قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و كوڕی دوەمی تاڵەبانی، لە سێ ساڵەی كۆچی دوای باوكیدا نامەیەكی بۆ دەنوسێت كە تیایدا هاتوە: لەلایەن خەڵکانێکی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم
دەقی نامەی قوباد تاڵەبانی بۆ سێ ساڵەی كۆچی دوایی مام جەلالی باوكی
باوکە گیان سڵاو...
چەند رۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵك باش نییە.
ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریكەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئایندە؟
پێموایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە ڕێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. ڕێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوو نەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو كە هەمیشە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو نەک لە بەرژەوەندی تایبەتی هیچ كەس و لایەنێك.
ڕێگای تۆ رێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی ڕەخنە قبوڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لەبیر و بۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ.
میراتی تۆ كێبەركێی تەندروستیی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ڕكابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، رێز گرتنە لە سیمبولەكانی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یەكڕیز نین.
ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەم.
باوکە گیان..
بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادی گشتی و ئازادی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریكاری مافی ژنان دەبم.
دڵنیابە لەگەڵ دڵسۆزانی راستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکێتی ریزەکانی کورد. دەزانم لەم ڕێگەیەدا تووشی ڕێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبوڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندی گشتی دا بێت ئەوە دەکەین.
کوڕی خۆت
قوباد
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق