سەرۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دۆخى وڵات تاوتوێ ده‌كه‌ن

ليست هناك تعليقات


 


نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/١٠/١٢ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لە ھەولێر، سەرۆک کۆماری عێراق و هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ تايبه‌ت بوو به‌ بارودۆخى عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى. ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق، كۆبوونه‌وه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و باره‌ قورسه‌ دارايى و ئه‌منى و ته‌ندروستييه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و پشتيوانيى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورييه‌ فيدراڵييه‌كان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيری وڵات، به‌تايبه‌تى ره‌خساندنى كه‌شێكى سه‌قامگير و له‌بار بۆ كار و ئه‌ركى نوێنه‌رايه‌تيى وڵاتانى دۆست و نێرده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌ عێراق. 

كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقى تاوتوێ كرد و پشتيوانی خۆى بۆ زه‌مينه‌سازى بۆ هه‌ڵبژاردنێكى سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ عێراق ده‌ربڕى. ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و جێبه‌جێكردنى مادده‌ى (١٤٠)ى ده‌ستوورى عێراق، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ بوون و ئاماده‌بووان هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ر به‌رده‌واميى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ و پاراستنى مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان و گه‌ره‌نتيكردنى كه‌شێكى له‌بارى پێكه‌وه‌ژيان له‌و ناوچانه. 

كۆبوونه‌وه‌ پشتگيريى خۆى بۆ دوايين ڕێككه‌وتنى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێكى گۆڕينى ديموگرافى له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ره‌تكرده‌وه‌ و داواى كرد حكومه‌تى فيدراڵى عێراق ميكانيزمى ئارامى و ئاسايشى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى نێوان حكومه‌تى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرا و كۆبوونه‌وه‌ پشتيوانيى خۆى بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌رى يه‌كجاره‌كی كێشه‌ و بابه‌ته‌ هه‌ڵواسراوه‌كان ده‌ربڕى به‌ ئاراسته‌يه‌ك كه‌ تيايدا ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى پارێزراو بن.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو، تيايدا باسى ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ كرا كه‌ وه‌ك هه‌موو جيهان له‌ ده‌ره‌نجامى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانييه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌تايبه‌تى كێشه‌ و قه‌يرانى دارايى. كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تێپه‌راندنى ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ و پاراستنى به‌رژوه‌ندييه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، پێويسته‌ سه‌رجه‌م لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان توانايان يه‌ك بخه‌ن و يه‌كڕیز و يه‌كهه‌ڵوێست رووبه‌ڕووى ئه‌م دۆخه‌ هه‌ستياره‌ و ئه‌گه‌ره‌كانى داهاتوو ببنه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌ شه‌هيدكردنى ئه‌فسه‌رى ئاسايش غازى ساڵح ئاليخانى له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك شه‌رمه‌زار كرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif