بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ترەمپ بە بێ پلان ناودەبات و دەڵێت، تاکە پلانی ئەو بڕینی باجە لە دەوڵەمەندەکان.
لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنیدا لە ویلایەتی فلۆریدا، جۆ بایدن رایگەیاند، ئێستا رێژەی بێکاری لە ئەمریکا زیاترە لەو کاتەی کە ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا و هۆکاری ئەوەش "بێ پلانیی ترەمپە"، چونکە بە گوتەی بایدن، تاکە پلانی ترەمپ بڕینی باجە لە دەوڵەمەندەکان.
بایدن دەشڵێت، لە دابینکردنی هەلی کاردا، سەرۆکایەتی ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکایەتی لە مێژووی نوێی ئەمریکا ژمارەی هەلی کار کە بۆ خەڵکی دابینی کردووە، کەمترە لەو ژمارە هەلی کارانەی کە هەبوون لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا تایبەت بە متمانەدان بە ئێمی بارێت، بەربژێری ترەمپ بۆ پۆستی دادوەری دادگەی باڵای ئەمریکا، بایدن رایگەیاند: تاکە ئامانجی ترەمپ لەو هەنگاوە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی تەندروستیی ئۆباما کەیرە کە دڵنیایی تەندروستی بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن ئەمریکی دابین دەکات و بە گوتەی بایدن، بەرگری لە زیاتر لە 100 ملیۆن نەخۆش دەکات کە بارودۆخی تەندروستیی تایبەتیان هەیە.
بایدن پێی وایە ئیدارەکەی ترەمپ و کۆمارییەکان لەبری سەرقاڵییان بە دیاریکردنی بارێت، باشتربووە خۆیان بە دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانی خەڵک سەرقاڵ بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق