سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی، شارەزای بواری ئەمنی بەردەوامە و سەرەداوی گرنگیان لەو بارەوە دەستكەوتووە، لە كاتی گونجاویش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ رای گشتی رادەگەیێنن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی فەرمی عێراقی، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بكوژانی هیشام هاشمی بەردەوامە، سەرەداوی گرنگیشمان لەوبارەوە دەستكەوتوە و چاوەڕێین لەكاتی گونجاو رایبگەیێنین".
كازمی گوتیشی "پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بە هاشمی، بەڵكو پەیوەستە بە سەرجەم كوژراوان و رفێندراوان، هەرچەند دواش بكەوێت بەڵام بكوژان لەسزادان دەربازیان نابێت".
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6ی تەممووز، هیشام هاشمی، شارەزا لە كاروباری گرووپە چەكدارەكان لەبەردەم ماڵی خۆی لە ناوچەی زەیونە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا تیرۆركرا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ئەوكات لە كامێراكانی چاودێری بینراون، سێ چەكدار بە ماتۆڕسكیل دەستڕێژی گوللە لە هاشمی دەكەن و تیرۆری دەكەن.
لە دوای تیرۆرکردنی هاشمی و بەرزبوونەوەی ئەو دەنگانەی داوا دەکەن چیدی رووداوەکانی کوشتن بەبێدەنگی تێنەپەڕن، ئەنجوومەنی دادوەریی لە عێراق دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کوشتنی راگەیاند.
ئەنجوومەنەکە لە بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی لە رۆژی 7/7/2020 بڕیاردرا بە دروستکردنی دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە سێ دادوەر و داواکارێکی گشتی، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن لە بەغدا و سەرجەم شارەکانی دیکەی عێراق، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق