فەرەنسا قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند

ليست هناك تعليقات


 

بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە وڵاتەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ماوەی یەک مانگ قەدەخەی هاتووچۆی لە فەرەنسا راگەیاند.
 
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی چەند رۆژێکە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆر بەرزە و تەنیا قەدەخەی هاتووچۆ دەتوانێت بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکات.
 
ماکرۆن باسی لەوەش کردووە، دەبێت لە رۆژی هەینییەوە رێستۆرانتەکان، باڕەکان و شوێنە ناپێویستەکانی دیکە دابخرێن، بەڵام قوتابخانەکان، کارگەکان و پرۆژە بیناسازییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت "لە قۆناخی یەکەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا باشترین ستراتیژی بریتیبوو لە رێگەنەدان بە چوونە دەرەوەی کەسانی بەتەمەن، پشکنینی زۆر و زیادکردنی قەرەوێڵەکان، بەڵام هیچکام لەو ستراتیژییانە ئێستا گونجاو نین. دەبێت کاری زیاتر بکەین. دوای راوێژ لەگەڵ زاناکان، دیالۆگ لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار بە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان، بڕیارمدا لە رۆژی هەینییەوە دەست بە قەدەخەی هاتووچۆ بکەینەوە و رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرین".
 
ئەم بڕیارەی حکومەتی فەرەنسا لەکاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەوروپییە زیادیکردووەتەوە.
 
لە 24 کاژێری رابردوودا 36 هەزار و 437 تووشبووی کۆرۆنا لە فەرەنسا تۆمارکراون و 244 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگشتیش تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 235 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە فەرەنسا تۆمارکراون و نزیکەی 36 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif