟
دوا راپرسی رۆژی 8ی ئەم مانگەی وڵاتەکە، پێشبینیدەکات پارتی کرێکاران نزیکەی 47٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەوەش مانای 59 کورسیی پەرلەمان کە کۆی 120 کورسی هەیە. لەبەرامبەردا پاشەکشەی پارتی نیشتمانی بۆ 32٪ی دەنگەکان.
کاتێک پرسیار لەو دوو سیاسەتڤانە کرا، لەبارەی بۆچوونی ئەوانەوە لەسەر یاسای ماریگوانا. ئاردێرن وەڵامێکی سەرنجڕاکێشی دایەوە، دان یبەوەدانا کە لە رابردووی دووردا، ماریگوانای کێشاوە، ئەم راشکاوی و راستگۆییە، وایکرد خەڵک چەپڵەی بۆ لێبدەن.
ئەو ئاشکرای نەکرد لەکاتی دەنگدان لەسەر گشتپرسییەکە، لەبارەی رێگەدان بەفرۆشتن و کڕینی ماریگواناوە، بۆ کەسانی سەروو بیست ساڵ و مۆڵەتدراو بەو کارە، هەروەها رێگەدان بە چاندن و کارکردن لەو کشتوکاڵەدا، چۆن دەنگدەدات.
هەرچی کوڵنزە، بەڕاشکاوی گوتی بەکارم نەهێناوە، دژایەتیی خۆیشی بۆ یاساکە نیشاندا و گوتی: "بۆ ئەوەی تەندروستیی عەقڵی گەنجان بەتایبەت، پارێزراو بێت، دژی یاساکەم".
لەبارەی تێڕوانینی هەردووکیانەوە، کوڵنز گوتی فۆکەس دەخاتە سەر ئابووری، گەشەی تەکنەلۆژیا و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی نیوزیلەندییەکان لە وڵاتەکەیاندا، لە کاتێکدا گاسیندا روونیکردەوە چاودەخاتە سەر وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، هەروەها بایەخدان بە ژینگە و گەشەی ئابووری.
لەبارەی پەتای کۆرۆناوە، سەرۆکوەزیرانی ئێستا گوتی شانازی بەوەوە دەکات کە حکومەتەکەی یەکەم حکومەت بوو کەرەنتینە و مانەوەی زۆرەملێی لە ماڵەکان و داخستنی گشتیی لە وڵاتدا پەیڕەوکرد. هەرچی کوڵنزە، لای خۆیەوە گاسیندا تۆمەتباردەکات بەکەمتەرخەمی، لە پشکنینی بەرپرسانی بەرکەوتووی گەشتیارانی گەڕاوە بۆ وڵاتەکە، بەبڕوای ئەو، ئەوە هۆکاری سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پەتاکەیە لە وڵاتدا.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ لەسەر دۆسیە گەورەکانی ئێستای وڵات، وەک کردنەوەی سنوورەکان، هاوکاریی گەنجان، نایەکسانی لە دابەشکردنی میرات، باج، گرێبەستەکانی خانوو و کشتوکاڵ، دۆزینەوەی هەلی کار، نرخی کرێی خانوو، گەشتکردن، هەردوو ئافرەت هەندێک پەسنی یەکدیان دا.
کوڵنز بۆ نموونە لە یەکێک لە دیبەیتەکاندا، کاتێک داوای لێکرا کارێکی باشی ئاردێرن بڵێت، گوتی: "لەسەرانسەری جیهاندا خەڵک دەیناسن، ئەوە شتێکی باشە بۆ ناوبانگی وڵاتەکە، ئەو هەروەها پەیوەندییەکانی باشە و نیازی باشیشی هەیە". لە وەڵامدا ئاردێرن بەپێکەنینەوە وەڵامیدایەوە و گوتی، پێشتر رووینەداوە بە 'تێکشکێنەر' ناوی ببات.
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە کە ئاردێرن لە راپرسییەکاندا، دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە و گەلویستییەکی بێوێنەی لە نێو خەڵکدا هەیە و پێشتر پشتگیری لەو جۆرە نەبینراوە. رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە لە راپرسییەکاندا، پارتی کرێکاران بەجیاوازی 15 خاڵ لەپێش پارتی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنەوەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق