لە پارێزگای بینگۆل ئەو هەنگانەی كە پورەكان جێدەهێڵن و لەنێو قەدی درەختەكان و نێوان تاشەبەردەكاندا لانەی نوێ بۆ خۆیان دروست دەكەن، هەنگوینەكەیان لەلایەن "راوچییانی هەنگوین"ەوە دەردەهێنرێت دوای ئەوەی كە لە قەراغی ئاوەكانەوە شوێنیان دەكەون تا دەگەن بە لانەكانیان.
"راوچییانی هەنگوین" لە گوندی ئوچگول سەربە قەزای گەنج له سنووری پارێزگای بینگۆل و ئاوایی گوزەلجە سەربە گوندی كالەدیب لە قەزای خانی لە سنووری پارێزگای دیاربەكر، لەگەڵ فێنك بوونی كەشوهەوادا، دەست بە راوی هەنگوین دەكەن.
"راوچییانی هەنگ" لە دەورووبەری چەمەكاندا خۆیان بۆ هەنگەكان دەنێنەوە و دەست بە چاودێرییكردنیان دەكەن، سەرەتا ئەو درەخت و تاشە بەردانە دەست نیشان دەكەن كە هەنگەكان لانەیان تیادا كردووە. راوچییان دواتر ئەو لانانە دەست نیشان دەكەن، كاتێك كە وەرزی بڕینی هەنگوین دێت، دەچنە ناوچەكە و ئەو هەنگوینەی كە هەنگەكان بەرهەمیان هێناوە، كۆدەكەنەوە.
كاتی كۆكردنەوەی هەنگوینەكە، بۆ ئەوەی كە هەنگەكان پێوەیان نەدەن، راوچییەكان دەمی لانەی هەنگەكان بە گەڵا دەگرن و دواتر بە هەستیاریی و بێ ئەوەی زیان بە شانەكان و هەنگەكان بگەیەنن، دارەكە دادەتاشن و هەنگوینەكە دەردەهێنن، هەنگەكانیش دەكەنە نێو پورەكان و دەیانبەن.
"راوچی هەنگوین"، مەهمەت یەلەچ كە لە ئاوایی گوزەلجە دەژی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، باسی لەوه كرد كە لەڕێگەی كاركردن لە پرۆژەكانی بیناسازییدا هەوڵ دەدات بژێویی خێزانەكەی دەستەبەر بكات و لەو كاتانەشیدا كە دەستی بەتاڵە، هەوڵ دەدات لەڕێگەی "راوكردنی هەنگوین"ەوە، خولیاكانی بەدی بهێنێت.
مەهمەت یەلەچ باسی لەوە كرد بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە كارناكەن لە دارستانەكاندا دەگەڕێن و بەدوای هەنگەكاندا دەچن بۆ ئەوەی بگەنە لانەكانیان و هەندێك جار ئەم كارانە چەندین هەفتە دەخایەنێت و گوتی: "ئەم كارە قورسه، بەڵام پڕچێژە و لەم وەرزەدا كە كەشوهەوا فێنكە، بێ ئەوەی زیان بە هەنگەكان و دارستانەكانمان بگەیەنین، درەختەكان دەتاشین، هەنگوینەكەمان دەردەهێنین و هەنگەكان كۆدەكەینەوە. بەوشێوەیەش دەیانبەین و لە پورەكانیان دەنێین. بەر لەوەی دەست بە هەڵكۆڵینی دارەكە بكەین، دەروازەی لانەكە دادەخەین، بۆ ئەوەیش كە هەنگەكان هێرش نەهێنن و هێمن ببنەوە، كەمێك دووكەڵ دەكەین بەنێو لانەكەدا. كە هەنگەكان ئارام بوونەوە، هەنگوینەكە دەردەهێنین. هەندێك جار هەنگەكان پێوەمان نادەن و ئارامن، بەڵام هەندێك جاری دیكە چەندیش رێكار بگرینەبەر، دیسان هەر پێوەمان دەدەن. ئەگەرچی قورسە، بەڵام جوانترین و شیرینترین راوە لە جیهاندا".
مەهمەت یەلەچ باسی لەوەیش كرد تا ئێستا بە لایەنی زۆرەوە ٢٠ كیلۆگرام هەنگوینی لەو درەختانە دەرهێناوە كە دەستنیشانی كردوون و هەندێك جاریش درەختەكان هەنگوینیان تیادا نییە.
تیشكی خستەسەر ئەوەیش كە یەك كیلۆگرامی هەنگوینەكە كە دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر دەریدەهێنن، بە 500 لیرە (نزیكەی 70 دۆلار) دەفرۆشن.
"راوچی هەنگوین"، لوتفو كاراباجاك كە دانیشتووی گوندی ئوچگول سەربە قەزای گەنج-ە، ئاماژەی بەوە كرد كە ماوەی 10 ساڵە بەدوای هەنگوینی كێوییدا دەگەڕێت.
لوتفو كاراباجاك باسی لەوە كرد ئەو هەنگوینەی ئەوان دەیدۆزنەوە سروشتی و بێ فێڵە و كڕیاریشی بەر لە دۆزینەوەی هەنگوینەكە ئامادەیە.
كاراباجاك ئاماژەی بەوە كرد هەر لە بەهارەوە دەست بە گەڕان بەدوای لانەی ئەو هەنگانە دەكەن كە پورەكان جێدەهێڵن و گوتی: "هەنگی قاچاخ دێنە سەر ئاوەكان بۆ ئاو خواردنەوە. ئێمەش بەشوێن هەنگەكاندا دەچین. هەندێك جار زوو لانەكانیان دەدۆزینەوە و هەندێك جاریش چەندین رۆژی پێدەچێت".
لای خۆیەوە ڤەیسی كەلەش، باسی لەوه كرد لەڕێگەی ئەو كارەی دەیكەن، ئەو درەختانەی كە رزیون پاك دەكەنەوە و ژیان بە بەری دارستانەكەدا دەكەنەوە و رێگە لە لەناوچوونی هەنگەكان دەگرن لەڕێگەی ئەوەی كه دەیانخەنەوە نێو پورەكان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق