هه‌رێمی سوننه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌وه‌

ليست هناك تعليقات


 عارف قوربانی
-
له‌ میدیا ناوخۆییه‌كانی عێراق و كوردستان، هه‌ندێک هه‌واڵی دزه‌پێكراو بۆ ناو میدیا جیهانییه‌كانیش، به ‌گه‌رمی باس له‌ پێكهێنانی "هه‌رێمی سوننه‌"ی عیراق ده‌كرێت. وه‌ك ئه‌نجامێكیش له‌ شكستی حوكمڕانیی عێراق بۆ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی كۆنی جۆ بایدن بۆ دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ هه‌رێم: شیعه‌ و سوننه‌ و كورد، ئێستا ئومێدێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنراوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی بایدن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مریكادا پرۆژه‌كه‌ی بخاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ده‌ورووژێنرێت، ته‌نانه‌ت دوور له‌ بانگه‌شه‌ی میدیایی پێشووتر پارێزگا سوننیه‌كان هه‌ر یه‌ك به‌ جیاجیا و هه‌مووشیان پێكه‌وه‌ رێكاره‌ ده‌ستوورییه‌كانیان بۆ دروستكردنی هه‌رێمێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان تاقیكرده‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نی شیعی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ره‌های عێراق له‌ دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی سوننه‌كان بوون و هێنانی داعش بۆ ناوچه‌كانیان، له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هێزه‌ سوننییه‌كان و وێرانكردنی شاره‌كانیان و تیاچوونی ده‌یان هه‌زار ژماره‌ی مرۆیی و ئاواره‌بوونی سه‌تان هەز‌اریان، به‌شێكی به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵه‌یانه‌وه‌ بوو كه‌ بۆ خۆقوتاركردن له‌ژێر هه‌ژموونی شیعه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی داخوازیی هه‌رێمی سوننه‌دا خستیانه‌ڕوو.

ئه‌و كات سوننه‌كان خاوه‌ن حیزب و سه‌ركرده‌ی به‌هێز و كوتله‌ی په‌رله‌مانیی گه‌وره‌ و پێگەی‌ هه‌رێمایه‌تی بوون، له‌م هه‌وڵه‌یاندا شكستیان هێنا. له‌ ئێستادا كه‌ نه‌ حیزبی به‌هێز و نه‌ سه‌ركرده‌ی خاوه‌ن كاریگه‌ری و نه‌ كوتله‌یه‌كی یه‌كگرتووی په‌رله‌مانین. هه‌روه‌ها هێشتا به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره‌ی ناو عێراق و ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتانن، ته‌واوی ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ و به‌شێك له‌ ئه‌وانه‌شی كراونه‌ته‌ رووکاری پێكهاته‌ی سوننه‌ ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ن كه‌ شوێنکەوتەی شیعه‌ و حه‌شدی شه‌عبین. هاوكێشه‌ی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمایه‌تییش هیچی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌هێزبوونه‌وه‌ی سوننه‌ نییه‌، بۆیه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵایه‌كی میدیایی هیچ زه‌مینه‌یه‌كی واقیعیی به‌رجه‌سته‌ نییه‌ كه‌ ببێته‌ پاڵنه‌ری عێراق به‌ره‌و قبوڵكردنی هه‌رێمێك بۆ سوننه‌كان، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌ مه‌رجه‌عیشه‌وه‌ دژی ئه‌م بابه‌ته‌ن، رێكاره‌كانی گۆڕینی ده‌ستوریشیان ده‌ستپێكردووه‌ و به‌ ئاشكرا دژی فیدراڵیه‌تن له‌ عێراق. له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریشدا وه‌ك حاڵه‌تی ئه‌مری واقیع هه‌رێمی كوردستانیان په‌سند كرد و له‌ 17 ساڵی رابردووشدا زۆر هه‌وڵیان داوه‌ بۆ دووله‌تكردنی هه‌رێمی کوردستان و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵه‌شانده‌وه‌ی و نه‌هێشتنی قه‌واره‌ ده‌ستورییه‌كه‌ی. بۆیه‌ ئاسان نییه‌ له‌ دۆخێكی وادا بتوانرێت خه‌ونی ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ سوننییانه‌ بكرێته‌ واقیع و هه‌رێمی سوننه‌ دروست ببێت.

به‌ڵام وه‌ك دەگ‌وترێت له‌ سیاسه‌تدا هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه‌، ده‌بێت گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكرێت كه ‌دوور نییه‌ به‌هۆی گوشاره‌ هه‌رێمایه‌تی و نێووده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ شاراوه‌ و نهێنییه‌كانی "رێككه‌وتنی سه‌ده"دا له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ په‌یوه‌ندیی وڵاتانی عه‌ره‌بیی سوننه‌ و ئیسرائلدا دروستبوون، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌مریكا ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر باس له‌ بچووكردنه‌وه‌ی رۆڵی ئێران و بڕینی ئه‌و رێگەیانه‌ ده‌کات كه‌ ئێران ده‌گه‌یه‌نێته‌ سووریا و لوبنان و له‌وێوه‌ بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ده‌شێت‌ هه‌رێمی سوننه‌ وه‌ك له‌مپه‌رێك له‌به‌رده‌م ئێراندا دروستبكرێت. له‌ دۆخێكی وادا ئەوەی کە كورد چۆن دەچێتە نێو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ یان چۆن واده‌كات ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌كه‌، پێویستی به‌ له‌سه‌روه‌ستان و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد هه‌یه‌.

كێشه‌ی كورد له‌ عێراقدا كێشه‌ی سنووری جوگرافیا و خاكی داگیركراوه‌. به‌ راسته‌وخۆ ئه‌و ناوچانه‌ش یان هاوسنوورن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌، یان ده‌كه‌ونه‌ ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و جوگرافیایه‌وه‌ كه‌ سوننه‌ خه‌ونی به‌ هه‌رێمكردنیان پێوه‌ ده‌بینێت. له‌ ناوچه‌كانی مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و خانه‌قینه‌وه‌ تا خورماتوو و كه‌ركووك و شه‌ش قه‌زای كوردستان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌چاره‌نووسیان یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ کە له ‌روویی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ كێ‌ به‌ڕێوه‌یان به‌رێت، هه‌رێم یان ناوه‌ند؟ له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی هه‌رێمی سوننه‌دا راسته‌وخۆ كێشه‌كه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی نێوان دوو هه‌رێم، كوردستان و سوننه‌. ده‌بێت كورد به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌م پرسه‌ تاوتوێ‌ بكات.

ده‌بێت كورد به‌رچاوی روون بێت له‌وه‌ی دروستبوونی هه‌رێمی سوننه‌، ئه‌گه‌ر به ‌دیوێكدا به‌ قازانجی پرۆژه‌ی فیدراڵی بێت له‌ عێراق و خه‌ونی به‌ره‌ی ناوه‌ندگه‌رایی شیعه‌ له‌ گۆڕ بنێت، به‌ دیوێكی تریشدا كورد په‌لكێشی نێو ململانێیه‌كی تر ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی تازه‌ دامه‌زراوی سوننه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی خاك و دیموگرافیای ئه‌و ناوچانه‌. ئایا ئه‌و كات هه‌ڵوێستی به‌غدا له‌ هاوكێشه‌ی نێوان كورد و سوننەدا‌ چۆن ده‌بێت؟ جۆری مامه‌ڵه‌ی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان، پرسی سه‌ربه‌خۆیی و سوپا و داهاتی هه‌رێمه‌كان به‌ چ ئاقارێكدا ده‌ڕۆن؟ توركیا و وڵاتانی كه‌نداو كه‌ ده‌رگای زیاتریان بۆ ده‌كرێته‌وه‌ بۆ بوونه‌ لایەن له‌ كێشه‌كانی عێراق و پشتیوانیی زیاتری سوننه‌ ده‌بن، كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان كورد و سوننه‌ چۆن ده‌بێت؟ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسیاری تر هه‌ن پێویسته‌ كورد به‌دوای وه‌ڵامی دروستیاندا بگه‌ڕێت.

ئایا كورد ده‌توانێت پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ سوننه‌یه‌كی لاوازدا رێكبكه‌وێت به ‌پشتیوانیكردنیان بۆ هه‌رێمی سوننی به‌ مه‌رجی ده‌ستهه‌ڵگرتنیان له‌ خاكی كوردستان؟ یاخود بابه‌تی جوگرافیا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ دوای به‌هێزبوونه‌وه‌ی سوننه‌ و ئه‌و كات هاوشێوه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو كورد ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ر هه‌ژموونی سوننه‌ی ناوچه‌كه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر كورد شان بداته‌ به‌ر شانی شیعه‌ و یارمه‌تیده‌ر نه‌بێت له‌وه‌ی هه‌رێمی سوننه‌ له‌به‌رانبه‌ر شیعەدا‌ قوت بكرێته‌وه‌ و كورد نه‌هێڵێت خه‌نجه‌ری سوننه‌ هیلالی شیعی بكاته‌ دوو له‌ته‌وه‌، شیعه‌ چی بۆ كورد ده‌كات؟ ئایا كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ره‌های عێراقیان له‌ ده‌ستدایه‌، ئاماده‌ ده‌بن مافی كورد له‌ عێراقدا بسه‌لمێنن و كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستووردا به‌ قازانجی پرۆژه‌ی كوردی به‌رنه‌ پێش؟

پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان به ‌وردی ره‌هه‌ند و ئه‌نجامه‌كانی هه‌رێمی سوننه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنن و هه‌ر رۆڵی بینه‌ر نه‌بینن، به‌ڵكو بیكه‌نه‌ ده‌رفه‌تی بردنه‌پێشه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد و چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی پرسی خاك و سنووری نێوان عه‌ره‌بستان و كوردستان.

ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاوه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌، به‌ دروستكردنی هه‌رێمی سوننه‌ و گواستنه‌وه‌ی كێشه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی رێگەچاره‌ ده‌ستورییه‌كانیش، هیچ ئومێدێك نامێنێته‌وه‌ کە كورد بتوانێت ئه‌و جوگرافیا داگیركراوانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی بەعەرەبکردنی كۆن و نوێ‌وە داگیركراون. بۆیه‌ پێویسته‌ پێشوه‌خته‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆیان یه‌كبخه‌ن و به ‌یه‌كگرتووییه‌وه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی هه‌رێمی سوننه‌ له‌ عێراق.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif