لە راگەیێندراوێکی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە، هێزێکی پێشمەرگە ویستوویەتی "بچنە نێو کامپێکمان لە گارە"، بۆیە ئەوانیش دوو مینیان تەقاندووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هێزەکەی پێشمەرگە و دەشڵێت، شەڕیان نەکردووە و چەکیان بەکارنەهێناوە.
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا ئەو هێزەی پێشمەرگەی بە هێزێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوبردووە و دەڵێت، ویستوویانە بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بچنە ناو کامپێکیان لە گارە، بۆیە ئەوانیش دوو مینیان تەقاندووەتەوە بۆ وەستاندنی هێزەکەی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ 4ی تشرینی دووەمی 2020 لە ناحیەی چەمانکێی قەزای ئامێدی، بە گوتەی سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی تێپەڕبوونی "هێزێكی زێرەڤانی" بە ناوچەکە، بۆمبێکی چێندراو بە هەمەرێکدا تەقێندراوەتەوە و دواتریش گەریلاکانی پەکەکە تەقەیان لە پێشمەرگە کردووە. هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "شەڕمان نەکردووە و چەکمان بەکارنەهێناوە".
هەر لەو راگەیێندراوەی هەپەگەدا هاتووە "ئێمە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کوردستان نامانەوێت شەڕ رووبدات و ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا رادەگەیێنین".
لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی ئیدانەی رووداوەکەی چەمانکێی کرد و رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە" و راشیدەگەیێنێت "لەم چوارچێوەیەدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە تووندی ئیدانە دەکەین و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدەین."
هاوکات رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان "هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژی و خۆبەخۆیی تەحریم و تەجریم کردووە و وەکو تاوانێک دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاکی کوردستان دەیبینێت، و بۆ ھەردۆخێکی گرژی و لەساتی بوونی ھەر کێشەیەکیشدا رێگەی دیالۆگی کردووە بە بژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەکان".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق