عێراق ئەمساڵیش جارێکی دیکە لەپاڵ ئێران و کۆریای باکوور و چەند وڵاتێکی دیکە خرایە لیستی یەکێتیی ئەوروپا، تایبەت بەو وڵاتانەی زۆر مەترسیدارن لە رووی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
یەکێک لەو بابەتانەی کە گومان دەکرێ بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاربهێندرێت مەزادی رۆژانەی فرۆشتنی دراوە لە بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام شارەزایەک دەڵێت: یەکێتی ئەوروپا پشت بە بۆچوونی بەرپرسانی عێراق دەبەستێت.
ماجد سووڕی، شارەزای ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق هەنگاوی باشی ناوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، هاوکات پابەندبوون بەو پۆلێنە بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ناچاری نییە، بەڵام ئەو پۆلێنە بۆ وەبەرهێنەرانە، کە هەر لە بنەڕەتدا بەهۆی گەندەڵی و رەوشی سیاسی روو لە عێراق ناکەن، ئەوەشی زۆر کاریگەریی هەیە لە دەرکردنی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان لێدوانی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکومەتە سەبارەت بە تەشەنەکردنی گەندەڵی لە عێراق، بۆیە پێشبینی دەکەین عێراق لەو لیستە دەربکرێ، بەڵام نازانین ئەوە کەی روودەدات".
یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئامانج لە دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتانە، رێگرتنە لە کاریگەریی مەترسیداری ئەو وڵاتانە لەسەر سیستمی دارایی ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەش عێراق گەشبینە بە دەرکردنی لەو لیستە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشتر رایگەیاند بوو، عێراق پاڵپشتی ئەوروپای بەدەستهێنا بۆ ئەوەی بەمزووانە لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان دەربهێندرێت.ئەنجوومەنی ئاسایش رازی بوو لە کۆی 230 کۆمپانیا و دامەزراوەی عێراقی 169یان دەست بە چالاکی بکەنەوە، هەڵگرتنی سزای قەدەخە لەسەر ئەو دامەزراوانە بەهۆی راستکردنەوەی کارەکانیان بوو.
شارەزایان دەڵێن تاکە رێگا لە بەردەم عێراق بۆ دەرچوون لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانە، کە یەکێتیی ئەوروپا بە هەڕەشەیان دەزانێ بۆ سەر وەبەرهێنەران لە عێراق.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق