لاهور شێخ جەنگی: وابڕوات هەڵوێست وەردەگرین
هاوسەرۆکی یەکێتی لەمیانی دیدارێکیدا لە هەولێر رایگەیاندووە، بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی بۆ کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی و لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕییە، کە بە گوتەی ئەو "تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە" و لە هەوڵدان خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان "وەکو خۆی" جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا، یەکێتی ناچاردەبێت "هەڵوێست وەربگرێت'.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی، ئاماژە بەوە کراوە "وەک یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە بەشداربووین لە حکومەتی هەرێم، زیاد لە پێویست بەرپرسیارێتیمان لەئەستۆ گرتووە، بەشداریکردنیشمان لە کابینەی نۆیەم بەپێی رێککەوتنێکی ئیمزاکراو بووە کە چەند خاڵێکی گرنگی لەخۆگرتووە، لەوانە مەسەلەی چاکسازی و لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕی".
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "بەداخەوە تاوەکو ئێستا [لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕی] جێبەجێ نەکراون و ئێمە لە هەوڵداین کە ئەو خاڵانە وەک خۆی جێبەجێ بکرێن بۆئەوەی یەکێتی ناچارنەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە هەڵوێست وەربگرێت لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە رۆڵی لایەنە عێراقییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرش و پەلاماردانانەی کە بوونەتە مایەی ههڕهشه بۆسەر هێزهكانی ئەمریکا و هاوپهیمانیی نێودهوڵهتی دژی داعش و بەردەوامی ئەرکی ئەو هێزانەش بە گرن دەزانن لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ دەیڤد کۆپلی هاوڕا بوون لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ههڵبژاردنه پێشوهختهكانی داهاتووی عێراق.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، جەخت لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوەتەوە و لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هەنگاوی باش نراون بەرەو رێککەوتن، بە پەسندکردنی بودجەی 2021 ئایندەیەکی باش بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا دەڕەخسێنێت".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق