رێژه‌ی هه‌ژاری به شێوه‌یه‌كی ترسناك هه‌ڵده‌كشێت
محەمەد حسەین
دوێنێ به‌شداریم كرد له كۆبونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاری له گه‌ڵ تیمی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی بانكی نێوده‌وڵه‌تی. كۆبونه‌وه‌كه رێكخرابوو بۆ گفتوگۆكردنی هه‌وڵه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له یارمه‌تیدانی عێراق بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كێشه دارایی و ئابوریه‌كانی ئه‌مڕۆی. له ناو ئه‌و گرفته سه‌خت و هه‌نووكه‌ییانه‌ی ئه‌مڕۆ عێراق روبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، هه‌ڵكشانی رێژه‌ی هه‌ژاری له هه‌مووی زیاتر سه‌رنجی راكێشام.
تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨، رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراقدا نزیكه‌ی ٢٠% بوو (٨ ملیۆن كه‌س له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه)، ئێستا گه‌یشتۆته ٣١% ( زیاتر له ١٢ملیۆن كه‌س له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه). به پێی یه‌كێك له پێشبینیه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی تا كۆتایی ئه‌مساڵ، رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراقدا ده‌گاته ٣٨.٧% (نزیكه‌ی ١٥ملیۆن و نیو كه‌س له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه). هاوكات رێكخراوی یونیسێف ٤٢% دانیشثوانی عێراقی به هه‌ژارو بێبه‌ش ناساندووه له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا.
له هه‌رێمی كوردستاندا چ گۆڕاوه و دۆخه‌كه چۆنه؟ تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨، رێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستاندا نزیكه‌ی ٥% بوو (به تێكڕای هه‌موو پارێزگاكان)، به ڵام به‌پێ یه‌كێك له پێشبینیه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م رێژه‌یه هه‌ڵده‌كشێ بۆ ١٩.٤% تا كۆتایی ئه‌مساڵ؛ واته زیاتر له ملیۆنێك و ١٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌كه‌ونه ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه.
هۆكاره‌كانی غلۆربوونه‌وه بۆ ژێر هێڵی هه‌ژاری به‌لای زۆربه‌وه زانراون، (وه‌ك دابه‌زینی نرخی نه‌وت، په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا، گه‌نده‌ڵی و خراپ-به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كان…هتد)، به‌ڵام تیمی بانكی نێوده‌وڵه‌تی باسی مه‌سه‌له‌ی (به‌فیڕۆدان)یشیان ده‌كرد وه‌ك فاكته‌رێكی تری هه‌ڵكشانی رێژه‌ی هه‌ژاری.
به فیڕۆدان لێره‌دا به‌و مانایه دێت كه ئه‌وه‌ی به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت به هه‌ڵه‌و بۆ شتی ناپێویست خه‌رجی ده‌كه‌ن رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بودجه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه پێویسته بۆ یارمه‌تیدانی بازاڕ‌و كه‌رتی تایبه‌ت و كاردۆزینه‌وه بۆ گه‌نجان خه‌رج بكرێت. ئه‌م به فیڕۆدانه وه‌ك گه‌نده‌ڵی سه‌یرناكرێت، چونه وه‌زیرێك به‌پێی یاسا‌و رێنماییه‌كان ٨٧ ملیۆن دیناری بۆ قه‌نه‌فه‌و مێزی ئۆفیسه‌كه‌ی خه‌رج كردووه (كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه پێویست نیه). به‌ڵام ئه‌م بڕه پاره‌یه ده‌كرا وه‌ك قه‌رزی پشتگیری پرهژهی بچووك یارمه‌تی لانی كه‌م ٨٧ گه‌نجی پێبدرێت.
،،
به گشتی، دۆخی ئابوری و دارایی عێراق و كوردستانیش هێنده خراپه كه ته‌نها دوو بژارده‌ی هێشتۆته‌وه، یان چاكسازییه‌كی ریشه‌یی و بنیادی ئه‌و مۆدێله دارایی و ئابوریه‌ی ژیان و بازاڕ‌و سه‌رچاوه سروشتیه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی پێ ده‌برێته ڕێوه، یان داڕوخانێی زۆر تراژیدی هه‌موو ئابوریه‌كه.
بێگومان ئه‌م داڕوخانه هه‌ر ته‌نها ئابوری نابێت، به‌ڵكو سه‌رده‌كێشێت بۆ ئاژاوه‌ی سیاسی، ململانێ له سه‌ر سه‌رچاوه‌كان، ده‌ركه‌وتنی گروپ وهێزی هاوشێوه‌ی داعش و ئینجا ده‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی تر.
له ناو هه‌موو ئه‌م هه‌موو ئاماژه‌و پێنوێنی-ه تاریكانه‌دا، خۆشبه‌ختانه رۆحی هاریكاری و هاوسۆزی و به‌زه‌یی زۆر به‌هێزه له ناو خه‌ڵكی عێراق و كوردستان-یشدا. له‌وه‌ناچێت هیچ هه‌ژارێك خه‌م و كێشه‌ی په‌یداكردنی نانی شێوی هه‌بێت. له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا بینیمان چۆن هه‌زاران خه‌ڵكی خۆبه‌خش و خێرخواز كه‌وتنه كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و خۆراك بۆ هه‌ژاره‌كان.
هاوكات توانا‌و ده‌رفه‌تی فشاردروستكردن بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی گشتگیری ئابوری و دارایی له كوردستاندا هه‌رماوه. به‌دڵنیایه‌وه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك فشاری به‌رده‌وامی هه‌بێت مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی ناچار ده‌بن هه‌ندێك له گه‌نده‌ڵی و بندیواره‌كانی حیزبه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌و سنورێك بۆ قاچاخچیهكانیان و كۆمپانیا مشهخۆرهكانیان دابنێن. پێویسته خه‌ڵك، لایه‌نه سیاسیه‌كان، رێكخراوه‌كان و چالاكوانان به‌رده‌وام دهرگیربن له‌گه‌ڵ كاری رۆژانه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌دا. شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بكه‌ن له‌و كاتانه‌ی كه ده‌بێته كه‌ناڵی راییكردنی گه‌نده‌ڵی و رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانان ده‌ستگیرده‌كات ده‌كات، پشتگیریشی بكه‌ن له‌و كاتانه‌ی ناوچه‌ی پیشه سازیه خۆراكیه‌كان دروست ده‌كات و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان دهخاتهوهگهڕ سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌یرانه داراییه سه‌خته.
دیبلۆماتیك مەگەزین
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق