ڕاپۆرت: چ بەرەیەك براوە دەبێت

ليست هناك تعليقات

لەگۆڕەپانى سیاسى ئێستای عێراقدا دوو بەرەی بەهێز ئاڕاستەى رووداوەکان دەکەن و رۆڵ دەگێڕن کە ئەوانیش بەرەى سپی و بەرەى رەشن و ، هەریەک لەم دوو بەرەیە خاوەن ئەجنداو ستراتیژى خۆیانن و دەیانەوێت کار لەسەر بەرەى سێیەم بکەن کە بەبەرەی خۆڵە مێشی ناسراوە.

بەرەى سپی
ئەم بەرەیە هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران و عەلی سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکان و بەشێک لەلایەن و هێزە سیاسی و رێکخراوە مەدەنى و کەسایەتییە سەربەخۆکان و نوێنەرانى شەقام و بەشێک لە لایەنە کوردییەکان پێکهاتووە.

هەرچەندە ئەم بەرەیە تواناکانى دەوڵەت و پشتیوانى مەرجەعیەتى بەدەستەوەیە، بەڵام بەدەست بەرەى رەشەوە گیرى خواردوە بەجۆرێک نە دەتوانرێت فەرامۆش بکرێن و چاوپۆشیان لێ بکرێن نە دەتوانرێت هێزى سەربازى لەدژیان بەکاربهێنرێت.

بەرەی سپی ماوەیەکە جوڵە سیاسییەکانیان لەناوخۆو دەرەوە دەستپیکردوەو لە بەدەستهێنانى پشتیوانى و متمانەى ئەمریکاو ئەوروپاو بەشێک لە وڵاتانى کەنداو سەرکەوتوو بوون، ئەوەش گەرنتیەکى تاڕادەیەک هیوا بەخشە بۆ دواى هەڵبژاردنەکانى مانگى ئەیلولى ساڵى داهاتوو.

بەرەى رەش

ئەم بەرەیەش لە هێزە شیعەکان و گروپە ملیشیاکانی نزیک لە ئێران و بەشێک لە سوونەکان و هەندێک لە لایەنە کوردییەکان کە نوێنەرایەتیان نادیارە و خاوەندارییەتیان نیە پیکدێت.

بەرەى رەش کە هەریەک لە هادى عامرى و قەیس غەزلی عەلى و نورى مالیکى و حەیدەر عەبادى و فالح فەیاز سەرکردایەتى دەکەن جوڵەکانیان بەنهێنی و کۆبوونەوەی داخراو و سەردانى نهێنى ئەنجام دەدەن، بەکارهێنانى هێزى سەربازى و جوڵاندنى گروپە ملیشیاکانیان لەدژى ئەمریکاو هاوپەیمانان و راکێشانی زیاترى ئێران بۆ ناو عێراق بەشیکە لەو جوڵانەى دەستیان پێکردوە.

ئەم بەرەیە چەند وڵاتێکى ناوچەکە پشتیوانیان دەکەن و لەناوخۆش هێزى زۆریان هەیە و خاوەن کورسى زۆرى پەرلەمانن و بەشێک لەئیدارەى دەوڵەت بەدەستیانەوە و لەتوانایاندایە بەکودەتای سەربازى و جوڵاندنى شەقام هەرەشە لەبارى ئەمنى بکەن و تواناو هەوڵەکانى حکومەت پەکبخەن 

بەرەى خۆڵەمێشی

ئەم بەرەیە لە شەقام و دەنگدەران پیکهاتووە کە لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوەو بەدواى تولە رێگاکانى گۆڕانکاریدا وێڵن، بەڵام ئەوان لە رۆژی هەڵبژاردندا دەتوانن گۆڕانکارى گەورە دروست بکەن و هەموو هاوکێشەکان هەڵوەشێننەوەو هاوکێشەى نوێ دروست بکەن.

خەڵک و شەقام و کەسایەتیە سەربەخۆکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی و رۆشنبیران کەوتوونەتە ئەم بەرەیەو لەچاوەڕوانی ناکۆکى و ململانێیەکانى بەرەى رەش و سپیدا ماونەتەوە.

بەرەى سپی هەر لەسەرەتاوە پشتیوانى خۆی بۆ شەقام راگەیاندوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەکردەوە چەندین هانگاوى گرنگى ناوە بۆ رازیکردنیان بەنموونە مانگى رابردوو سەرۆک وەزیران سەرجەم خۆپیشاندەرە کوژراوەکانى بە شەهیدى دەوڵەت لە قەڵەمدا بە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانیانەوەو ئەرکى خەرجى بریندارەکانیشی گرتە ئەستۆ و هەندێکیشیانى بۆ چارەسەر رەوانەى دەرەوە کرد، وەک نیەت پاکیش ژمارەیەک لەبەرپرسە کەمتەرخەمەکان لەگەڵ تەقەکەران دەستگیرکردوە و لەکارەکانیان دوورخرانەوە و هەموو ئەو کارانەش بە هەنگاوەکانی بەرەی سپی ناو دەبرێن بە سەرکردایەتی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و مەرجەعی باڵا.

ئەگەرەکانی بەردەم هەڵبژاردن...

لەئێستادا ئەو پرسیارە هاتووەتە پێشەوە کە ئایا عێراقی دواى هەلبژاردنەکان چی لێدێت و چی گۆڕانکارییەک روودەدات؟

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن عێراق لەبەردەم دوو ئەگەرى دژبەیەکدایە

یەکەمیان، حکومەتى عێراق دوای هەڵبژاردنەکان دەتوانێت ئاسەوارى ناکۆکییەکان بسڕێتەوە ئەوەش بەگرتنەدەستى هێزى سەربازى و ئەمنی و کۆنترۆڵکردنى حەشدى شەعبی، هەروەها ئەنجامدانى چاکسازى لە ئیدارەو حکومڕانى و دادگایکردنى گەندەڵکاران.

ئەگەرچى مەرج نیە لە پێش هەڵبژاردنەکانەوە بەرەى سپی هەموو شتەکان کۆنترۆڵ بکات و لیستى هەڵبژاردن یان بەرەیەکى تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام ئەو ئەگەرەش هەیە کە دواى هەڵبژاردن پەنا بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیەتى یان بەرەیەکى نوێ ببرێت.

ئەگەرى دووەمیشیان ئەوەیە عێراق بخرێتە کێشەیەکى هەرێمایەتیی و جیهانییەوە بەجۆرێک عێراق ببێتە گۆڕەپانى یەکلاییکردنەوەى کێشەکان نێوان وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لەلایەک و ئێران و هێزە ملیشیاکانى تر لەلایەکى دیکەوە.

لەئێستادا بەرەى سپی لەوانە پێکدێت کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد لەوادەى خۆیداو بەچاودێرى نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرێوە بچێت، هەروەها دەیەوێت چەک بکەوێتەوە دەست دەوڵەت و هێزێکى نیشتیمانى لە هەموو پێکهاتەکانى عێراق دروست بکرێت.

لەبەرامبەردا بەرەى رەش کار بۆ ئەوە دەکەن هەڵبژاردن دوابخەن یان لە دۆخێکدا بکرێت کە دەرفەتى ساختەکارى و دەستکاریکردنى دەنگەکانیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێ دیمەنی سەربازى باڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا بکشێت و هێزەکانیان بەکاربهێنن بۆ ململانێی سیاسى و چاوترسانى هێزو لایەنە سیاسیەکانى بەرامبەر، بۆ ئەوەش لەرێی کوتلەکانیانەوە لە پەرلەمان چەند پڕۆژەیەکیان بۆ پەکخستنى هەلبژاردنەکان لەوادەى خۆیدا ئامادە کردوە.
ڕاپۆرتی شارپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif