ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی عێراق بەگشتیی و هێرشی سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بەتایبەتی. کۆبوونەوەکە سەرکۆنەی هێرشەکە و سووتانی ئاڵای کوردستان دەکات.
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، کۆبوونەوەکە نائاسایی بووە و دوو کاژێری خایاندووە. رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا سەرکۆنە کراوە و مستەفا کازمی بڕیاری داوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێبکات و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "حکومەت هەموو رێوشوێنێکی تووند دەگرێتەبەر دژی هەموو ئەوانەی شکۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا دەشکێنن". ئاماژە بەوەش کراوە کە 15 کەس دەستگیرکراون کە بەپێی راگەیێندراوەکە لەو رووداوەدا یاساشکێنییان کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەغدا سووتاند. ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو رووداوەیان کرد و شەرمەزاریان کرد.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق