بزوتنەوەی تاڵیبان پشتگیری دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات وتەبێژی بزوتنەوەکەش دەڵێت، "کاتێک بیستمان دۆناڵد ترەمپ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە نیگەرانی تەندروستی بووین."
زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ئەمریکیدا رایگەیاند، "بزوتنەوەکەمان هیواخوازە ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا سەربکەوێتەوە و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستاندا بکشێنێتەوە."
باسی لەوەشکردووە، "کاتێک بیستمان دۆناڵد ترەمپ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە نیگەرانی تەندروستی بووین، بەڵام ئێستا وادەردەکەوێت تەندروستی باش بێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ترەمپ لە سەرەتایی دەستبەکاربوونییەوە دروشمی ئەوە بووە، کە ئەوان پۆلیسی جیهان نین، بەڵکو لە پێشینەی ئەوان ئەمریکا و ئەمریکییەکانن."
هاوکات، ئەندامێکی دیکەی تاڵیبان بە میدیاکانی راگەیاندووە، "ترەمپ لەوە راستگۆتربوو کە بیرمان لێدەکردەوە، زۆر سەرسام بووین بەو پێشنیازەی کە بۆ دیداری پێشکەشیکرد."
دەشڵێت، "لەوانەیە ترەمپ بۆ هەموو جیهان پیاوێکی پێکەنیناوی بێت، بەڵام لەلای ئێمە پیاوێکی ژیر و هۆشمەندە."
لە ساڵی ٢٠١٦دا، کاتێک ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان نزیکەی ١٠ هەزار سەرباز بوو، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بڕیارە ژمارەی سەربازەکانیان لە ساڵی داهاتوودا بۆ نزیکەی دوو هەزار ٥٠٠ سەرباز کەمبکەنەوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق