سابیئە مەندائییەکان لەتاو كوشتارو تۆقاندن زۆربەیان باشوری عێراقو بەغدای پایتەختیان بەجێهێشتوەو رویان كردوەتە هەرێمی كوردستانو دەرەوەی وڵات، ئەم پێكهاتە ئایینییە دێرینەی عێراق كە پێشتر لەكەناری روبارەكانی دیجلەو فورات پەرستشە ئایینییەكانیان دەكرد، ئێستا لەسەر رۆخی زێی گەورە سرووتی لەئاوهەڵکێشانیان ئەنجام ئەدەن.
سابیئەکان یەكێکن لەپێكهاتە ئایینییە هەرە كۆنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو عێراق، كە خۆیان بەپەیڕەوکاری ئایینی پێغەمبەر یەحیاو ئایینە ئیبراهیمییەکان دەزاننو بەبێ روبارو ئاو هەڵناكەن.
بۆچوونی جیاواز سەبارەت بەرەگو ریشە دوورەكانی ئەم ئایینە لەئارادایە، كە بەزمانی مەندائی – ئارامی كتێبە ئایینییەكان نوسراوەو زمانی رەسەنیانە.
سەرچاوە مێژوییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرەتای سەرهەڵدانی سابیئەکان لەقودسو فەلەستینەوە بوەو یەحیای پێغەمبەریان ئەوانی لەئاوی ڕووباری ئوردندا تەعمید کردوە، بەڵام دواتر بەهۆی جەورو ستەمی جولەكەكانەوە، دو هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیەیان بەرەو حەڕانو پاشان میزۆپۆتامیا بەجێهێشتوەو لەسەر روبارەكانی دیجلەو فورات لەعێراقو كارون لەئێران گیرساونەتەوە.
سابیئەكان بەشێوەیەكی سەرەكی لەشاری عەمارە "پارێزگای میسان"دا نیشتەجی بونو وەك پایتەختی خۆیان لەو شارەیان روانیوە، بەشێكیشیان لەپارێزگاكانی بەسرەو ناسریەو كەركوكو دەوربەری ئەهوازدا بڵاوبونەتەوەو لەنیوەی دوەمی سەدەی بیستەمیشەوە زۆربەیان رویانكردوەتە بەغدای پایتەخت.
سابیئەکان ئەگەرچی بەدرێژایی مێژو پێكهاتەیەكی بەژمارە کەم بون، بەڵام سەرباری ئەو هەمو هەڕەشەو مەترسیانەی لەسەریان بوە توانیویانە بمێننەوەو لەسەر باوەڕی نەگۆڕی خۆیان بەردەوام بن.
لەدوای ساڵی 2003ەوە كە بەغداو ناوەڕاستو باشوری عێراق بوە مەكۆی میلیشیا توندڕەوەكانی شیعەو سوننە، بەتەواوی كەوتنە بەر مەترسی كوشتارو قڕكردنەوەو لەو شوێنانە تەنگیان پێهەڵچنرا كە زیاتر لە دو هەزار ساڵە تیا نیشتەجێنو بەزێدی رەسەنی خۆیانی دەزانن. لەبەرئەوە زۆربەیان ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپاو ئوستورالیاو كەنەدا بونو بەشێكیشیان هەرێمی كوردستانیان كردە پەناگەی خۆیان.
سەرۆکی مەندائییەکان، شێخ جەبار ستار حلو ئاماژە بەوە دەكات تا روخانی رژێمی بەعس، ژمارەیان لەعێراقدا بە 80 بۆ 100 هەزار كەس خەمڵێندراوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەو مەترسی لەسەر ژیانیان، 70 هەزاریان عێراقیان جێهێشتووەو ئێستا ژمارەیان بە 15 تا ٢٠ هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، كە زۆربەیان لەبەغداو میسانو واستو بەسڕەو دیوانیەو دیالەو کەرکوکو کوردستان نیشتەجێن.
سابیئەکان، یەکتاپەرستنو باوەڕی ئایینیان لەسەر پێنج بنەما دامەزراوە: باوەڕبوون بەتاکە خودایەک، تەعمید كردن، نوێژ، ڕۆژو گرتن، بەخشینی سەدەقەو زەکات.
چەندین كتێبی پیرۆزیان هەیە كە گرنگترینیان "کەنزا ڕەبا - گەنجینەی پەروەردگار"ە، ئەم كتێبە كە بەزمانی مەندائیی نوسراوە، لەهەشتاكانی سەدەی رابردودا بەهۆی تۆمەت خستنە پاڵیان لەلایەن پیاوانی ئایینی توندڕەوی شیعەو سوننەوە، جارێكیتر وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانی عەرەبیو بڵاوكرایەوە.
سابیئەكان ئەستێرەو هەسارەكان لەلایەن پیرۆزەو پێیانوایە كە شوێنی نیشتەجێبونی مرۆڤی پاكنو وەختی خۆی نەوەكانی ئادەم هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئەو كچانەدا كردوە كە لەئەستێرەو هەسارەكانی ترەوە هاتونو بەهۆی ئەمەشەوە زەوی ئاوەدان كراوەتەوەو بەردەوامیی بەژیانی مرۆڤ دراوە.
سابیئەكان كە ئایینەكەیان داخراوو نهێنی پارێزەو كەس بۆی نییە بچێتە دەرو كەسیش بۆی نییە بچێتە ناویی، پەیڕەوکارانی هاوسەرگیریی كردنیان لەگەڵ كەسانی دەرەوەی ئایینەكە لێحەرامە.
سابیئەکان لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردودا بەشێوەیەكی رێكخراو چەند ناوەندێكی ئایینیو رۆشنبیریو كلتوریان دامەزران، وەك "ئەنجومەنی ڕۆحانی، ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی کاروبارەکان"، بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكەكانیانو باشتر رێكستنی رێورەسمە ئایینییەكانیانو پارێزگاریی كردن لەبونو مانەوەی خۆیانو بەهێزكردنی گیانی هاوكاریی نێوانیان.
سابیئەكان كە رەنگی سپی دروشمیانەو زیاتر لەجلوبەرگیاندا دەیپۆشن، ساڵانە چوار جەژنی ئایینیان هەیە کە "برونایاو دهوا رباو دهوا حنینو دھوە ئەددیمانە"ن. هەروەها ئاویان لا زۆر پیرۆزە، هەر لەبەرئەمەشە بەدرێژایی مێژوو لەو ناوچانە نیشتەجێ بونن كە ئاو یان رووباری رۆشتو نەك قەتیسماویان لێبوە، تەنانەت ناوەكەشیان سابیئە لەوشەی "صبا"وە هاتوە كە وشەیەكی ئارامییەو بەمانای خۆ پاككردنەوە دێت لەناو ئاو.
ماوەی چەند ساڵێكە سابیئە مەندائییەكان، جەژنی تەعمید – لەئاوهەڵكێشان- "دھوە ئەددیمانە" لەسەر رۆخی زێی گەورە ئەنجام ئەدەن، كە یەكێكە لەجەژنە پیرۆزو گەورەكانی پەیڕەوانی ئەم ئایینەو ساڵانە لەسەریان فەرزە ئەم رێورەسمە بکەن بۆ ئەوەی ببن بەسابیئە.
چەند رۆژێكیش لەمەوبەر كە جەژنی سەری ساڵی سابیئەكان (كەرصە) بو، دەیان خێزانی سابیئە پاش مانەوەیان لەماڵەوە بۆ ماوەی 36 كاتژمێر، چونە پەرستگەی مەندێ لەهەولێرو بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لەیەكدی كرد.
نائارامیو شێواویی دۆخی ئەمنی لەبەغداو باشوری عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوەو سابیئەكانی روبەڕوی دیاردەی دزیو رفاندنو كوشتن كردوەتەوە، بۆیە لەتاوا ژمارەیەكی زۆریان هەرێمی كوردستانیان كردوە بەپەناگەی خۆیان، تا بەئازادی پەرستشو سروتە ئایینییەكانیان ئەنجام بدەنو ئێستا دەیان خێزانی سابیئە لەهەولێر نیشتەجێنو بەشێكیشی كەمتریشیان لەسلێمانیو دهۆک.
لەكوردستان باوەش بۆ هەمو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق كراوەتەوەو پشتگیریی كراون بۆ ئەوەی لەم وڵاتەدا بمێننەوەو بەردەوام بنو تیانەچن، لەم چوارچێوەیەشدا سابیئە مەندائییەکان بەفەرمی وەک پێکهاتەیەکی ئایینی لەهەرێمی كوردستان ناسێندراونو لەوەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئایینی نوێنەریان هەیە. هاوكات لەهەولێر پەرستگەی ئایینی (مەندێ)و سەنتەری ڕۆشنبیریی مەندائییان هەیەو بایەخ بەژیانی ئایینیو کولتوری سابیئە مەندائییەکان دەدەن.
ڕاپۆرتی ئاوێنە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق