فاشیلترین و بێ ئاکارترین دەسەڵات

ليست هناك تعليقات



دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین

ئەم دەسەڵاتە چەتەییەی،لە هەرێمی کوردستاندا حاکمە،گوایە خەڵک دەنگی پێداون و ئەمانی،بە شایستە زانیوە،ئەو دەنگدانەی،کە بەنزیکەی ٦٠./ سەدا شەستی خەڵک بەشداری نەکروە و لە کۆی نۆ ئەندامی کۆمسێۆنیش چوار ئەندام واژۆی،لە سەر ئەنجامی کۆتایی نەکردوە و بەساختەیان داناوە،تەنیا نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتی بەڕێکەوتنی پۆشینی تەزویری هەردولایان واژۆیان،لەسەر ئەنجامی کۆتایی کردوە،لە ڕاستیدا،لە بەرئەوەی ئێمە دەوڵەت نین و هەرێمین،بۆیە چاودێرانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان گوێی نادەنێ و زۆر لەسەری ناڕۆن،هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش،بەبەشی خۆیان ڕازین و بەزیادی دەزانن،بۆیە هەمو ناڕەزایەتیەکانیان،لە بەیاننامە دەرکردن زیاتر نیە و ئەنجامەکە و گۆشتاوەکەش قبوڵ دەکەن،ئەگینا ئەو هەڵبژاردنەی مەسرور بارزانی شانازی پێوەدەکات،هیچ پێوەر و ستانداردێکی هەڵبژاردنی پاک و نەزیهی تێدانەبو،لەهەر شوێنێکی تری دنیا بوایە هێزەکان ڕەتیان دەکردەوە و شەقامیان دەجوڵاند.

ئەم حکومەتەی ئێستا،کە بەرهەمی ئەو هەڵبژاردنەیە،هەر وەک هەڵبژاردنەکە فاشیل و نوقمی قەیران و بێ باکییە،بەڵام هێندە ڕو قایم و بێ شەرمن هەر خۆیان،بە حاکم و حکومەت دەزانن.

هەر دەسەڵات و حکومەتێکی تر بوایە،داوای لێبوردنی،لە خەڵک دەکرد و خۆی هەڵدەوەشاندەوە و ڕێی بۆ خەڵکی شایستە دەکردەوە.

کابینەی پێشو دەیوت،ئێمە بە سێ هۆکار توشی قەیران بوین:

۱_ دابەزینی نرخی نەوت

۲_ بڕینی بوجە،لەلایەن بەغداوە

۳_ شەڕی داعش

ئەم کابینەیەی ئامۆزاش دەڵێ:

۱_ دابەزینی نرخی نەوت

۲_ بڕینی بوجە،لەلایەن بەغداوە

۳_ پەتای کۆرۆنا

واتە،شەڕی داعش گۆڕاوە،بە پەتای کۆرۆنا،بەمەش قەیران بەردەوامە و دۆخەکەش زۆر،لە جاران خراپترە،خوێندن نیە،خزمەتگوزاری تەندروستی کەرتی گشتی،لە ئاستی نەبوندایە،ئازادی و فەزای ئازاد ڕۆژبەڕۆژ تەسکتر دەبێتەوە و زوڵم و ستەم بەردەوامە.

یاسا و دادگا،بۆ مەرامی دەسەڵات بەکاردێنن،قاچاخچیەتی و چەتەیی بەردەوامە و حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان و کۆمپانیاکانیان خرپن و پۆشتە و حکومەتیش ڕوت و ڕەجاڵ و گوایە قەرزار؟!

تازەترین داهێنانی حکومەتیش هەر بەئارەزو،وەک دەڵێن هەموشیان ڕازین،موچەی سێ مانگ پاشەکەوت دەکات و دو مانگیش قەرزە لای حکومەتی بەغدا،بەم کارە نایاساییە چەتەییەش دەڵێن،ڕێککردنەوە و خۆگونجاندن؟!

ئەم دەسەڵات و حکومەتە فاشیلترین و بێ ئاکارترین دەسەڵاتی سەر ڕوی زەوییە،کە شایانی ئەوەیە نەمێنێت و گۆرینی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif