ڕەوشی رۆژنامەنووسانی كوردستان و عێراق لە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچدا‌

ليست هناك تعليقات



ڕێكخراوی هیومان ڕاتس ووچ كە لەبواری مافەكانی مرۆڤدا بەشێوەیەكی گشتی لە 70 وڵاتی جیهان كاردەكات و دوێنێ چوار شەممە 21 تشرینی یەكەم 2020 ڕاپۆرتێكی لەبارەی ڕەوشی رۆژنامەگەریی لە عێراق بڵاوكردووەتەوەو تیایدا باس لە ئازادیی رۆژنامەگەریی و ئاستی مەترسییەكان دەكات بۆ سەر گیانی رۆژنامەنووسان و سوتاندنی كەناڵی دیجلەی بە نموونە هێناوەتەەوە، ئەو ڕێكخراوە بەردەوام لەسەر دۆخی رۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی هەیە، لە ڕاپۆرتێكی نوێیدا لەبارەی ئازادی رۆژنامەوانییەوە لە عێراق باس لەوەش دەكات كە رۆژنامەنووسانی عێراقی بە گشتی لەژێر هەڕەشەدان و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

راپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ووچ ناوی – لەهەر كاتێكدا بێت دەكرێت بانگت بكەین- ەو لە 30 لاپەڕە پێكهاتووە و باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەكات لە عێراق، لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك یاسای تێدایە كە پەیوەستە بە (ناوبانگ زڕاندن –تەشهیر، هاندانی خراپ –تحریض) لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی عیراقی ئەم دوو یاسایان كردووەتە داری دەستیان و رۆژنامەنووسان و میدیا كاران و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێ دادگایی و زیندانی دەكەن لە راپۆرتەكەدا هاتووە هەرچەندە هەندێك و چالاكوان و رۆژنامەنووسان داوایانكردووە لە پەرلەمانتاران چاوێك بەو یاسایانەدا بخشێنرێتەوەو هەمواربكرێنەوە لەبەرئەوەی بواری خراپ بەكار هێنانی تێدایەوبەشێوەیەك ڕێكبخرێتەوە كە لەگەڵ رۆحی سەردەم و كاری رۆژنامەوانی و بەدەستهێنانی زانیارییدا بێتەوە.

لە باسی سوتاندنی كەناڵی دیجلەدا لە لایەن هێزێكی مەزهەبی شیعەوە لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسەیندا تەنها لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەدا لەبریی ئەوەی ماتەمینی بگێڕێت گۆرانییەكی شادی عەرەبی خانمە هونەرمەندێكی پەخش كردووەو ئەوانیش وەك سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی خۆیان لێكیانداوەتەوە هێرشیان كردووەتەسەر ئۆفیسی بەغداد و ئاگریان تێبەرداوەو تا ئێستاش كارمەندانی ئەو كەناڵە خۆیان شاردووەتەوەو بە نهێنی نەبێت ناتوانن دەربكەون لە ترسی ئەوەی هێرشیان بكرێـتە سەر.

بە پێی راپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ووچ باس لەوە دەكات كە هێزە عێراقییەكان زۆر بە جدیی كار لەسەر ئەو یاسایانە دەكەن و بەخراپی ڕەفتار لەگەڵ رۆژنامەنووسان و میدیاكارو چالاكوانەكان دەكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەی كە كەناڵی دیجلەیان سووتاند هیچ كارێكی یاساییان ئەنجام نەداوەو كەس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر نەكراوە.

بەلقیس ویلی، گەورەتوێژەری ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ووچ بە ئەلجەزیرەی گوتووە:لە عێراقدا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت ڕووماڵی ڕووداوەكان بكەن، یان باس لە ڕووداوە سیاسییەكان بێلایەنانە و بە دادپەروەریی كار بكەن، كاریان ڕووبەری كاركردنیان كەمدەكرێتەوە ناهێڵن كارەكانیان بكەن، هەر كەسێك لەوانە بیەوێت دەستی بەزانیاریی گرنگ بكەوێت ڕووبەڕووی هەڕەشەو گرتن و لێدان دەبنەوەو ئەوەش ناچاری كردوون كە وڵات بەجێبهێڵن . ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەدات: هاوڵاتی عێراقی لەبەر ئەو هۆكارە دەستیان بە زانیاریی وردو بێلایەن ناگات و نازانرێت بڕیارو جووڵەی هێزە سیاسییەكان ڕوو لە كوێ دەكەن و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان.

سوتاندنی كەناڵی دیجلە لەسەر لێدانی گۆرانییەكی شادی خانمە هونەرمەندێك لە مەراسیمی عاشورادا پەیامێكی جدیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە بۆهەموو ئەو رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی كە بە پێچەوانەی خواستی ئەوانەوە بجووڵێتەوە. ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات لە لایەن چەكدارەكانەوە هیرش كراوەتە سەر هەشت وێستگەی تەلەفزیۆنی و چوار ڕادیۆ.
لە ڕاپۆرتێكی جەزیرەشدا باس لە ڕەوشی هەرێمی كوردستانیش كراوە كە هێرش بۆ سەر میدیا و رۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیەو ئەو دۆخەش هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار –یەكێتی و پارتی – بەرپرسن، پسپۆڕەكەی هیومان ڕایتس ووچ دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان ئێمە شایەتی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسانین لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە، رۆژنامەنووسانیش لەژێر هەژموونی كێشەو ململانێ سیاسیەكان و ئاڵۆزییە سیاسیەكانی هەرێمن، ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات لە دوو مانگی ڕابوردوودا سەرەڕای هەبوونی پەتای كۆرۆنا –كە كراوەتە بەڵگەیەك بۆ سەركوتكردنی هەندێك لە میدیا سەربەخۆكان، هێشتا مانگرتن و بایكۆتی بەشێك لە فەرمانگەكان بەردەوامە، لە مانگی حوزەیراندا دەسەڵات 6 رۆژنامەنووسیان بە بیانووی پێشێلكردنی ڕینماییەكانی كۆڤید 19 دەستگیركردووە، لە پارێزگای دهۆكیش 8 رۆژنامەنووسیان دەستگیركردووە.

هیومان ڕایتس ووچ بە گەورەترین ڕێكخراوی بواری مافەكانی مرۆڤ لە ئەمەریكا دادەنرێت لە ساڵی 1978 ەوە دەستی بە كارەكانی كردووە، بارەگای سەرەكی دەكەوێتە نیویۆرك لە چەند وڵاتێكیش نوسینگەی هەیەو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ بە فەرمی لە 70 وڵاتی جیهاندا دەكات و عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە، كاری ئەوان لە بوارەكانی ژنان، منداڵان، رۆژنامەنووسی، بەرپرسیارێتی كۆمپانیاكان لەبەرامبەر كرێكاران، دادپەروەریی، زیندانەكان، مادەی هۆشبەر،و پەنابەریی و چەندین دۆسیەی تر دەكات كە پەیوەندی ڕاستەخۆیان بە دۆخی مافەكانی مرۆڤەوە هەیە.
پەیسەرپرێس




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif