پرۆژەی 9 بەنداوی گەورە و ستراتیژی ئامادەکراون

ليست هناك تعليقات


وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پرۆژەی 9 بەنداوی گەورە و ستراتیژی ئامادەکراون و بۆ جێبەجێکردنیان پێویستیان بە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووە. هەروەها رایگەیاند، بەردی بناخەی کارگەی شەکری چەوەندەر دادەنرێت، کە ئەو پرۆژەیە لەگەڵ پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران پێکەوە 8 هەزار هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە دووەم رۆژی ڤیدیۆ کۆنفرانسی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کرا لەبارەی پێشینەکانی ئاسایشی خۆراک و داهاتووی هاوبەشی وزەی ئەمریکا و عێراق.

بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمە نێوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوون لە ساڵانی رابردوو، حکومەتیش بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران چەند پرۆژەیەکی دەستپێکردووە. ئەو پرۆژانەی وەزیری کشتوکاڵ بە "گرنگ" باسی کردن، یەکێکیان پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران بووە، کە حکومەت لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران دەکڕێتەوە، لەڕێگەی 13 کارگەی جۆراوجۆر بەرهەمی گەنمەکە دەفرۆشێتەوە. پرۆژەکەی دیکەش دانانی بەردی بناخەی کارگەی شەکری چەوەندەرە و گوتی: "لە چەند رۆژی ئایندە دادەنرێت، کە بە هەردوو پرۆژەکە 8 هەزار جووتیار دەخەنە سەر کار و هەزاران هەلی کاری نوێ دەڕەخسێت".

لەبارەی پێویستیی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی کۆمپانیا گەورەکان، بەتایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ سەرمایەگوزاری و هاوردەکردنی تەکنەلۆجیای نوێی کشتوکاڵی، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "هەرێمی کوردستان وەکو کەرەستەیەکی خام وایە بۆ ئەو وڵاتانەی بیانەوێت بەرهەمهێنان بکەن، بەرهەمی کشتوکاڵیمان زۆرە، بەڵام کێشەی بەبازاڕکردنیمان هەیە، بۆیە ئەمریکا و ئەو سەرمایەدارانەی ئەو وڵاتە دەتوانن سەرمایەداری بکەن لە کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا". جەختیشیکردەوە، ئاسانکاری دەکەن بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنە بیانییەکان و زەوییان بۆ تەرخاندەکەن.

"پرۆژەی 9 بەنداوی گەورە و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکراون و پێویستمان بە ئەزموونی وڵاتان دەبێت"، ئەمە قسەی بێگەرد تاڵەبانی بوو لەبارەی ستراتیژی کاری حکومەت لە داهاتوودا. راشیگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی داواکاریی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت کار لەو بەنداوانەدا بکەن. یەکێکی دیکە لەو پرۆژانەی وەزیری کشتوکاڵ باسی کرد، پرۆژەی راکێشانی ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سەرچاوەی ئاوی رووبارەکانەوە، ئەوەش بۆئەوەی خۆیان ئامادەبکەن بۆ قەیرانی چاوەڕوانکراوی بەبیابانبوون. بۆیە دەڵێت "بۆ هەموو ئەو پرۆژانە پێویستمان بە پاڵپشتیی سەرمایەگوزاریی ئەمریکایە".

بێگەرد تاڵەبانی لەو کۆنفرانسەدا روونیکردەوە، وەزارەتەکەی بۆ پاڵپشتیی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری لە کشتوکاڵدا بکەن، باجیان بەرزکردووەتەوە لەسەر بەرهەمی هاوردەکراو، "ئەوەش کاریگەر دەبێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ، بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو بەرهەمانەشمان هەن، کە خۆمان دەتوانین پێداویستیی ناوخۆیان پێ پڕبکەینەوە".

بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، "لە داهاتوویەکی نزیکدا"، هەردوو کارگەی دۆشاوی هەریر و شارەزوور بەگەڕدەخرێنەوە، بنەتۆی دەدەنێ و بەرهەمی جووتیارانیش هەر لەوێ ساخ دەکرێنەوە، پێویست بکات باج لەسەر بەرهەمی تەماتە زیاد دەکەن بۆ پاڵپشتیی ئەو کارگانە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif