حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "نیگەرانیی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕین"، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەستخۆشی لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە هەڵوێستی یەکگرتوویان بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی دەربڕیوە.
لە دەقی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەردەوام و هەمیشە، ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش، چەندین جار نیازپاکیی خۆی نیشانداوە و سەردانی بەغدای کردووە، چەندین لەیەکگەیشتن و رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی پێشوو و ئێستا هاتە ئاراوە، حکومەتی هەرێم هەمیشە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو "ئێمە لەکاتێکدا داکۆکی لە مافی رەوای خەڵکی کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت".
بڕیارە بەمنزیکانە کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجامبدرێت و هەڵوێستی فەرمی و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان رابگەیێندرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، دوای کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، محەممەد حەلبووسی لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەی دەنگدان لەسەر یاساکە رایگەیاند "یاساکە بە تەوافوق یان بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێت".
دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسندکرا، پێشبینیش دەکرێت دوای پەسندکردنی یاساکە راستەوخۆ حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق