وتەبێژی پارتی: كارە گوماناوییەكانی پەكەكە بونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵك.

ليست هناك تعليقات



گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەداتەوە و دەڵێت " لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان".

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2020 راگەیێندراوێکی وەک وەڵامدانەوەی پەکەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لە دوایین لێدوانەكانیاندا (پەکەکە) نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و ئاوەژووكردنی راستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە راستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان".

لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتیدا هاتووە "پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان".

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ئەمڕۆ هۆشداری دا، كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگە لە هاتووچۆی گەریلاكانیان دەگرێت و "لەوانەیە شەڕ رووبدات"، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێت "بە ئاشكرا بانگ دەكەم و دەڵێم دەمەوێت رێگە لەشەڕ بگرم".

بەپێی قسەكانی قەرەیلان كە لەلایەن دەزگا میدیاییەكانی سەر بە پەكەكە بڵاوكراوەتەوە "هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکەن. ئەگەری چاودێری و زانیاریی ورد و جددیمان سەبارەت بەم دۆخە نەبووایە... وامان نەدەگوت".

دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی سەرانی پەکەکە دەداتەوە...

جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.

لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!

پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.

لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.

مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

27ـی ئەیلوولی 2020



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif