گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی پێشوازی لە رێککەوتنی شنگال دەکات و دەڵێت: "هەنگاوێكی باشە بەرەو باشتربوونی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
لەهیب هیگڵ، لێکۆڵەری باڵای گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری عێراق دەڵێت: "رێککەوتنەکە رەنگە ببێتە هۆی گەڕانەوەی 200 هەزار ئاوارەی ئێزدی و ئاوارەی ناوچەکانی دیکە،یەکەمجاریشە هەولێر و بەغدا لەسەر ناوچەیەکی کێشە لەسەری ئەمنی و کارگێڕی رێکبکەون، ئەوەش گرنگە بۆ باشتربوونی دۆخی ئەو ناوچانە ."
بەڵام نایشارێتەوە "جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە زەحمەتە، چونکە داوای دەرچوونی هەموو گرووپە چەکدارەکان دەکات لە نێویاندا پەکەکە و حەشدی شەعبی، بەتایبەت کە پەکەکە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی رێککەوتنەکە رەتدەکەنەوە."
گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی هۆشداریشدەدات :"ئەگەر گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ دەرچوونی ئەو هێزانە نەبێت، مەترسی شەڕی چەکداری هەیە لە نێوان ئەو هێزەی لە شنگال جێگیردەکرێت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دیکە".
رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی، کارگێڕی و خزمەتگوزاری شنگال کاردانەوەی نێودەوڵەتیی و نێوخۆیی لێکەوتەوە. وڵاتان پێشوازیان لە رێککەوتنەکە کرد.
پارتی کرێکارانی کوردستان کە چەند هێزێک و ئیدارەیەکی بۆ شنگال دروستکردووە، دژی رێککەوتنەکەیە.
رۆژی 11-10-2020 کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شنگال بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە رێککەوتنەکە بە بەشداریی خۆبەڕێوەبەریی شنگال بێت، "بەپێچەوانەوە جێگەی قبووڵ نییە".
دژایەتیی پەکەکە بۆ رێککەوتنەکە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارەکان بچنە دەرەوەی شنگال و دۆسیەی ئەمنیی شارەکەش بە پۆلیسی فیدڕاڵی دەسپێردرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق