دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەکرێت

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەوەکالەت رایدەگەییێنێت، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەکەن. 

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەوەکالەت و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر،  لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئەو نیگەرانییەی لەلایەن جووتیارانەوە هەیە، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەو رێژەیەی سەپێندراوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا زانستی نییە و "ستەمێکی ئاشکرایە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

بە گوتەی هێمن موراد، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە حکومەتی عێراق نابەستێت، بەڵکو لە پلانیدایە بۆ ئەمساڵ 3 سایلۆ دروست بکات، چەند پرۆژەیەکیش لە پەنای ئەو سایلۆیانە دەکرێن.

بەڕێوەبەری بە وەکالەتی سایلۆی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، کە سایلۆی هەولێر لە توانایدایە "140 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، لە هەمانکاتدا بۆ سەری ساڵ سایلۆی دووەممان لە هەولێر تەواو دەبێت کە لەنزیک قوشتەپەیە، کە ئەویش توانای هەڵگرتنی 60 هەزار تۆن گەنمی هەیە، واتە هەولێر دەتوانێت 200 هەزار تۆن گەنم بە شێوەیەکی زانستی عەمبار بکات".

لەبارەی گەیشتنی سێ ملیار دینارەکەی جووتیارانی کوردستان، کە بڕیاربوو پێش چەند رۆژێک بنێردرێت، هێمن سەید موراد گوتی: "داخەوە زۆر بە سستی دێت، ئەو سستیەش لەو گرفتە ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە کە رووی لە عێراق کردووە و کاریگەری خراپی لەسەر خەرجکردنی ئەو شایستە داراییە هەبووە". ئەو پارەیەی دێت تەنیا هی ساڵی 2020ـە، تاوەکو ئێستا نزیک بە 21٪ی شایستە داراییەکانی جووتیاران هاتووە. گوتیشی: "بڕیارە لەو چەند رۆژە پارەکە بگاتە دەستمان، ئێستا چەکەکانیان ناردووە و لەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی دەکەین، بۆ هەولێر ملیارێک و بۆ سلێمانی و دهۆکیش نزیک لەو بڕە پارەیە".

وەرزی چاندنی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە ، بەڵام جووتیاران تاوەکو ئێستا پارەی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 3 ملیۆن و 585 هەزار دۆنم زەوی لە کوردستان بەگەنم بچێندرێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، رووبەری چێندراوی گەنم لە هەرێمی كوردستان ساڵ بەساڵ لەزیادبووندایە، بە جۆرێك رووبەری چێندراوی ساڵی رابردوو بەراورد بە 7 ساڵی رابردوو بە رێژەی 19.4% زیادیكردووە. لە 2 ملیۆن و 660 هەزار و 297 دۆنمەوە بۆ 3 ملیۆن و 303 هەزار و 47 دۆنم زیادبووە.

پێشبینیدەکرێت لە هەولێر ملیۆنێک و 114 هەزار دۆنم و لە سلێمانی ئیدارەی گەرمیان و راپەرین ملیۆنێک و 502 هەزار و لە دهۆک 890 هەزار 469 دۆنم و لە هەڵەبجەش 77 هەزار 255 دۆنم زەوی بە گەنم بچێندرێن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif